سەرۆکی هەرێمی کوردستان کاژێر 07:00 دەنگی دا و هیوای خواست ئەوانەی دەچنە پەرلەمان بتوانن داکۆکی لە هەموو لایەک بکەن، ئاماژەی بەوەش کرد کە دوای هەڵبژاردن بانگهێشتی هەموو لایەنە سیاسییەکان بۆ سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەکەن.نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە وەڵامی پرسیاری رووداودا سەبارەت بە پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق گوتی، "ئەوەی من تەمەننا دەکەم، هەموو هێزە کوردستانییەکان دوای هەڵبژاردن هەموومان لە بەغدا کۆدەنگ بین بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی عێراقی فیدراڵدا. هەروەها هیوادارین پەرلەمانی داهاتوو، بۆ چارەسەری کێشەکانی هەموو عێراقییەکان بێت. ئێمە هەموو جارێک گوتوومانە گەلی عێراق شایستەی ژیانێکی باشترە لەوەی کە هەیە، ئێمە هیوادارین تەرکیزی سەرەکی لەسەر دۆزینەوەی دەرفەتی کار بۆ گەنجان و نەهێشتنی گەندەڵی بێت. لەسەر دروستکردنی دەوڵەتی دامەزراوەیی بێت".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، "وەکو کوردستان، وەکو واجبی خۆی لە چوارچێوەی دەستووردا هەموو ئەو ئەرکانەی لەسەریەتی جێبەجێی دەکات". هیوایشی خواست، "ئەوانەی دەچنە پەرلەمان بتوانن داکۆکی لە هەموو لایەک بکەن، لە مافەکانی هەموو عێراقییەکان. لەمەودوا شایەتی ئەوە بین بارودۆخی هەرێمی کوردستان لە هەموو روویەکەوە بەرەو باشی بچێت".
نێچیرڤان بارزانی کە یەکەم سەرکردە بوو لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق دەنگی دا، گوتیشی "خۆشحاڵم کە یەکەم کەس بم دەنگم داوە. ئەوە مافێکی یاسایی هەر کەسێکە دەنگ بدات".
دوای دەنگدان، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکیشی ئاراستەی گەلی عێراق کرد و گوتی، "پەیامی من بۆ هەموو گەلی عێراق، پەیامی ئاشتییە، پەیامی برایەتییە. پەیامێکە کە هەموومان پێکەوە دەبێت هەوڵبدەین بارودۆخی عێراق بەرەو باشتر ببەین. هەموومان لەنێو یەک پاپۆڕداین، دەبێت هەموومان هەوڵی جیددی بدەین عێراق سەربکەوێت".
نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بە یەکەم هەنگاوی دوای هەڵبژاردن دا کە پێویستە لایەنە سیاسییەکان بیگرنەبەر و گوتی، "دوای هەڵبژاردن بانگهێشتی لایەنە سیاسییەکان دەکەین و گفتوگۆی جیددیی دەکەین، تاوەکو بتوانین بە چ شێوەیەک بەشداربین، بتوانین بە چ شێوەیەک هەموومان پێکەوە لە حکومەتی داهاتوو بەشداربین".
بەراورد بە هەڵبژاردنەکانی رابردوو ئەم هەڵبژاردنە لایەنە عێراقییەکان لە کاتی بانگەشەدا کەمتر هێرشیان کردە سەر هەرێمی کوردستان. نێچێرڤان بارزانی گوتی، "ئامانجی ئێمە ئەوەیە کە ئەو متمانەیە دروست بکرێتەوە. پێموایە بە شێوەیەکی گشتی، هەر حکومەتێک لە بەغدا بێتە سەر دەسەڵات، دەبێت تەرکیزی لەسەر ئەوە بێت خزمەتگوزاری پێشکێش بکات بۆ هاووڵاتییانی هەموو عێراق. خەڵک ماندوو بووە لە دروشمی بێ ناوەڕۆک، هیوادارم ئەو حکومەتە جیاواز بێت، هیوادارم تەرکیز لەسەر ئەو لایەنە بێت، کە ئێمە چۆن دەتوانین ئەو متمانەیە لەگەڵ هەموو عێراق دروست بکەین، پێموایە ئەوە گەورەترین تەحەددایە دەبێت لە حکومەتی داهاتوودا بە جیددی ئیشی بۆ بکرێت".
سەبارەت بە ئاییندەی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا دوای هەڵبژاردنەکان، سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی لەوە کرد، "هەرێمی کوردستان وەکو هەرێمێکی دەستووری لە چوارچێوەی عێراقدایە. هەرێمی کوردستان خوازیاری ئەوەیە هەموو ئەو کێشانەی کە ماونەتەوە بە دیالۆگ و لەسەر مێزی گفتوگۆ چارەسەر بکرێن. پێشتر هەرێمی کوردستان ئەو سیاسەتەی هەبووە. ئێستاش هەرێمی کوردستان ئەو سیاسەتەی هەیە. هەرێمی کوردستان دەزانێت هەم مافی هەیە و هەم ئەرکیشی هەیە".
نێچیرڤان بارزانی ئەوەی خستەڕوو، "ئەوەی بەلای هەرێمی کوردستانەوە گرنگە، سەقامگیریی عێراقە. پێموایە بە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەگەینە ئەو ئامانجە".
لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردن جارێکی دیکە کورد بە تایبەتشی پارتی گەڕایەوە ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان. نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوە کرد، "ئەمە هەنگاوێکی دروست بوو، چونکە بەپێی یاسا هەر حیزبێک مافی هەیە بانگەشە بکات. ئەو هەنگاوە گرنگ بوو بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن، بەڵام بابەتەکە کردنەوەی بارەگای حیزبێک نییە لە کەرکووک یان شوێنێکی دیکە. ئێمە ماددەیەکی دەستووریمان هەیە کە ماددەی 140ـە، هەرێمی کوردستان دەیەوێت لە چوارچێوەی عێراقدا ئەو ماددە دەستوورییە جێبەجێ بکات. بە جێبەجێکردنی ئەو ماددەیە ئێمە پێمانوایە هەم سەقامگیری دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ناوچانە، هەم خەڵکیش لە هەموو عێراق خۆشحاڵ دەبن، ببینن کێشەکان چارەسەر کراون".
نێچیرڤان بارزانی دەڵێت، "زۆر گرنگە پێگەی هەرێمی کوردستان لە بەغدا بەهێز بێت. کورد وەکو نەتەوەیەک لە عێراقدا دەژی. لەبەرئەوە رۆڵی کورد لە بەغدا لە دوای ساڵی 2003 زۆر گرنگ بووە. ئێمە دەمانەوێت رۆڵی خۆمان ببینین بۆ باشکردنی هەموو بارودۆخی عێراق".
بەپێی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ژمارەی ئەو کەسانەی لە هەڵبژاردنی پێشوەختی پەرلەمانی عێراق مافی دەنگدانیان هەیە، 24 ملیۆن و 29 هەزار و 927 دەنگدەرە، کە لە هەشت هەزار و 273 ناوەندی دەنگدان لە هەموو عێراق و هەرێمی کوردستان دەنگ دەدەن، ئەو ناوەندانە بریتین لە 55 هەزار و 41 وێستگەی دەنگدان، لە هەر وێستگەیەکیش نزیکەی 450 دەنگدەر مافی دەنگدانیان دەبێت.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق