بۆ كاندیدە سەربەخۆكانی هەرێم هەڵبژاردنی ئەمجارە نەهات بوو

ليست هناك تعليقات


سەركۆ جەمال
-
كاندیدێكی سەربەخۆی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق كە نەیتوانی سەركەوتن بەدەستبهێنێت دەڵێت:»بەهۆی ساختەكاری حزبەكانەوە نەیتوانیوە دەربچێت»، ئەندامێكی پێشووی كۆمسیاری باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراقیش ئاشكرایدەكات «بەهۆی حزبەكانەوە بەشێك لەكاندیدە سەربەخۆكان لەهەرێم دەرنەچوون».

بەهۆی ناڕەزایی خەڵكی عێراق بەشێك لەكاندیدەكان بێ پاڵپشتی هیچ قەوارە و لایەنێك خۆیان هەڵبژارد، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنج بوو تەنها لەهەرێمی كوردستان هیچ كاندیدێكی سەربەخۆ سەركەوتنی بەدەستنەهێنا، بەڵام لەناوەڕاست و باشووری عێراق 35 كاندیدی سەربەخۆ سەركەوتنیان بەدەستهێناوە.

دوێنێ سێشەممە 30ی تشرینی دووەمی 2021 پاش 50 رۆژ لەئەنجامدانی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق گۆڕانكاری لە پێنج كورسی ئەنجامدراو تێیدا یەكێتی نیشتمانی بووە خاوەنی 19 كورسی و دوو كورسی لەهەولێرو نەینەوا زیاد كرد، هەروەها پارتی ژمارەی كورسییەكانی لە 33 كورسییەوە بووەتە 31 كورسی.

كاندیدێكی سەربەخۆ: بۆمان دەركەوت ساختەكاری زۆر كراوە

غالب محەمەد، یەكێكە لەو كاندیدانەی كە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 10/10/2021 بەشێوەی سەربەخۆ بەشداریكرد، بەڵام نەیتوانی بگاتە پەرلەمانی عێراق، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت: «ئەوەی كە بۆمان دەركەوتووە مەسەلە دەنگدان نەبووە، ئەمجارەیان بەڕاستی پەیوەندی بە ساختەكارییەوە هەبووە».

ناوبراو پێشیوابوو كە ساختەكاری زۆر كراوە، نمونەی ئەوەی هێنایەوە كە یەكەمجار چوار هەزار و 500 دەنگی هێنا دواتر بووەتە پێنج هەزار دەنگ و وتوویانە دەرچووە.

هەروەها باسی لەوەشكرد كە دواتر شەش هەزاریشی تێپەڕاند دیسان وتیان حەوت هەزار دەنگ كورسیەكی پەرلەمان دەبێت.

غالب محەمەد، وتیشی: «خۆ ناكرێت ئاوا لەپڕ شتەكان بگۆڕێت یەك رۆژ خەڵك دەچێت بۆ دەنگدان، كە دەنگی منیش زیادیكرد دەبێت دەنگی كەسێكی دیكە كەم بكات، لەبەرئەوە 40 هەزار كەس چووە بۆ دەنگدان لەگەرمیان كە من دەنگەكانم پێنج هەزاری تێپەڕاند خۆ دەبێت دەنگی خەڵكی دیكە كەم بكات، لەبەرئەوە بۆمان دەركەوت ساختەكاری زۆر كراوە».

«دژی دەسەڵات بووم بەتایبەتی پارتی، ئەوانەی دژی دەسەڵات بوون زۆربەیان دەنگیان كەمیكرد، ئەمە بنەڕەتی بابەتەكەیە، لەبەرئەوەی ئۆپۆزسیۆنێكی راستەقینە بووین نەیانهێشت دەربچین، بەڵام ئۆپۆزسیۆنی ساختەیان دەرچواند، چونكە لە رۆژەكانی دیكەدا بۆ دەنگدان بەسەرۆك كۆمارو رۆژەكانی دیكە گرنگە بۆیان و ئاشكرا دەبێت وایە یاخود نا»، غالب محەمەد وای وت.

وەك ئەو كاندیدە دەرنەچووەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەڵێت « هەر لەسەرەتاوە ئەم هەڵبژاردنە شكستخواردوو بوو و لەوەی 2018 باشتر نەبووە، بەڵام بۆیە خۆمان هەڵبژارد تا بەرەكە چۆڵ نەكەین ئەشمزانی ساختەكاریم بەرامبەر دەكرێت، چونكە پێشتر بڵاودەبووەوە لەكەناڵەكان كە بەرپرسەكان دەیانوت نابێت غالب دەربچێت».

لێپرسراوی ئۆفیسی سلێمانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق دەڵێت:» كەموكورتی لەیاسای هەڵبژاردندا هەبووە نەك كاری كۆمسیۆن».

ئامانج عەزیز، لێپرسراوی ئۆفیسی سلێمانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:»: كاندیدە دەرچووە سەربەخۆكان لەعێراق نزیكەی 40 كاندید بوون، ئەم هەڵبژاردنە زۆر جیاواز بوو لەوەی ساڵی 2018 و ساڵانی رابردووتریش كە عێراق كراوە بە 83 بازنە، بەڵام ئەوە ناگەیەنێت كە ببێتەهۆی دەرنەچوونی سەربەخۆكان».

ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو، كاندیدە سەربەخۆكان بەپێی شوێنی نیشتەجێبوون بووە، لەسلێمانی ئاسایی بووە كەسێك لەناوچەكەی خۆی كاندید نەكات و لەبازنەیەكی دیكەی هەمان پارێزگا خۆی كاندید بكات، بەڵام ئەمە بۆ كاندیدە كۆتاكان جیاوازبوو لەهەموو عێراق یەك بازنەیی بووە، وتیشی:»وەكو كۆمسیۆن ئێمە بەپێی یاساكەی پەرلەمان رێوشوێنمان گرتووەتەبەر، دەتوانین بڵێین كەموكورتی لەیاساكەدا هەبووە نەك كاری كۆمسیۆن هەموو سیستەمێكیش سلبیات و ئیجابیاتی خۆی هەیە».

ئەندامێكی پێشووی ئەنجومەنی كۆمسیارانی عێراق هێما بۆ ئەوە دەكات كە لەسیستەمی هەڵبژاردنی ئەمجارەدا رێگری كرا لەبەشێك لەكاندیدەكان تا نەگەنە پەرلەمانی عێراق.

سەعید كاكەیی، ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی كۆمسیارانی عێراق و شارەزای بواری هەڵبژاردن، لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتى وت: «لەسیستەمی هەڵبژاردنی ئەمجارەدا رێگری كرا لەبەشێك لەكاندیدەكان، بەڵام لەدەرەوەی سنووری دەسەڵاتی كۆمسیۆندا، كە حزب خەڵك هانبدات دەنگ بە كاندیدێكی دیاریكراو بدەن لەبازنەیەك یاخود دەنگ بە كاندیدێكی دیكە نەدەن، بەڵام هەر كاندیدێك بەڵگەو شایەتی هەبوایە دەیتوانی سكاڵا بكات لەسەر حزبێك كە رێگری لێكردووە».

«یەكەمجارە ئەو ژمارە كاندیدە سەربەخۆیە بەشداری هەڵبژاردن بكەن، هەر ئەندامێكی پەرلەمانی عێراق سەربەخۆ بێت یان نا قورسایی خۆی هەیە و دەنگی خەڵكی بەدەستهێناوە، بۆیە 40 ئەندامی سەربەخۆ ئەگەر بێتو هاوپەیمانییەك دروست بكەن قورساییان لەسەر پەرلەمان و لایەنە سیاسیەكانیش دەبێت»، سەعید كاكەیی وای وت.

هاوكات، سەعید كاكەیی پێشیوابوو كە ئەم سیستەمەی هەڵبژاردن بووە مایەی دەرچوونی ژمارەیەكی زۆر لەكاندیدانی سەربەخۆ، ئەگەر ئەم سیستەمە نەبوایە ئەو ژمارە كاندیدە نەیاندەتوانی دەربچن» لەساڵی 2014 حاڵەتی لەوشێوەیە روویدا كە كاندید هەبووە دەنگی پێویستی هێناوەو رێگری لەوە كراوە بەبەرنامە كە بچێتە پەرلەمانی عێراق، یاسای هەڵبژاردنی ئەمجارە لەبەرژەوەندی حزبەكاندا نەبوو، بەڵكو لەبەرژەوەندی خەڵكدا بوو».

كورد بەگشتی كورسییەكانی لە 58 كورسییەوە بۆ 64 كرسی زیاد كردووە كە بەم شێوەیەیە، پارتی 31 كورسی، یەكێتی 19، نەوەی نوێ 9، یەكگرتوو 4، كۆمەڵی دادگەری یەك كورسی.

ئەو ئەندامەی پێشووی ئەنجومەنی كۆمسیاران پێشبینی ئەوەی كرد كە دەستوری عێراق بگۆڕێت و یاسای هەڵبژاردنیش هەموار بكرێتەوە، وتیشی:»بڕیارە سەرژمێری بكرێت و دەستوری عێراق بگۆڕێت و یاسای هەڵبژاردنیش هەموار بكرێتەوە، ژمارەی پێویستی دەنگ بۆ دەرچوونی كاندید زیاتر دەكات و بازنەكانیش دەبنە 201 یەك بازنە، ئەوكاتیش قورسایی پەرلەمانتار زیاتر دەبێت و خەڵكیش سودی زیاتر لەهەڵبژاردن دەبینێت».

زیاتر لە سێ هەزارو 200 كاندید پێشبڕكێییان بۆ 329 كورسی پەرلەمانی عێراق دەكرد

لە10 ی ئۆكتۆبەری 2021 بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق زیاترلە سێ هەزارو 200 كاندید پێشبڕكێیان بۆ 329 كورسی پەرلەمانی عێراق دەكرد، لەوانەش 789 كاندیدیان سەربەخۆ بوون، لە 83 بازنەی هەڵبژاردندا زیاتر لە 22 ملیۆن كەس مافی بەشداریكردنیان هەبوو لەكۆی 24 ملیۆن و 29 هەزارو 927 هاووڵاتی عێراقی، بەڵام 9 ملیۆن و نیو دەنگدەر بەشدارییان كرد، كە دەكاتە 43٪ ی دەنگدەران.

رێژەی بەشداری لەهەڵبژاردنی 2021ی پەرلەمانی عێراق كەمترین بەشداریكردنی هاووڵاتیانی عێراقی بوو لەدوای رووخانی رژێمەكەی سەدام حسێن لەساڵی 2003 دا.

بەپێی ئامارە فەرمیەكان 24٪ی كاندیدانی هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی عێراق سەربەخۆبوون، كاندیدەكانیش بەسەر 21 هاوپەیمانیدا دابەش بوون كە لە 58 حزب پێكهاتبوون، لەكاتێكدا 160 حزب بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقیان كردبوو.

لەكۆی 789 كاندیدی سەربەخۆ لەپەرلەمانی عێراق، زیاتر لە 40 كاندیدیان سەركەوتن بۆ پەرلەمان و یەكێكیشیان كوژرا، 10 پەرلەمانتاریشیان هاوپەیمانێتییان لەگەڵ چەند لیستێكی بچووك پێكهێنا، ئێستا ئەوەی ماوەتەوە 30 كاندیدی سەربەخۆیە كە هیچ كاندیدێكی كوردی تێدا نییە بەدەر لەو كاندیدە كوردەی لەكەركوك سەرەتا خۆی وەك سەربەخۆ ناساندو پاشان چووە پاڵ لیستی هاوبەشی یەكێتی و گۆڕان.

ئەو هاوپەیمانی و حزبانەی زۆرترین سودیان لەكاندیدە سەربەخۆكان بینی، حزبە شیعەكان بوون، ئەوانیش هەریەك لە رێكخراوی بەدر كە لەچوارچێوەی هاوپەیمانییەك بوون لەگەڵ هادی عامری و عەسائیبی ئەهلی حەق كە قەیس خەزعەلی سەركردایەتی دەكات، دوای ئەوانیش حزبە سونییەكان و حزبە كوردییەكان بوون كە كەمترین سودیان لەكاندیدانی سەربەخۆ بینی چونكە زۆربەی كاندیدەكانیان دەرنەچوون.

لەخولی یەكەمی پەرلەمانی عێراق لەساڵی 2005 ژمارەی كورسیەكان (275) كورسی بووە، لەخولی دووەم لەساڵی 2010 ئەنجامدرا، ژمارەی كورسیەكان (325) كورسی بوو، لەخولی سێهەمیش لەساڵی 2014 ئەنجامدرا، ژمارەی كورسیەكان بووە (328) كورسی، لەخولی چوارەمیشدا لەساڵی 2018 ئەنجام درا، ژمارەی كورسیەكانی ئەنجومەنی نوێنەران (329) كورسی بوو، لەخولی پێنجەمیش ژمارەی كورسیەكان وەك خۆیان مانەوە.

هاوڵاتی

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif