چەند سەرنجێك لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار

ليست هناك تعليقات



ئاکۆ ئاڵی
-
ماوەی چەند خولە پۆستی سەرۆك كۆماری عێراقی فیدراڵ لای كوردە، لەناو كوردیش لای یەكێتی نیشتمانی كوردستانەو مام جەلال بۆ ماوەی دوو خول سەرۆك كۆمار بووە، دواین خولیش دكتۆر بەرهەم ساڵح لەدەرەوەی سازانی پارتی و یەكێتی ئەو پۆستەی گرتە دەست. ئەوەی گرنگە لەبەراوردی خولەكان و تواناكان، كات و رووداوەكانی سەردەمەكان لەبەرچاو بگیرێت، مام جەلال جگە لەوەی خاوەن كەسایەتیەكی دیارو شارەزایەكی قاڵ بووی سیاسی بوو، لەهەمانكاتدا حزبەكەی و تارادەیەكیش پارتی و لایەنەكانی دیکە پشتیوانییان كرد، ئەمە جگە لەوەی لەسەردەمی ئەودا هێزێكی چەكدای وەك حەشدی شەعبی بوونی نەبوو، بۆیە دەكرێت لەبەراوردكاریدا ئەو هۆكارو دەركەوتە نوێیانە لەبەر چاوبگیرێت كە كاریگەریی زۆریان لەسەر دۆخی سیاسی و پەیوەندیەكانی نێوان هەرێم و بەغداد هەبووە، واتە دۆخەكە بەتەواوەتی جیاوازی گەورەیان هەبووە.

قۆناغی دكتۆر بەرهەم، جگە لەبوونی هێزێكی خاوەن ئەزموونی شەركەری خاوەن شەرعیەتی خوێنی پرچەككراوی حەشدی شەعبی بەباشترین چەكەكانی هاوپەیمانان، جگە لەوەی دۆخی ناوخۆ بەهۆی خۆپیشاندانەكانی تشرینەوە ئاڵۆزییەكی زۆری بەخۆیەوە بینی و بوە هۆی ئەوەی سەرۆكی حكومەت دەستلەكاربكێشێتەوە، لەهەمانكاتدا دروست بوونی ئاڵۆزییەكانی نێوان ئەمریكاو ئێران و دابەزینی نرخی نەوت و هاتنی پەتای كۆرۆنا، هەموو ئەمانە بوونە هۆكارگەڵێك كە ئەركی دكتۆر بەرهەم قورستر بكات، لەپاڵ ئەمەشدا بەهۆی ئەوەی بەسازان پۆستەكەی وەرنەگرتبوو زۆربەی حزبە كوردستانییەكان نەك پشتیوانیان نەكرد و هەماهەنگییەكی باشیان نەكرد، تەنانەت بە میدیاكانیشیان لەهەوڵی لەقاڵبدان و بچووكردنەوەی هەوڵەكانی سەرۆك كۆمارە كوردەكە بوون بە لەتێك لە حزبەكەی خۆشییەوە. 

دیارە هیچ كەس ئینكاری لەتواناو شارەزایی تاڵەبانی ناكات، هەموو لایەكیش ئەزانن كە ئەوكاتە هاوسەنگی هێز لەنێوان هەولێر و بەغدا لەقازانجی كورد بوو، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا بەراورد بەدۆخەكە دەتوانرێت بەو ئەنجامە بگەین، ئەوەی دكتۆر بەرهەم لەماوەی سێ ساڵی سەرۆكایەتی بەرهەمیهێناوە جێگەی هەڵوێستە لەسەر كردنە، چونكە لەدۆخێكی ئاوا ئاڵۆزدا راگرتنی هاوسەنگی كارێكی ئاسان نییە، بەتایبەت لە نێوان خۆپیشاندانی تورەو دەسەڵاتێكی بێ باك، لەنێوان سوننەیەكی خۆبەمەغدور زان و شیعەیەكی تورە، لەنێوان دنیایەك بێ متمانەیی لایەنەكانی هەرێم و دژایەتی كردنی یەكتر..

خۆ ئەگەر ئەمجارە كورد بەسازان بتوانن دكتۆر بەرهەم بكەنەوە بەسەرۆك كۆمار و وەك سەرۆكێكی كورد چاوی لێبكەن و میدیا لەباتی ئەوەی بیخەنە بەرامبەری بیخەنە خزمەتی، لەباتی ئەوەی گەلەكۆمەكێی دەنگنەدانی لەسەر بكەن، بەپێچەوانەوە ئەگەر پەرلەمانتارە كوردەكان پشتیوانی بكەن، ئەوا بەدڵنیاییەوە دكتۆر بەرهەم زۆر لەرابردوو زێدەتر دەتوانێت هاوسەنگی بپارێزێت و قورسایی كورد لەبەغداد بگێرێتەوە بۆ سەردەمی مام جەلال، بەتایبەتی بۆ یەكێتی زۆر گرنگە كە ئەم پۆستە نەكەنە كراسەكەی عوسمان و نەكرێتە هۆی دابران و بەریەككەوتن، چونكە بۆ یەكێتی ئەوەی كەزۆر لە ژمارەی پەرلەمانتارەكانی گرنگترە وەرگرتنەوەی ئەو پۆستەیە تا بتوانێت هاوسەنگی خۆی لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمیش بپارێزێت.


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif