عارف قوربانی
هه‌ر له‌وكاته‌وه‌ی له‌ژێر گوشاری ناڕه‌زایه‌تیی خۆپێشانده‌رانی پارێزگا شیعه‌نشینه‌كان عێراق ناچار بوو بڕیاری هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته بدات، له‌و كاته‌وه تا ئه‌ندازه‌یه‌ك دابه‌شبوونی هێزه سیاسییه‌كان به‌سه‌ر دوو هاوپه‌یمانێتی رانه‌گه‌یێندراودا ده‌ركه‌وتن. ئه‌گه‌ر چاوێك به هه‌واڵ و راپۆرتی میدیا عێراقییه‌كاندا بخشێنینه‌وه له‌ماوه‌ی ساڵی رابردوودا زۆر بابه‌تمان به‌رچاو ده‌كه‌وێت باس له رێككه‌وتنی پێشوه‌خته‌ی نێوان لایه‌نه‌كان و دابه‌شبوونیان به‌سه‌ر ئه‌و دوو جه‌مسه‌ره‌ی شیعه‌دا ده‌كات كه یه‌كیان عه‌ممار حه‌كیم سه‌ركردایه‌تی ده‌كرد و ئه‌وی دیكه‌یان موقته‌دا سه‌در. له‌نێو ماڵی كوردی و له میدیای كوردستانیشدا چی وه‌ك هه‌واڵ و زانیاری و چی وه‌ك ره‌خنه له‌وه‌ی كورد ببێته به‌شێك له‌و دابه‌شكارییه، قسه‌ی زۆر هه‌بوون كه پارتی بووه‌ته به‌شێك له به‌ره‌ی سه‌در و یه‌كێتیش له به‌ره‌ی حه‌كیم.
ته‌نانه‌ت له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و میدیا ره‌سمییه‌كانیش باس له‌وه ده‌كرا سه‌رۆكوه‌زیران و سه‌رۆككۆمار ده‌ستیان له دیزاینی هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌ی حه‌كیمدا هه‌یه، پێیان وابوو عه‌ممار حه‌كیم ده‌بێته چه‌ترێكی نیشتمانی بۆ به‌شێكی زۆری هێزه عێراقییه‌كان و ده‌بنه براوه‌ی یه‌كه‌می هه‌ڵبژاردن و نه‌خشه‌ی داهاتووی عێراق ئه‌وان دایده‌ڕێژن. سه‌رۆككۆمار له رێگه‌ی لاهوور شێخ جه‌نگییه‌وه زۆر زوو (یه‌كێتی) بۆ ژێر عه‌باكه‌ی حه‌كیم په‌لكێشكرد و به‌و هاوپه‌یمانێتییه‌ی له كوردستان له‌گه‌ڵ گۆڕان دروستیان كرد چاویان له‌وه بوو زۆرینه‌ی كورسییه‌كان ده‌به‌نه‌وه. هه‌روه‌ها پێیان وابوو عه‌بادی گسگ له ده‌نگده‌ری شیعه‌كان ده‌دات و به‌ره‌ی حه‌یده‌ر و عه‌ممار ده‌بنه هێزی براوه‌ی یه‌كه‌می شیعه‌كان، به‌ڵام ئێستا به حه‌كیم و عه‌بادی ته‌نیا چوار كورسییان هێناوه.
لە به‌رانبه‌ردا زۆرێك له چاودێران پێیان وابوو له هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ی عێراقدا سه‌در براوه‌ی یه‌كه‌می هه‌ڵبژاردن ده‌بێت، حه‌لبووسی له سوننه‌كان و پارتیش له هه‌رێمه‌وه خۆیان به سه‌دره‌وه گرێدا. ئێستا دوای تێپه‌ڕبوونی هه‌فته‌یه‌ك به‌سه‌ر پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردندا، كۆمیسیۆنی سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق ئه‌نجامی كۆتایی راگه‌یاند، به‌پێی ئه‌و ئه‌نجامانه‌ش سه‌در لەنێو هێزه شیعییه‌كان و حه‌لبووسی له‌نێو سوننه‌كان و بارزانی له‌نێو كورده‌كان، هه‌ریه‌كه و یه‌كه‌می نێو پێكهاته‌كانی خۆیانن. ئه‌م سێ هێزه‌ش پێكه‌وه پێشتر جۆرێك هاوپه‌یمانێتی رانه‌گه‌یێندراویان هه‌بوو. واتا دابه‌شبوونی هێز و لایه‌نه عێراقییه‌كان زیاتر له ساڵێكه به‌سه‌ر دوو به‌ره‌دا سیماكانی ده‌ركه‌وتبوون، ئایا خۆیان لێك نزیككه‌وتبوونه‌وه یان وه‌ك ده‌گوترێت له ده‌ره‌وه‌ی عێراقه‌وه هێزگه‌لی دیكه ئه‌ندازیاری پێكه‌وه‌به‌ستنی ئه‌م هێزانه بوو؟
ئێستا وه‌ك ده‌رئه‌نجام هاوكێشه‌كان به‌و جۆره‌ن، هاوپه‌یمانێتییه‌ك كه موقته‌دا سه‌در رابه‌رایه‌تی ده‌كات به زۆرینه‌یه‌كی ره‌ها له پێش هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌ی دیكه‌وه‌یه كه خۆیان له عه‌باكه‌ی عه‌ممار حه‌كیم پێچابوو. ئیدی هه‌ندێك به شكستی به‌ره‌ی ئێران ناوی ده‌به‌ن و هه‌ندێك پێیان وایه پلانی توركیا، سعودیه و ئیماراتە. له كاتێكدا مه‌رج نییه ئه‌م دابه‌شكارییه وه‌ك خۆی بمێنێته‌وه. به‌تایبه‌تی دوای ئه‌وه‌ی له ده‌ره‌وه‌ی هه‌ردوو هاوپه‌یمانێتییه‌كه كاره‌كته‌رێكی دیكه‌ی وه‌ك مالیكی بووه‌ته‌وه هێزی دووه‌می نێو شیعه‌كان كه ئه‌گه‌ر نه‌شتوانێ ببێته‌وه بەربژێر بۆ وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆكوه‌زیران، ئه‌گه‌ری زۆره ببێته هۆكاری ئه‌وه‌ی سه‌رۆكوه‌زیران نه‌درێت به سه‌در، چونكه پێناچێت مه‌رجه‌عیه‌تی باڵای شیعه‌كانیش به‌وه ئاسوده‌بن كه سه‌در حكومه‌ت بگرێته‌ده‌ست و زه‌حمه‌ته سه‌دریش مل بدات جارێكی دیکە مالیكی بێته‌وه سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆی ده‌سه‌ڵات. بۆیه له‌و نێوه‌نده‌دا به‌دوور نازاندرێت بازه‌كه هه‌ر له‌سه‌ر كه‌سێكی بێ كورسی وه‌ك كازمیدا بنیشێته‌وه.
ئه‌وه‌ی بۆ كورد لێره‌دا گرنگه، هه‌رچه‌نده پێشتر بوونه‌تە به‌شێك له‌و دابه‌شكارییه‌ی نێو ماڵی شیعی، به‌ڵام ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ش هه‌یه دوای ده‌رئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستكه‌وت بۆ كورد نه‌ك بۆ حیزبه‌كان، ده‌توانن پێكه‌وه‌بن. ره‌نگه هاوكێشه‌كان به‌جۆرێك بن به‌شداریی كورد وه‌ك پێویستییه‌ك بۆ یه‌كلایكردنه‌وه‌ی كێشه‌كان له به‌غدا ببێته پێویستییه‌كی حه‌تمی، به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر كورد پێكه‌وه‌بن ئه‌مجاره رێژه و ژماره‌ی كورسییه‌كانیش 64 كورسین، ده‌توانن به‌پێگه‌یه‌كی به‌هێزتره‌وه بچنه نێو گفتوگۆكانه‌وه. ئه‌گه‌ر بتوانن به‌سه‌ر ناكۆكییه‌كانی نێوخۆدا زاڵ بن و دوور له به‌رژه‌وه‌ندیی ته‌سكی حیزبی له‌سه‌ر نه‌خشه‌یه‌ك بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی نێوان كورد و به‌غدا رێككه‌ون، به‌دوور نازاندرێت ئه‌و لایه‌نه‌ی شانسی پێكهێنانی حكومه‌تی ده‌درێتێ ناچار بێت به‌شێك له كێشه‌كان پێشوه‌خته چاره‌سه‌ر بكات، یان به‌ڵێنی دڵنیایی چاره‌سه‌ركردنیان به‌ده‌ستبهێندرێت. ئه‌ویش له‌رێگه‌ی ئه‌وه‌وه كه بكرێن به به‌شێك له كارنامه‌ی حكومه‌تی داهاتووی عێراق.
ده‌بێت بۆ ئه‌م مه‌به‌سته سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان زه‌مینه‌ی كۆكردنه‌وه‌ی پێنج هێزه سیاسییه‌كه‌ی هه‌رێمی کوردستان بڕه‌خسێنێت كه كورسییان به‌ده‌ستهێناوه بۆ به‌غدا. هه‌وڵبدرێت له‌سه‌ر نه‌خشه‌ڕێگەیه‌ك رێكبكه‌ون و ئه‌گه‌ر بشكرێت پێكه‌وه بچنه گفتوگۆوه ئه‌وه سه‌نگ و پێگه‌ی كورد به‌هێزتر ده‌كات له به‌ده‌ستهێنانی خواست و داواكارییه‌كانی كوردستان، چونكه هیچ كام له هێزه عێراقییه‌كان به‌بێ كورد به‌شی ئه‌وه ده‌نگی پێ كۆناكرێته‌وه بتوانێ حكومه‌ت پێكبهێنێت. ئه‌وه‌ی له سه‌رده‌می عه‌بادی روویدا و هیچ ئیعتیبارێك بۆ كورد دانه‌نرا له پێكهێنانی كابینه‌كه‌ی، دووباره نابێته‌وه.
بۆیه ئه‌گه‌ر به‌رپرسیارێتی نیشتمانی له‌به‌رچاو ده‌گرن و ده‌تانه‌وێ چاره‌سه‌ر بۆ ئه‌و كێشانه بدۆزنه‌وه كه بۆ كورد چاره‌نووسسازن له عێراق، ئه‌وه پێكه‌وه‌بوونتان زامنی به‌ده‌ستهێنانی زۆرترین داخوازییه‌كانتان ده‌كات، ئه‌مه وه‌كو هاوكێشه‌یه‌كی ماتماتیكی وایه ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ده‌ربه‌ستی چاره‌نووسی میلله‌تیش نین و چاوتان له به‌رژه‌وه‌ندیی حیزبی و شه‌خسییه، ئه‌وه هه‌ر ئه‌گه‌ر پێكه‌وه‌بن به‌دڵنیاییه‌وه زۆرترین ده‌ستكه‌وت و پۆست بۆ خۆتان و حیزبه‌كانتان به‌دی ده‌هێنن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر دابه‌شبن و ببن به ئامرازی ده‌ستی خه‌ڵكانی دیكه، ئه‌وه دڵنیابن ده‌ستكه‌وته‌كانیش بۆ ئه‌وانه‌یه كه به‌كارتان ده‌به‌ن.
له ئێستاوه ململانێ له‌نێوان سه‌در و مالیكی گه‌رم بووه و رۆژ له‌دوای رۆژیش تاوەکو ساتی به‌لاداكه‌وتنی هاوكێشه‌كه، ناكۆكییه‌كان و ململانێكانیان قوڵتر ده‌بێته‌وه، بۆیه بۆ كورد واباشه خۆی نه‌كات به قوربانی نه بۆ سه‌در و نه بۆ مالیكی، چونكه مه‌رج نییه هیچ كامیان شانسی ئه‌وه‌یان هه‌بێت حكومه‌ت پێكبهێنن و ره‌نگه بازه‌كه له‌سه‌ر سه‌ری كه‌سی دیکە بگه‌ڕێت. بۆ ئه‌وه‌ش كورد هه‌ر رۆڵی گه‌وره‌ی ده‌بێت. كه‌واتا ئه‌وه‌ی گرنگه كۆمه‌ڵێك مه‌رج و داخوازی بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان و به‌رژه‌وه‌ندیی خه‌ڵكی كوردستان بكه‌ن به مه‌رجی پێشوه‌خته و كێ زیاتری سه‌لماند و دڵنیایی زۆرتری ده‌سته‌به‌ركرد بۆ كورد له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دابن.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق