سالار محمود
-
"دروشمە باڵاکانی هەڵبژاردن تا رۆژی دەنگدان بەرز رادەگیرێن، دواتر نزم دەنیشنەوەو دەکەونە ژێر مەلەفی دانوستانی پۆست و بەرژەوەندیە حزبیی و کەسیەکانەوە"
لایەنە کوردستانیەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق هەر یەکەو بە دروشمێک چوونەتە ناو گۆڕەپانی بانگەشە کردن.
دروشمەکان هەڵگری روانگەی بانگەشەکاری لایەنەکانن، بەڵام هەمیشە بەرنامەو دروشم پێویستە واقعی بن و لەگەڵ کردەو دیدگای لایەنەکان رەنگ بدەنەوە. لەوەش گرنگترو بەبنەماگرتن ئەوەیە جێبەجێ ببن و هەنگاوی کرداریان بۆ بنرێت.
یەکێتی و گۆڕان لە هەنگاوێکی ئەرێنیدا هاوپەیمانیان راگەیاندوەو، بە دروشمی " بەیەکەوە بەهێزترین" دەستیان بەبانگەشە کردوەو، وێنەی هەردوو سەرکردە (مام جەلال و کاک نەوشیروان) لەباگەشەکەدا بەکاردێنن. بەدەر لەهەرێم گرنگی ئەم هاوپەیمانیە لەوەدایە لەناوچە دابڕاوەکان پێکەوەن. دەبوو هەموو لایەنە کوردستانیەکان لەناو یەک هاوپەیمانیدا بوونایە. چونکە سیستەمی هەڵبژاردنی ئەم خولە بەجۆرێکە دەنگی تێدا زۆر دەفەوتێ بە پەرتی.
بەم میکانیزمە هاوپەیمانی کوردستان لە سلێمانی و کەرکوک براوە دەبێت.
پارتی وەک لیستێکی رکابەری یەکێتی و گۆڕان بە "بونیادنانی کوردستانێکی بەهێز" بەشداری هەڵبژاردنەکە دەکات. جگە لە هەرێم و ناوچە دابڕاوەکان لە ئەنبارو بەغداش کاندیدی داناوە. بە پێچەوانەی خولی پێشوو ئەم جارە چۆتەوە کەرکوک و لەوێش بەشدارە.
پارتی لە دهۆک و هەولێر براوە دەبێت.
دروشمی ئەم دوو لیستەی سەرەوە نزیکە لەیەکەوە هەردوو لایەن بانگەشەی بەهێز بوون دەکەن، بەڵام مەرجی بەهێزیی یەکبونە لانی کەم دەبوو لە لەناوچە دابڕاوەکان ئەوەیان بکردایەو، نەیان کرد.
گرنگ ئەوەیە بتوانن بە پێچەوانەی زۆربەی خولەکانی رابردوو دەرس لەهەڵەکان وەربگیرێ و وەک دواین هەلی پرۆسەی خەباتی پەرلەمانی فراکسیۆنێکی هاوبەش دروست بکەن.
نەوەی نوێ وەک لایەنێکی نوێ و بەشدار، بەدروشمی
"سەردەمی نەوەی نوێیە" چۆتە ناو بانگەشەوە. گوتارەکانی دژ بە سیاسەتی هەردوو پارتی دەسەڵاتداری کوردستانە. تەکنیکی قۆستنەوەی دەنگە ناڕازیەکانی هەرێم لە حکومەتی کوردستان و دەسەڵات بەکار دەهێنێت.
کۆمەڵی دادگەری دوای لێکردنەوەی پاشگری ئیسلامی لە حزبەکەیان یەکەم جارە بەشدار دەبێ لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق بەو ناوە نوێیەوە، بە دروشمی "بۆ دادگەری لەگەڵمان بن". ئەم لایەنە لێک گەیشتنی لەگەڵ هاوپەیمانی کوردستان کردوە لە بازنەکانی هەڵبژاردندا. ئەم هەنگاوەی کۆمەڵی دادگەری و یەکگرتووی ئیسلامیش یارمەتیدەری هاوپەیمانێتی فراکسیۆنەکانیانە
لەگەڵ هاوپەیمانی کوردستان، لەخولی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەران.
یەکگرتووی ئیسلامی بەمیکانیزمێکی جیاواز بەشدارە لەهەڵبژاردنەکە. بۆیە دروشمێکی مەرکەزی گشتگیری نیە. تەنیا بەکاندید چۆتە ناو پرۆسەکەوە. چونکە یاسای هەڵبژاردن لەبەر ئەوەی سیستەمی تاکەکەسیە، دەرفەت دەدات.
ئاکام بە خوێندنەوەی دروشمەکان و ململانێی دوای ئەنجامەکانی هەڵبژاردن لەسەر پۆستەکانی بەغدا بە دور دەزانرێت پارتی بچێتە ناو ئەو هاوپەیمانێتیەی یەکێتی و گۆڕان پێکەوەو، بە لێکگەیشتن لەگەڵ کۆمەڵی دادگەری و یەکگروتوی ئیسلامی زەمینەیان بۆ سازاندوە.
هیوا خواستن شتێکەو قوتاربون لە گۆشەی تەسکی حزبیی و شەڕی پۆست شتێکی تر.
کە وەک رابردوو دروشمە باڵاکانی هەڵبژاردن تا رۆژی دەنگدان بەرز رادەگیرێن و دواتر نزم دەنیشنەوەو دەکەونە ژێر مەلەفی دانوستانی پۆست و بەرژەوەندیە حزبیی و کەسیەکانەوە.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق