نە پاسەوان، نە شوقە، نە ئۆتۆمبێلمان پێنادرێت

ليست هناك تعليقات



"تەنانەت قاوەو چایەكیش بخۆینەوە لە پەرلەمان دەبێت پارە بدەین، نە شوقە نە پاسەوان نە ئۆتۆمبیلمان نیەو شتی وا هەرنابێت، لە شوقەیەكدام خۆم كرێكەی دەدەم تەنیا (54) مەترە، ئەگەر كرێكە دوابخەم دێنە سەرم و دەرم دەكەن" ئەمە قسەی ئامینە كاكەباوە پەرلەمانتاری سویدە لە میانی چاوپێكەوتنێكی تایبەتی (درەو)دا.

ئامینە كاكەباوە لە ساڵی 2008ەوە ئەندامی پەرلەمانی سویدەو خەڵكی شاری سەقزی رۆژهەڵاتی كوردستانە. لەم چاوپێكەوتنەی (درەو)دا قسە لەسەر موچەو ئیمتیازی پەرلەمانتارانی سوید دەكات.

دەقی قسەكانی ئامینە كاكەباوە:

پەرلەمان لەژێر چاودێری میدیادا
لە وڵاتی سوید پەرلەمانتاری هیچ ئیمتیازێكی نیە، ئێمە لێرە هەر كارێك بكەین لەژێر چاودێری رۆژنامەنوسان‌و كۆمەڵگەداین، لەبەرامبەر یەك كرۆندا بەرپرس دەبین، بەتایبەتی لە گرتنی هۆتێل‌و تەنانەت گرتنی تەكسیشدا، چاودێری دەكرێین‌و لێپرسینەوەمان لێدەكرێت، هەروەك چۆن ئێمەش چاودێرو لێپرسینەوە لە حكومەت دەكەین.

پاسەوانی پەرلەمانتار
هیچ پەرلەمانتارێك لە سوید پاسەوانی نیە، ئەو پرسە هەر قابیلی قسە لەسەركردن نیە، پاسەوانی چی؟ بەهیچ شێوەیەك پەرلەمانتاری سوید پاسەوانی نیە، ئەگەر پەرلەمانتارێك ترس‌و هەڕەشەی لەسەر بێت، ئەوا حكومەتی سوید خۆی ئاسایشی بۆ دابین دەكات‌و چاودێری دەكات. من خۆم هیچ پاسەوانێكم نیەو لێرە پەرلەمانتار هەروەك خەڵكی ئاساییەو ماف و ئیمتیازیشی هەروەكو خەڵكی ترە، هیچ جیاوازیەكی نیە.

شوقەو ڤێلا..
لێرە پەرلەمانتار شوقەو ڤێلاو خانووی نادرێتێ، تەنیا ئەو پەرلەمانتارانەی لە شارەكانی ترن‌و (50) كیلۆمەتر دوورن لە پایتەختەوە (ئەو شوێنەی تەلاری پەرلەمانی لێیە) ئەگەر هەر خۆی بێت، یەك ژووری پێدەدەن هەتا ئەو كاتەی خولەكەی تەواو دەبێت‌و ئیتر هیچ مافێكی نامێنێت بەسەر ئەو شوقەیەوە كە تەنیا (45) مەترەو شوێنی نوستن‌و تەوالێتی تیایەو تەواو.. من لە شوقەیەكدا دەژیم لە ناوچەیەكدا كە زۆر هەژارە‌و (45%)ی پەنابەرانن، شوقەكەم تەنیا (54) مەترە، چێشتخانەم نیە، تەختەی خەوێكم هەیە لەگەڵ تاقمی دانیشتنێك، وەك هەر هاوڵاتیەكی ئەو ناوچەیە، خۆم كرێی خانووەكە دەدەم، خۆ پەرلەمان بۆمان نادات، ئەگەر كرێكەم نەدەم سەری مانگ خاوەنی شوقەكە دەرم دەكات ئەگەر دوو هەفتە كرێكەم دوابكەوێت دێنە سەرم‌و ئاگادارم دەكەنەوە.. كرێی شوقەكەم كە خۆم دەیدەم نزیكەی (600 هەزار) كرۆنە كە دەكاتە (648) دۆلار، كرێكەی زۆر نیە، چونكە لە ناوچەیەكی زۆر هەژارنشینە، ئەگەر لەناو شاربومایە دەبوایە زۆرتر بدەم.. من هەموو مانگێك (550) كرۆن نزیكەی (50) دۆلار دەدەم بە كرێی ئینتەرنێت، ئەو ئینتەرنێتە كاری پەرلەمانی پێدەكەم، بەڵام بۆم نیە داوای پارە لە پەرلەمان بكەم، بۆیە خۆم پارەكە دەدەم، پەرلەمان هیچ شتێكم بۆ دابین ناكات، من جیاوازیەكم نیە لە خەڵكی ئاسایی دەبێت، وەكو كارمەند چۆنە ئاوا دەوام بكەم‌و كار بكەم.. من زۆر لەكاتی خۆم زیاتر كار دەكەم، بەڵام من هەرچەند كار بكەم‌و لە كاتی زیاتریش كاربكەم هەقی ئەوەم نیە داوای پارەی زیاتر بكەم.

ئۆتۆمبێلی پەرلەمانتار..
هیچ پەرلەمانتارێك ئۆتۆمبێلی تایبەتی بۆ دابین ناكرێت‌و شتی وا نیەو نابێت، ئێمە بە پارەی خۆمان بە شەمەندەفەر یان تەكسی یاخود بایسكل هاتوچۆی پەرلەمان دەكەین، زۆر جار بە بایسكیل دەچین بۆ پەرلەمان، بەڵام ئەگەر بە كاری پەرلەمانتاری بڕۆین بۆ شوێنێك، ئەوا پەرلەمان پارەی هاتوچۆت بۆ خەرج دەكات، ئەگەرنا من زۆربەی كات بە شەمەندەفەرو پاس هاتوچۆ دەكەم بەشێكی زۆر لە پەرلەمانتاران بایسكیلیان هەیە كە هاتوچۆ دەكەن، منیش ئەگەر ماڵەكەم نزیك بوایە لە پەرلەمانەوە بە بایسكیل هاتوچۆم دەكرد .. پەرلەمانی سوید لەگەڵ كۆمپانیایەكی تەكسی رێككەوتنێكی هەیە، هەر پەرلەمانتارێك تەكسی پێویست بوو كاری خێرای هەبوو، دەبێت بەو تەكسیانە هاتوچۆ بكات.. زۆر زۆر خۆشە ئەوكاتانەی بە بایسكیل هاتوچۆ دەكەین بۆ پەرلەمان ... لێرە ئاوایە.

پەرلەمانتار دیاری وەردەگرێت ؟
هیچ پەرلەمانتارێك ناتوانێت پارە وەربگرێت یان دیاری گرانبەها، چەند دیاریەك ئاساییە (شیرینی، گوڵ، ویسكی)یەك كە بەهایان كەمتر بێت لە (42) دۆلار، ئەگەر هەر دیاریەك گرانتر بوو دەبێت ببرێتەوە بۆ پەرلەمان، ئەگەرنا لێپرسینەوەت لەگەڵ دەكەن.. پەرلەمانتارێكی كریستیان دیموكراتەكان (2500) كرۆن كە دەكاتە تەنیا (270) دۆلار، ئەژماركردبوو كە بۆ هاوڕێكەی خەرجكردبوو بۆ كرێی هۆتێلێك لەكاتی چونیەوە بۆ ئیتالیا، لە پەرلەمانتاری‌و لیستەكەشی لایانبرد، ئەگەر منیش ئەوە بكەم هەقیانە لامبدەن.

موچەی پەرلەمانتاری
بەگشتی موچەی پەرلەمانتارێكی سوید مانگانە (69 هەزار) كرۆن واتا (7 هەزارو 452) دۆلار، لەو بڕە (31%)ی موچەكەمان وەك باج دەدەین بە حكومەت واتا لە (69 هەزار) كرۆنەكەی موچەی مانگانە (21 هەزارو 390) كرۆنی بۆ باج دەڕوات و (47 هەزارو 610) كرۆنمان بۆ دەمێنێتەوە واتا (5 هەزارو 76) دۆلارم بۆ دەمێنێتەوە، من هەتا ساڵی رابردوو (45%) باجی موچەكەم دەدا، بەڵام زۆر بوو لەبەرئەوەی هاوكاری پەنابەران‌و كۆچبەران دەكەم موچەكەم بەشی نەدەكردم، بۆیە باجەكەم كەمكردەوە .. لێرە پزیشك‌و شێف‌و بەشێك لەوانەی كاری باشیان هەیە موچەكەیان زۆر لە ئێمە زیاترە، من خۆم وتومە نابێت موچەی ئێمە لە فەرمانبەری تر زیاتر بێت.

"رۆژنامەنوسان دەسەڵاتی یەكەمن"
هەرچەندە دەڵێن حكومەت دەسەڵاتی یەكەمەو دووەم پەرلەمان‌و سێیەم رۆژنامەنوسانە، بەڵام لێرە رۆژنامەنوسان چاودێرو دەسەڵاتێكی زۆر بەهێزن، ئەگەر چاودێری رۆژنامەنوسان نەبێت لەسەر دەوڵەت، ئەسڵەن هیچ كارێكی وا ناكرێت، لەبەرامبەر هیچ رۆژنامەنوسێكدا تۆ ناتوانیت نەدرۆ بكەیت‌و نە زانیارییەكانت بشاریتەوە، دەبێت هەموو شتێكت روون‌و شەفاف بێت، ئێستا من هەر كارێك بكەم لێرە رۆژنامەنوسان هەموو شتێكی من دەزانن.

رۆژنامەنوس دەستگیر دەكرێت ؟
شتی وا هەر نابێت رۆژنامەنوس دەستگیر بكرێت، خۆ ئێرە كوردستان نیە، ئەگەر حكومەت یان پۆلیس رۆژنامەنوسێك دەستگیر بكات, ئەوا ئەو وڵاتە دەڕوخێ، شتی وا هەرگیز روونادات‌و نیەو نەبووە، لێرە لە وڵاتی دیموكراتیدا رۆژنامەنووس هەقی هەیە مافی خۆی هەیە، ئێرە وڵاتی دیموكراتیە ئەگەر رەخنەو ئۆپۆزسیۆن‌و رۆژنامەنووسان نەبێت حكومەتیش بونی نیە.. هەرگیز ناتوانرێت بەراوردی هەرێمی كوردستان بكرێت بە سوید، لە كوردستان دیموكراسی نیە، لێرە لە سوید (ئازادی بڵاوكراوەو ئازادی نوسین‌و دەربڕین) كۆڵەكەی سەرەكی وڵاتن.

پرۆفایلی ئامینە كاكەباوە
• ساڵی 1970 لە گوندی تورجانی شاری سەقز لە خۆرهەڵاتی كوردستان لە دایكبووە.
• لە تەمەنی 14 ساڵیدا بوەتە پێشمەرگەی كۆمەڵە.
• ساڵی 1992 وەك پەنابەر چووەتە سوید.
• لە سوید دەستی بە خوێندن كردووە، ساڵی 2005 بڕوانامەی ماستەری لە توێژینەوەی كۆمەڵایەتیدا بەدەستهێناوە.
• ساڵی 2008 وەك كاندیدی پارتی چەپی سوید لە ستۆكهۆڵمی پایتەخت بووەتە پەرلەمانتار، لەو كاتەوە تائێستا ئەندامی پەرلەمانی سویدە.
• ئێستا لە پارتی چەپ جیابوەتەوەو وەك پەرلەمانتارێكی سەربەخۆ كاردەكات.



ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif