عادل حەسەن
-
سەردەمی ڕژێمی بەعس هاوڵاتیانی هەرێم بە گیان ومادە لە خزمەتی شۆڕش و بەناو شۆڕشگێراندا بوون ، ئەگەر نانێکیان هەبووبێ لەکوێرە دێیەکدا لەگەڵ پێشمەرگە دەیان کرد بە دوو لەتەوە بەو ئومێدەی کە شۆڕش سەرکەوت بتوانن لە سایەدا بە ئازادی و خۆشگوزەرانی بژین .
ڕاپەڕین کرا بەناو شۆڕش گێرەکان لە جیاتی ئاوەدان کردنەوەی کوردستان کەوتنە ئاودیوکردنی هەموو ئامێرەکانی ئاوەدانکاری و شۆفڵ و حەفارە و عەموود و تەلی کارەبایان ئەودیوی سنورەکانی ئێران کرد و خەونی هەزاران کوریان بە بادا .
پاشان زۆری نەبرد لەسەر دزی و ڕاو و ڕووتی مەرزەکان شەڕی ناوخۆیان هەڵگیرساند و هەزاران ڕۆڵەی کوردیان بەکوشت دا و بەناو شۆڕشگێرەکان لە جیاتی ئەوەی ببنە جێگەی ئومێد ، بوونە مایەی بێ باوک کردنی سەدان منداڵ و جەرگ سوتاندنی هەزاران دایک و باوک .
دواتریش بەگوێی هەموو کوردییان نەکرد و لەسەر دەستی پیرەژنێکی ئەمریکی ڕێکەوتننامەی واشتنیان ئیمزاکرد و بەناو ڕێکەوتن ، بەڵام تا ئەم ساتەش ڕێکەنەکەوتون و ئیدارە یەکی نەگرتۆتەوە .
دوای پرۆسەی ڕزگارکردنی عێراقیش دەرکەوت زۆربەی بەناو شۆڕشگێرەکان جاش و سیخوڕی بەعس بوون ، بەو مەلەفە پیسەیانەوە بەرەو بەغداد کەوتنە ڕێ و لە جیاتی شەڕی مافە نەتەوەییەکانی کورد بەووتەی حاکمی سەربازی ئەمریکی لەعێراق لە بەغداد تەنها شەڕی پارەی گیرفانی خۆیانیان کردووە و دەیان ملیار دۆلاریان هێنایەوە لەجیاتی خزمەتی خەڵک خزمەتی حیزب و بنەماڵەکانی خۆیانیان پێکرد و زیاتر خەڵکیان لە گۆڕانکاری و ئاوەدانی ناو ئومێد کرد .
دواتر و لەساڵی ٢٠١٣ دا لە بڕیارێکی نەزانانەدا لە پەرلەمان بڕیاری ئابوری سەربەخۆیان دا و هەموو ئابوری هەرێمیان تاپۆ کردلەسەر خۆیان و تا ئێستاش بەهاوڵاتیانی هەرێم دەڵێن ئێوە قەرزتان لای حکومەتی عێراقە ، ئیتر نازانم چی ئابورییەکی سەربەخۆ بوو ، هەر بە هۆی ئەو بڕیارە هەڵەیەشەوە حکومەتی عێراق بوودجەی هەرێمی بڕی ، دوای ئەم هەنگاوە هەڵەیەی حکومەتی هەرێمیش نرخی نەوت دابەزی و قەیرانێکی قوڵی دارایی ڕووی لە هەرێم کرد و بە هۆیەشەوە بە یەکجاری خەڵکی نائومێدبوون لە ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی .
دواتر شەڕی داعش هەڵگیرسا و دروشمی سەقامگیری ئەمنی کەوتە ژێر پرسیارەوە و داعش نزیکی هەولێری پایتەخت بوویەوە و بەشێکی کۆمپانیا بیانییەکان گەڕانەوە ، ئێستاش بەهۆی بۆردومانی جاروباری لەناکاوی درۆنەکان ئاسایشی هەرێم لەژێر هەڕەشەدایە .
بۆ شاردنەوەی ئەو شکستانەی ڕابوردیان و کەمێک ئومێد گەڕاندنەوە بۆ خەڵک هەموو بەهارێک سەرۆکی هەرێم بانگەشەی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردی دەدا بەگوێی هاوڵاتیاندا و دەیوت ڕیفراندۆم دەکەین حساب بۆ هیچ کەسێک ناکەین و دەوڵەت ڕادەگەیەنین ، سەرەنجام لە ٢٥ی ئەیلولی ٢٠١٧ ڕیفراندۆمیان کرد و لە جیاتی ڕاگەیاندنی دەوڵەت لە سەدا پەنجاو یەکی خاکی کوردستانیان لە دەستدا، بەم هەنگاوەش بەتەواوی خەڵکیان لە دەوڵەتی کوردی و چاکسازی و خۆشگوزەرانی نائومێد کرد .
دوا هەنگاوی نا ئومێدکردنیش هەنگاوەکانی کابینەی نۆیەم بوو ، هاوڵاتیان ئومێدیکیان هەبوو بەوەی پارتی دەیەوێ براگەورە جیاواز بێت و خزمەتی خەڵکی بکات ، بەڵام سەرەنجام ئەم کابینەیە بوو بە کابینەی بارگرانی و گرانکردنی سەرجەم پێداویستیەکانی هاوڵاتیان و سپاردنی هەموو کەرتەکان بە کۆمپانیا حیزبیەکان ، لەسایەی ئەم کابینەیەوە هەموو هاوڵاتیان لەماڵی خۆیاندا بوون بە کرێچی کۆمپانیاکانی حیزب لەسەرجەم سێکتەڕەکان ، ئەم سەرەڕای بەرتەسک کردنەوەی ئازادییەکان و گرتنی هاوڵاتیان تەنها لەسەر ویستی ئەنجامدانی خۆپیشاندان ، تا ئەم ساتەش نزیکەی ٧٠ هاوڵاتی تەنها بە تۆمەتی ویستی ئەنجامدانی خۆپیشاندان لە دەڤەری زەرد لە زینداندان و لە دەڤەری سەوزیش لە حەڤدەی شوباتەوە تا ئێستا زیاتر لە ٢٠ خۆپیشاندەر شەهیدکراون و دەیانی تریش برینداربوون .
لەسایەی ئەو مێژووە پڕ لە گەندەڵی و خراپەکارییەی دەسەڵاتی کوردی هەنگاو بە هەنگاو لەساڵی ١٩٩١ وە خەڵک لەم وڵاتەدا ئومێدی دەکوژێ و هیواکانی لەگۆڕ دەنرێ ، بۆیه لە ناچاریدا سەری حۆی هەڵدەگرێ و وڵات بەجێ دەهێڵێ
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق