هەموو حزبەكان بەوانەشەوە كە خۆیان لەناو حكومەتدان پشتیوانی خۆپیشاندانی خوێندكاران دەكەن، بەڵام كەس ئامادە نییە بڕیار لەسەر گێڕانەوەی دەرماڵەی خوێندكاران بدات، وەزیرەكانی یەكێتیو گۆڕان یەكتر تۆمەتبار دەكەن، مەسرور بارزانیو قوباد تاڵەبانیش پەیوەندییەكانیان ساردو سڕی تێكەوتووە، دەرماڵەی خوێندكاران مانگانە (8 ملیار) دینار خەرجی دەخاتە سەرشانی حكومەت ، ئایا كابینەی نۆیەم كە كابینەی سێقۆڵی (پارتی+ یەكێتی+ گۆڕان)ە ئەم بڕە پارەیەی لەبەردەستدایە ؟ زانیاری زیاتر لەم راپۆرتەدا.
شۆڕشی خوێندكاران
كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە كابینەی سێقۆڵی (پارتی+ یەكێتی+ گۆڕان)ە، خۆپیشاندانی لێ نابڕێت.
ناڕەزایەتییەكانی ئەمدواییەی هەرێمی كوردستان لەناو هەردوو كەرتی پەروەردەو خوێندنی باڵا رویانداوە، كە یەكەمیان بەدەست پارتیو دووەمیان بەدەست یەكێتییەوەیە، دوای ناڕەزایەتی دەرچوانی 12ی ئامادەییو مامۆستایانی وانەبێژ، ماوەی سێ رۆژە خۆپیشاندانی خوێندكارانی زانكۆو پەیمانگاكان دەستی پێكردووە، داوای گەڕاندنەوەی دەرماڵەكانیان دەكەن كە ماوەی (7 ساڵە) لەدوای سەرهەڵدانی قەیرانی دارییەوە حكومەت بڕیویەتی.
سەرەتای ناڕەزایەتی خوێندكارانی زانكۆو پەیمانگاكان لەناو شاری سلێمانییەوە دەستی پێكرد، دواتر پەڕییەوە بۆ ناوچەكانی تری ژێر دەسەڵاتی یەكێتیو ئەمڕۆش ناڕەزایەتی گەیشتە هەولێری پایتەختو دهۆك كە لەژێر كۆنترۆڵی پارتیدان، ئەم جموجوڵە نوێیە ناوی لێنراوە "شۆڕشی خوێندكاران".
دوێنێ ناڕەزایەتییەكان توند بووەوە، خوێندكاران رێگە سەرەكییەكانی شاری سلێمانیان داخست، لە چەند شوێنێك پێكدادان لەنێوان هێزە ئەمنییەكانو خوێندكاران رویدا، لە هەردوولا بریندار هەبوو، بەڵام ناڕەزایەتی لەبارەی توندوتیژی هێزە ئەمنییەكان زیاتر بووە، پارتە سیاسییەكان بەوانەشەوە كە خۆیان پێكهێنەری حكومەتن پشتیوانی ناڕەزایەتی خوێندكاران دەكەن، رەنگە ئەمە پەیوەندی بە نزیكبونەوەی وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانەوە هەبێت، لایەنەكان خۆیان لە دەنگی شەقام نزیك دەكەنەوە، بەڵام هیچ یەكێكیان ئامادە نین لەناو حكومەتەوە بڕیار لەسەر گەڕاندنەوەی دەرماڵەی خوێندكاران بدەن.
لەبارەی دەرماڵەی خوێندكارانەوە
دەرماڵەی خوێندن ئەو بڕە پارەیەیە كە بۆ خوێندكارانی زانكۆو پەیمانگا حكومییەكان تەرخانكراوە، ئەم بڕە پارەیە بەهۆی قەیرانی داراییەوە رۆژی (11/2/2014) بەبڕیارێكی كابینەی نێچیرڤان بارزانی راگیرا.
تاوەكو بەر لە بڕیاری بڕینی پارەكە، ئەو دەرماڵەیەی كە خوێندكارانی زانكۆو پەیمانگاكان وەریاندەگرت، بەمشێوەیە بوو:
• بڕی (40 هەزار) دیناری مانگانە بۆ ئەو خوێندكارانەی كە لەناو شارەكانی خۆیان لە زانكۆو پەیمانگاكان وەرگیراون
• بڕی (60 هەزار) دینار بۆ ئەو خوێندكارانەی كە لە دەرەوەی شارەكانی خۆیان لە زانكۆو پەیمانگاكان وەرگیراونو لە بەشە ناوخۆییەكان دەمێننەوە
• بڕی (100 هەزار) دینار بۆ ئەو خوێندكارانەی كە لە دەرەوەی شارەكانی خۆیان لە زانكۆو پەیمانگاكان وەرگیراون، بەڵام لە بەشە ناوخۆییەكانیش نامێننەوە
بەگوێرەی داتاكان كە وەزارەتی خوێندنی باڵا خستویەتی روو، ئێستا لە هەرێمی كوردستان (134 هەزارو 649) خوێندكاری زانكۆو پەیمانگاكان هەن، ئەگەر حكومەتی هەرێم بڕیار لەسەر گێڕانەوەی دەرماڵەی خوێندكاران بدات بە هەمان ئەو بڕەی تاوەكو ساڵی 2014 هەبووە، خەرجی یەك مانگی دەرماڵەی خوێندكاران دەگاتە بڕی (8 ملیار) دینار.
خۆ ئەگەر وەكو ئەوەی داوا دەكرێت بەهۆی گۆڕانكاری دۆخی ئابورییو بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقو گرانبوونی كاڵا لە بازاڕەكاندا، بڕی تەرخانكراوی دەرماڵەی خوێندكاران زیاتر بكرێت، خەرجییەكە لەسەر حكومەت زیاتریش دەبێت.
حكومەت دەرماڵەی خوێندكاران دەگەڕێنێتەوە ؟
بەپێی دواین داتاكان، ئێستا داهاتی حكومەتی هەرێمی كوردستان مانگانە بەمشێوەیە:
• داهاتی نەوت: مانگانە بە تێكڕا لەكۆی (900 ملیۆن) دۆلاری داهاتی فرۆشی نەوت بڕی (350 ملیۆن) دۆلاری دەگەڕێتەوە بۆ ناو خەزێنەی وەزارەتی دارایی، ئەم بڕە پارەیە بە دیناری عێراقی مانگانە (920 ملیار) دینار دەكات.
• داهاتی ناوخۆ: مانگانە بڕی (250 ملیار) دینارە.
• پارمەتی هاوپەیمانان بۆ هەرێمی كوردستان: مانگانە بڕی (20 ملیار) دینارە
• پارەی بەغداد بۆ موچەی فەرمانبەران: مانگانە (200 ملیار دینار)ە
واتە بە تێكڕا ئێستا داهاتی مانگانەی حكومەتی هەرێم (990 ملیار) دینارە، كە بڕی (894 ملیار) دیناری بەتەنیا بۆ موچە دەڕواتو نزیكەی (60 ملیار) دیار دەمێنێتەوە.
داهاتو خەرجییەكانی حكومەتی هەرێم دەریدەخات حكومەت پارەی پێویستی بۆ خەرجكردنەوەی دەرماڵەی خوێندكاران لەبەردەستدایە، بەڵام ئەم خەرجییە وەكو بەرپرسانی حكومەت دەڵێن كاریگەری لەسەر خەرجی بەكاربردنی وەزارەتو پرۆژەكان دەبێت، بۆیە پێشبینی ناكرێت حكومەت بڕیار لەسەر خەرجكردنی دەرماڵەی خوێندكاران بدات.
كێ بابەتەكەی خستە ناو رایگشتییەوە ؟
یەكەم كەس پرسی گەڕاندنەوەی دەرماڵەی خوێندكارانی زانكۆو پەیمانگاكانی خستە بەردەم پەرلەمانی كوردستانو رایگشتی، (ئاشنا عەبدوڵا) پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕان بوو، ئەم ژنە رۆژی (14)ی ئەم مانگە، ئیمزای (48) پەرلەمانتاری كۆكردەوەو ئاڕاستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كرد، لەم نوسراوەدا پەرلەمانتاران داوایان كرد پرسی گەڕاندنەوەی دەرماڵەی خوێندكاران بخرێتە بەرنامەی كاری نزیكترین دانیشتنی پەرلەمانو وەزیرە تایبەتمەندەكانی ئەم بوارە بانگهێشتی پەرلەمان بكرێن.
یەك هەفتە دوای ئەم نوسراوەی پەرلەمانتاران، ناڕەزایەتی خوێندكاران تەقییەوەو خۆپیشاندان دەستی پێكرد.
یەكێتیو گۆڕان یەكتر تۆمەتبار دەكەن
ئێستا كە ئیتر ناڕەزایەتییەكان بەرەو گەورەبوون دەچن، وەزیرەكانی حكومەت یەكتر تۆمەتبار دەكەن.
وەزارەتی خوێندنی باڵا بەدەست یەكێتییەوەیەو وەزیرەكەی (ئارام محەمەد)ە، ئەم وەزیرەی یەكێتی لەماوەیەكی كورتدا ئەمە دووەمینجارە روبەڕووی ناڕەزایەتی بەفراوانی خوێندكارانی دەبێتەوە، سەرەتا ناڕەزایەتی دەرچوانی 12ی ئامادەیی كە ناویان لە زانكۆو پەیمانگاكان نەگەڕایەوە، ئێستا ناڕەزایەتی بۆ دەرماڵەی بڕدراوی خوێندكاران.
میدیای یەكێتی كە پشتیوانی لە وەزیرەكەی خۆی دەكات، بەرپرسیارێتی نەگەڕاندنەوەی دەرماڵەی بڕدراوی خوێندكارانی زانكۆو پەیمانگاكان دەخاتە ئەستۆی وەزارەتی دارایی، كە وەزیرەكەی (ئاوات شێخ جەناب)و سەربە بزوتنەوەی گۆڕانە.
میدیای یەكێتی دەڵێ وەزیری خوێندنی باڵا لەسەرەتا كابینەی نۆیەمەوە داوای لە ئەنجومەنی وەزیرانو وەزارەتی دارایی كردووە دەرماڵەی خوێندكاران خەرج بكەنەوە.
بەڵام وەزارەتی دارایی كە بەدەست بزوتنەوەی گۆڕانەوەیە، لە راگەیەندراوێكدا دەڵێ" پێش 2014 دوای پەسەندكردنی بودجە لە پەرلەمان پارە بۆ دەرماڵەی خوێندكاران تەرخانكراوەو پارەكە هەر لە وەزارەتی خوێندنی باڵا خەرجكراوەو بەهیچ شێوەیەك نەهاتووە بۆ وەزارەتی دارایی، پەیوەندی بە ئێمەوە نییە"، لەمە زیاتر وەزارەتی دارایی وەڵامی میدیای یەكێتی دەداتەوەو دەڵێ" لە ساڵی 2021دا هیچ نوسراوێكی فەرمی وەزارەتی خوێندنی باڵا لەبارەی دەرماڵەی خوێندكارانەوە بۆ ئێمە نەهاتووە".
یەكێتیو گۆڕان كە لەدواین هەڵبژاردنی پەرلەمانیی عێراقدا لەچوارچێوەی هاوپەیمانێتییەكدا بەشداری هەڵبژاردنیان كرد، لەسەر كێشەی دەرماڵەی خوێندكاران كەوتونەتە بەرامبەر یەكترو پارتیش كە سەرۆكایەتی كابینەی حكومەت دەكاتو زۆرینەی پەرلەمانی كوردستانی بەدەستەوەیە، بێدەنگە.
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم كە زیاتر خۆی بە كەسێكی نزیك لەم توێژەی كۆمەڵگە واتە خوێندكارانی زانكۆ نیشان دەداتو لەدواین هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق زۆربەی گوتارو بەڵێنەكانی ئاڕاستەی ئەم توێژە دەكرد، دوای سێ رۆژ ناڕەزارەتیو روودانی توندوتیژی تائێستا هیچ قسەیەكی لەبارەی خۆپیشاندانی خوێندكارانەوە نەكردووە، قوباد تاڵەبانی لەدوای هەڵبژاردنی 10ی ئۆكتۆبەرەوە كەم دەردەكەوێتو بەشداری كۆبونەوەكانی حكومەت ناكات، پەیوەندییەكانی لەگەڵ مەسرور بارزانی ساردو سڕی تێكەوتووە، حكومەت خەرجی پرۆژەكانی سلێمانی خستوەتە سەر داهاتەكانی سلێمانی خۆیو جگە لە پارەی موچەی فەرمانبەران پارەی تر بۆ سلێمانی نانێرێت، لەدوای رووداوەكانی 8ی تەموزی سلێمانییەوە كە ماڵباتی تاڵەبانی بەتەواوەتی كۆنترۆڵی یەكێتییان كردووە، لەبری زیادبوون، داهاتەكانی حكومەت كەمیكردووە.
ناڕەزایەتی دژی بڕینی دەرماڵەی خوێندكاران لە ساڵی 2019وە دەستی پێكردوەتەوەو نوێ نییە، رۆژی (1/4/2019) ژمارەیەك لە خوێندكاران بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی دژی بڕینی دەرماڵەكانیان چونە بەردەم وەزارەتی خوێندنی باڵا لە هەولێر، رۆژی (16/7/2019) حەسیبە گەردی ئەندامی لیژنەی پەروەردەو خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی كوردستان وتی" یەكێك لە كارەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی گەڕاندنەوەی دەرماڵەی خوێندكارانە".
رۆژی (6/5/2020) هەردوو وەزیری خوێندنی باڵاو پەروەردە چونە بەردەم پەرلەمان، یەكێك لەو بابەتانەی كە باسكرا، پرسی گەڕاندنەوەی دەرماڵەی خوێندكاران بوو.
راپۆرت: درەو
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق