بەپێی سەرژمێرییەک دوایین ئاماری ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان شەش ملیۆن و 270 هەزار کەسە، دەستەی ئامار دەڵێت، تاوەکو 2040 ژمارەی دانیشتووان دەگاتە هەشت ملیۆن و 800 هەزار کەس. بەراوردیش بە عێراق، گەشەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان زۆر کەمە.
مەلا عەلی حاجی ئیبراهیم لە کۆتاییەکانی حەوتەمین دەیەی تەمەنیەتی، دوای 39 ساڵ کارکردن ئێستا رۆژانی خۆی بە ئەسپسواری و پشوودان لە باخچەی ماڵەکەی بەڕێدەکات، شوێنێک کە سەردەمانیک تەواو چۆڵەوانی بووە و راوە کەروێشکی تێدا کردووە، کەچی بەزیادبوونی ژمارەی دانیشتووان و گەشەسەندنی هەولێر، ئێستا بووەتە گەڕەکی هەڤاڵان و شوێنی نیشتەجبونی مەلا عەلی.
مەلا عەلی حاجی ئیبراهیم دەڵێت "هەولێر وا گەورە نەبوو، پشتی هەولێر لەڕووی پشتەوە و رووی رۆژهەڵاتی هەموو سەوزایی لێبوو، ئەم ناوچە دەیبینی هەمووی چۆڵەوانی بوو لەگەڵ برادەرانم راوە کەروێشکمان دەکرد."
لە دوو دەیەی رابردوودا شاری هەولێر گەشەسەندنێکی خیرای بەخۆیەوە بینیوە و رۆژ بە رۆژ پانتاییەکەی بەرفراوانتر و ژمارەی دانیشتووانی زیاتر دەبێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا سەرۆکی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان، بە ئامار و داتاکانی دەستەکەی دەیسەلمێنێت کە گەشەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان بەراورد بە عێراق کەمترە.
سیروان محەممەد، سەرۆکی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان بە رووداوئ راگەیاند "ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان بەرەو زیادبوون بووە، 20 ساڵ پێش گەشەی دانیشتووان سەرووی 3٪ بوو، بەڵام ئێستا دەگاتە 2٪، ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان بە بێ ئاوارە و پەنابەر زیاتر لە شەش ملیۆن و 270 هەزار کەسە و پێشبینی دەکەین ساڵی 2040 بگاتە 8.8 ملیۆن، ژمارەی دانیشتووانی عێراق ئێستا 40 ملیۆن کەسە و ساڵانە نزیکەی 850 هەزار کەس بەم ژمارەیە زیاد دەبێت."
بە وردبوونەوە لە داتاکانی دەستەی ئامار ئەگەر تا ساڵی 2040 هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی عێراقی فیدڕاڵدا بمێنێتەوە، ئەوا باڵانسی هێزی مرۆیی لە بەرامبەر بەغدا بە تەواوەتی لەدەستدەدات. لەبەر ئەوەی پێشبینییەکانی دەستەی ئامار دەریدەخەن هەرێمی کوردستان لەساڵی 2040، 8 ملیۆن و 800 هەزار دانیشتووی دەبێت، لە بەرامبەردا عێراق بە گەشەی دانیشتووانی ئێستای و بێ هەرێمی کوردستان 48 ملیۆن دانیشتووی دەبێت. واتا لە بەرامبەر زیادبوونی زیاتر لە 13 ملیۆن کەس لە عێراق، لە هەرێمی کوردستان تەنیا دوو ملیۆن و 800 هەزار کەس زیاد دەبێت.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق