پێش شیعەكان ئێوە ڕێكبكەون

ليست هناك تعليقات


سۆزان حەمەتاتە
-

مانگێك زیاتر بەسەر هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق تێپەڕی بێ ئەوەی ئەنجامی كۆتایی پەسەندكرا بێت، هەروەها بێ ئەوەی لایەنەكانی شیعە گفتوگۆی جددیان دەستپێكردبێت بۆ قسەكردن لەسەر پرسی پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عیراق، ئەو ئاماژانەش كەوا لەلایەن شیعەكانەوە دەركەوتوون روون نین و نازانرێت ئاراستەكەش بەرەو كوێ دەبرێ.
لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا ئەگەری رێككەوتنی شیعەكان لە ئەگەری رێككەوتنیان لەگەڵ لایەنەكانی دیكە زۆرترە، خاڵی هاوبەشیان زۆرە و لە هەموویان واقعیانەتریش ئەوەیە نابێت ململانێكانی نێوانیان زیان بە ناوبانگی و سەنگی سیاسی شیعە بگەیەنێت. هەروەها شیعە مەرجەعیان هەیە و دەتوانێت لە دوا ساتەكانی ململانێكەیاندا بە بەیاننامەیەك رێكیانبخات.

ئەوەی گرنگە لایەنەكانی هەرێمی كوردستانە بۆ رێككەوتن و پێكەوەچوونە بەغدا پێش ئەوەی شیعەكان رێكبكەون و پێویستییەكی وایان بە كورد نەمێنێت بۆ پێكهێنانی حكومەت، ئەگەرچی بێ كورد حكومەت دروستناكەن، بەڵام شێوازی رێكەوتننیان لەگەڵ كورد دەگۆڕێ لە پێویستییان بە كورد بۆ لاكردنەوەیەكی خێرخوازانە لە كورد.

نموونەی ئەوەمان بینی لەكاتی پێكهێنانی حكومەتەكەیدا، حەیدەر عەبادی نە سەردانی هەرێمی كوردستانی نەكرد نە هیچ نەرمییەكی نواندا، هەروەها ئەوكاتەی حزبەكانی كوردستان لە مەكۆی سەرەكی بزووتنەوەی گۆڕان لە گردی زەرگەتە لە كۆبوونەوەدا بوون، حەیدەر عەبادی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق خەریكی وەرگرتنی متمانە بوو بۆ كابینەكەی و چەند وەزارەتێكی بۆ كورد بەجێهێشتبوو، كە ئەوە لێدان بوو لە سەنگ و پێگەی كورد لە عیراقی نوێدا.

هەڵبەتە بەشێكی زۆری ئەو كارەی حەیدەر عەبادی پەیوەندیی بەوەوە هەبوو حزبەكانی كوردستان یەكگرتوو نەبوون و بەجیا گفتوگۆیان لەگەڵ عەبادی كردبوو، ئەوە هۆكارێكی نەرێنی بوو بۆ ئەو لێدانە لە پێگەی كورد.

قۆناغی ئێستاش لە قۆناغەكەی حەیدەر عەبادی دەچێ، راستە بە ئاشكرا گفتوگۆی رێككەوتن ناكەن، بەڵام هەوڵی جیاواز هەیە و ئێرانیش لە رێگەی فەرماندەی فەیلەقی قودسەوە هەوڵەكانی خستووەتەگەڕ بۆ یەكخستنی لایەنەكانی شیعە.

پێش دووبارەبوونەوەی هەمان سیناریۆ كە رۆڵی كورد لاواز دەكات و كارتەكانی دەسووتێنێت، پێویستە خوێندنەوەیەكی واقعیانە بەلەبەرچاوگرتنی هۆكارە ناوخۆیی و هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەكان بۆ پێگەی كورد بكرێت، هەروەها خاڵە لاواز و بەهێزەكانی پێگەی ئێستای هەرێمی كوردستان گفتوگۆی لەسەر بكرێت، پرۆژەیەكیش بڕیاری لەسەر بدرێت بۆ ئەوەی وەكو بەرنامەی كار لەگەڵ شیعەكان و سوننە زۆرترینی لێ جێبەجێ بكرێت و پێگەی كورد بەهێزبكرێتەوە.




ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif