بەلاغی کۆتایی یەکەمین کۆنگرەی یەکێتی نوسەرانی جینۆسایدی کوردستان

ليست هناك تعليقات


هاونیشتمانیانی بەڕێز
نوسەران و شارەزایان
ئه‌ندامانی كۆنگرەی دامەزراندن

سڵاوێکی گەرم

رۆژی 18ی نۆڤه‌مبه‌ری 2021 له‌ شاری كه‌ركوك كۆنگرەی دامەزراندنی یه‌كێتی نوسه‌رانی جینۆسایدی کوردستان بەئامادەبوونی چەندین نوسەرو شارەزایی بواری جینۆساید و تاوانەکانی دژ بەمرۆڤایەتی و تاوانی جەنگ به‌سترا. ھەمان رۆژ کۆنگرە بەسەرکەوتویی کۆتایی بەکارەکانی خۆی ھێنا. 

بەپێویستی دەزانین روونی بکەینەوە، کە بیرۆکەی ئەم پرۆژە نیشتمانیە‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ چه‌ند ساڵێک له‌مه‌وبه‌ر، بەڵام دواجار یەکەمین کۆبونەوەی بەکرداریکردنی لە 13 حوزەیرانی 2021 لە کەرکوك بەڕێوەچوو و دواتر ھەردوو كۆبونه‌وه‌ی ئەمساڵی ٢٠٢١ له‌ مۆنۆمێنتی ئه‌نفال له‌چه‌مچه‌ماڵ و مۆنۆمێنتی هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ی شه‌هید، زەمینەی سازدانی یەکەمین کۆنگرەی دامەزراندن بوو لە کەرکوک.

کۆنگرەی دامەزراندن، بە ئامادەبوون و بەشداری 63 ئەندام، گۆڕینی ناوی یەکێتێەکەی لە (یەکێتی نوسەرانی جینۆساید و ئەنفال) بۆ (یەکێتی نوسەرانی جینۆسایدی کوردستان)، و هەڵبژاردنی دەستەی بەڕێوەبردن و سپاردنی پرۆژەی پەیڕەو و بەرنامەی کار بە لیژنەی شارەزایان بۆ پیداچونەوە و دواتر پەسەندکردنی لەلایەن دەستەی بەڕێوەبردن و لیژنەی پیداچونەوەوە، کارەکانی کۆنگرەی بەسەرکەوتویی کۆتایی پێ ھێنا.

مەبەست لە سازدانی کۆنگرەکە لە کەرکوک بۆ بایەخدان بوو بەو شارەی کە چەندین جار تووشی پەلاماری کۆمەڵکوژی و کاولکردن و تاوانی دژ بەمرۆڤایەتی مەترسیدار بۆتەوە.. بەتایبەت کە لە ئێستادا ماوەی چوار ساڵە، رووبەرووی سیاسەتێکی نوێی بە عەرەبکردن و راگواستنی گوندە کوردییەکان بۆتەوە..ئەگینا ھەموو کوردستان و دۆسیەکانی جینۆساید جێی بایەخی کاری یەکێتیەکە دەبێت.

لەو چوارچێوەیەدا، کۆنگرە چەند راسپاردەیەکی گرنگی بە دەستەی بەڕێوبردن سپارد بەشێکی لەوانە:

یەکەم: یەکێتی نوسەرانی جینۆساید، یەکێتی ھەموو قەڵەمێکی بەپەرۆشی بواری ئەنفال و کیمیاباران و راگواستن و کۆمەڵکوژیە. کار بۆ کۆکردنەوەی ھەموو تواناکانی ئەو بوارە دەکات و وەک چەترێکی گشتگیر بۆ پرۆژەی نوێ و کاری بەکۆمەڵ و تاک پاڵپشت و ھاوکار دەبێت.

دووەم: سازدانی کۆڕو کۆنگرە لە ناوەوەو دەرەوەی کوردستان بەبەشداری پێکردنی شارەزایانی بیانی و ناوخۆیی و بەستنی کۆنگرەی نێودەوڵەتی ساڵانە تایبەت بەناساندنی جینۆسایدی کوردستان.

سێیەم: دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ رێکخراوە پەیوەندیدارەکانی بواری جینۆساید و ناوەندە ئەکادیمیەکان و دەزگاکانی پشتیوانی مافی مرۆڤ.

چوارەم: ھاندانی ناوەندەکانی پەروەردەو خوێندنی باڵا بەبایەخدان بەم کەیسە نیشتمانی و چارەنوسسازەی گەلی کوردستان بەھاندان بۆ توێژینەوەو جێکردنەوەی لە پرۆگرامەکانی خوێندن و فێرکردن.

پێنجەم: کۆکردنەوەی بەڵگەو بەدیکۆمێنت کردنی ھەموو سەرچاوەیەک پەیوەست بێ بەجینۆسایدی کوردەوەو پاراستنیان لەناوچوون و بەکارھێنانیان بۆ چالاکی و ناساندن و مانەوە.

شەشەم : ھاوکاریکردنی ھەردوو پەرلەمانی کوردستان و ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە پابەندکردنی حکومەت بە رێکاری یاسایی بۆ زیندوو راگرتنی دۆسیەی جینۆسایدی گەلی کوردستان و گەلانی عێراق.

حەوتەم : دەرکردنی بڵاوکراوەو وەرگێڕانی نوسین دۆکیۆمێنتی تایبەت بەجینۆساید بۆ سەر زمانە بیانیەکان.

ھەشتەم :ھاندانی ھەردوو حکومەتی عیراق و ھەرێمی کوردستان بۆ فەرامۆش نەکردنی دۆسیەی جینۆسایدی گەلی کوردستان و گەلانی عیراق.. ساڵانە بوجە تەرخان بکرێ بۆ مۆنیۆمێنت و گۆڕە بەکۆمەڵەکان و مەزاری قوربانیان و ژیانی کەسوکاری قوربانیان.

یەکێتی نوسەرانی جینۆسایدی کوردستان بە ھیواوە دەڕوانێتە بەدەنگەوە ھاتنی ھەموو نوسەرانی بواری جینۆساید بۆ کاری پێکەوەیی و داوای بەدەنگەوە ھاتنی راستەوخۆی دامەزراوەکانی حکومی و ناحکومی دەکەین بۆ ھەماھەنگی و کاری ھاوبەش و قەرەبوکردنەوەی ئەو ساڵانەی بەکەمتەرخەمی تێپەڕین و دەست لەناو دەست بۆ راپەڕاندنی ئەو ئەرکانەی کە کۆنگرە بە دەستەی بەڕێوەبردن و ئەندامانی کۆنگرەی سپارد.


دەستەی بەڕێوەبردنی
یەکێتی نوسەرانی جینۆسایدی کوردستان
٢٠٢١/١١/٢١
سلێمانی— ئەمنەسورەکە

 




ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif