دەستەواژەی مەرجەع لە هیچ زەمەنێکدا لە کۆمەڵگەی کوردیدا بەکار نەهاتوە و نەبووە، هەر بۆیە هیچ وشەیەكی کوردی لە بەرامبەریدا بەردەست نیە بۆ بەکارهێنان، کە دەکرێ بە نزیکەیی وشەی بۆ گەڕاوە یان سەرچاوە بەکار بهێنرێت.
مهرجهع به كهسێك یان دهزگایهك یان رێبازێك دهوترێت كه جێگهی پرس و ڕاوەرگرتن و گهڕانهوهی كۆمهڵێك خهڵك بێت له كاروبارەکانیاندا، ئەوەی ئێستا بەکاردێت لە نێو کورددا و بە ڕوونی چەند ساڵێکە کاری لەسەر دەکرێت، بۆ کۆمەڵگەی کوردی قۆناغێکی نوێیە و لە ڕابردوو شێوەی نەبووە.
مەرجەع بوون پۆستێك نیە ببەخشرێت، یان پلەیەکی وەزیفی نیە تا کەسێك بیدادە کەسێکیتر، نە پێویستی بە نووسراوی فەرمی هەیە و نە کەسی بە مەرجەع بوو بۆ خۆشی لە سەر پەڕاوی نوسینەکانی لە پاڵ ناوەکەیدا دەینوسێت، ئەوە ژمارەیەک فاکتەری بەدواییەکدا هاتوون وادەکەن کەسێك ببێتە مەرجەع، لە کاتێکدا مەرجەعی بوون بە مانای بێ کەم و کورتی بوون نیە
لێرەوە دەردەکەوێت کە پرسی بەمەرجەعبوونی کەسێک پرسێک نییە کە بە بڕیارێکی لەناکاو یەکلاییبکرێتەوە، بەڵکو ئەوەی بڕیار دەدات کێ دەبێتە مەرجەع مێژووەکەیەتی، کەسایەتییە کاریزمییەکەی ئەوە کە سەرکردایەتی و رابەرایەتی شوێنکەوتوانی کردبێت بۆ دەربازبوون لە قۆناغێکی دیاریکراو، ئەو توانا تاکەکەسیانەن کە لە ئەزموونە مێژووییەکانیدا وەریگرتوون و دەتوانێت بە حیکمەتێک کە لە ئەزموونەکەوە هەڵێهێنجاوە حوکم بکات.
جیا لەوەش کەسایەتی سەرکردەی بەمەرجەعبوو، دەبێت بەتەواوەتی خۆی داماڵیبێت لە بازنە بچوکەکان، چوونکە خولانەوە لە نێو بازنە بچوکەکان دەبن بەشووناسی ئەو، ئەگەر پابەندی ئەو شوناسە بچوکانە بێت ئەوا ناتوانێت تێیانپەڕێنێت و شوناسێکی گەورەتر بدات بەخۆی کە بریتییە لە شوناسی مەرجەعیی، چوونکە مەرجەع دەبێت گشتپەسەندبێت، گشتپەسەندیش کاتێک بەدیدێت کە خودی کەسەکە وازی لە یاریکردن لە بازنە بچوکەکان هێنابێت و بازنەیەکی گەورەتری بۆخۆی دیاریکردبێت و بە کورتی لە بازنەی بەرژەوەندیە گشتیەکاندا یاری بکات
چەند ساڵێکە پارتی دیموکراتی کوردستان کار لەسەر بەمەرجەعبوونی بەڕێز مەسعود بارزانی دەکەن نەك تەنها لەسەر ئاستی باشووری کوردستان، بەڵکو لە سەر ئاستی پارچەکانی تریش، کە لە راستیدا ژمارەیەك تایبەتمەندی لە بارزانی وایکردوە کە ببێتە کارئاسانیکەر بۆ ئەم بیرکردنەوەیە
خاڵی بەهێزی پارتیەکان بۆ بارزانی پرسە نەتەوەییەکەیە، کە لە ئێستادا بوەتە کاڵایەك بۆ باڵای ئەو، بە جۆرێك کە زۆر زەحمەتە لە شوێنێکی دنیا باسی ئێستای کورد بکرێت و ناوی بارزانی لەوێ غیابی هەبێ، یان بڕیارێك لە بارەی کورد و هەرێمەکەیەوە بێتە بەر باس و بۆچوونی ئەو لە بەرچاو نەگیرێت، ئیدی ئەوە تا چەند من و تۆ قبوڵمانە ئەوە پرسێکیتر و باسێکیترە و هیچ لەو ڕاستیە کەم ناکاتەوە کە هەیە با خواستی وتنیشیمان نەبێت.
پێگەی نێوخۆیی
گەر سەرنجێکی مێژووی کورد بدەین، زۆر بە باشی بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە زۆر کەم دەبینین ئەم کۆمەڵگەیە کاریان لەسەر خاڵە هاوبەشەکان کردبێت، بەڵکو هەمیشە خاڵە ناکۆکەکان و جیاوازیەکانیان زەق کردۆتەوە و بنەمای سیاسی و کۆمەڵایەتی خۆیانیان لەسەر داناوە، ئیدی لەوێوە زۆربەی وێستگە سیاسیەکان و کۆمەڵایەتیەکان بە ململانێ و ناکۆکی نێوخۆیدا تێپەڕیون، لە کاتێكدا خاڵە هاوبەشەکانی ئەم کۆمەڵگەیە لە چاو کۆمەڵگەکانی تردا زۆر زیاتر بوون و هەن، تەنها جیاوازیەکە ئەوەیە کۆمەڵگەکانیتر کاریان لەسەر خاڵە هاوبەشەکان کردوە و ئێمەی کورد لەسەر خاڵە ناکۆکەکان، هەر ئەمەش یەکێكە لە هۆکاری لاوازی بەردەوامی ئەم نەتەوە بێ دەوڵەتە و وایکردوە نەیارەکانمان بە ئاسانترین ڕێگە ئامانجەکانیان پێکابێت
لە مێژووی نزیکی کوردیشدا لە ڕووی سیاسیەوە هەمیشە بەدوای ژماردنی خاڵە جیاوازەکانەوە بووین و پشتمان کردۆتە خاڵە هاوبەشەکان، ئەمە بۆ قۆناغی خەباتی چەکداری شاخیش دروستە، هەر بۆیە وێڕای بوونی بەهێزترین خاڵی هاوبەش کە پرسی نەتەوەیی و دژایەتی ستەمی بەعسە، هێزە کوردیەکان خاڵی ناکۆکیان دۆزیەوەتەوە و گەورەیان کردوون و خۆیانیانی پێوە سەرقاڵ کردوە تا ئاستی بەریەککەوتنی چەکداری و شەڕی نێوخۆ، کە بەداخەوە کارکردن لەسەر خاڵە ناکۆکەکان تا ئێستاش بەردەوامی هەیە، ئەوەش یەکێك بوە لەو خاڵانەی کەوایکردوە کورد لە هەموو قۆناغەکاندا بۆ خۆی شکێنەری سەرکردە و ئەوانەدا بووە کە ڕێبەریان کردوە، بۆیە هیچ کاتێك سەرکردەیەك نەیتوانیەوە بۆ قۆناغێکی زەمەنی درێژ ببێتە پرس پێکراو و بۆگەڕاوە و دوور بێت لە شکاندنی نێوخۆیی
لە چەند ساڵی ڕابردوودا یەکێك لە خاڵەکانی بەریەککەوتنی ناڕاستەوخۆی هێزەکان، ناکۆکی بوە لە نێوان دوو بەرەدا، بەرەیەك کە هەموو هەوڵی ئەوە بووە بارزانی وەك مەرجەع مامەڵەی لەگەڵ بکرێت و پێگەی پارێزراو بێت، بەرەیەکیش کە نەیویستوە ئەمە ڕوو بدات، بەبێ ئەوەی خوێندنەوەی دروست بۆ قۆناغەکە بکەن و پێمان بڵێن ئەم ململانێ شاراوەیە چەند زیان بە ئێستامان دەگەیەنێت و چیمان بۆ بەرهەم دەهێنێت
هەرچی لەو بەرەیە کە خۆی وەکو ناڕازی پیشان دەدات و بانگەشەی ئەوە دەکات گوایا دژی بە مەرجەعبوونی بارزانییە، لەراستییدا و بەشێوەی کرداری زۆرینەیان بەشێکن لە پرۆسەی بەمەرجەع بوونی بارزانی، چوونکە ئەوان لە پرسە هەستیار و چارەنوسسازەکاندا بەردەوام ئامادەبوون لە بەشی خوارەوەی دیوەخانێک دانیشن کە بارزانی لە سەرەوەیدایە، ئیدی ئەوە بە خواستی خۆیان بوبێ یان ناچاری، ئەو راستیە دەردەخات کە بە ناراستەوخۆ و بەشێوەی کرداریی دانیان بە مەرجەعبوونی بارزانیدا ناوە، بەڵام لە رووکەش و بە ئاراستەی جەماوەردا نکوڵیان لەوە کردوە و خۆیان وەکو نەیاری ئەو پرۆژەیە لەقەڵەم داوە، کە پێچەوانەی کردارەکیانەی خۆیانە.
پێگەی دەرەکی
لێرەدا پێگەی دەرەکی مەبەستم تێروانینی دەرەکیە نەك پێگەی سیاسی و پەیوەندییەکان، لەم قۆناغەی ئێستادا بەوردی گەر سەرنجی تێڕوانینی دەرەوەبدەین بۆ کورد و هەرێمی کوردستان، ئەوا بەڕوونی دەردەکەوێت کە لەدەرەوەی سێ سەرۆکایەتیەکە بارزانی پێگەیەکی بەهێزی نا فەرمی هەیە، چ لە عێراق و چ وڵاتانیتر کاتێك باسی کورد و هەرێمی کوردستان دەکرێت، بەرلە هەر پێگەو پۆستێکیتر ڕای بارزانیان لا گرنگە، بەجۆرێك دەبێت ڕای بزانن لەسەر پرسە گرنگەکان، کاتێکیش ئەو ڕایەك لەسەر پرسێك دەردەبڕێت بەتایبەت لە ڕووی نەتەوەییەوە، ئیدی ئەو ڕایە دەبێتە ڕای هەموان و بەرامبەر بە بۆچوونی سەرەکی وەریدەگرن و مامەڵەی لەگەڵ دەکەن بەبێ خوێندنەوە و حسابکردنی جدی بۆ ڕایتر، زۆر کەمن ئەو کەسایەتیانەی دێنە هەرێم و بەبێ دیداری بارزانی بڕۆنەوە، ئێ هەر ئەوە بە سەرچاوە و بۆ گەڕاوە زانینە، لێرەوە دەردەکەوێت مەرجەع بوون نە پێویستی بەدان پێدانانە و نە کیتابی فەرمی هەیە، ئیدی ڕەنگە ئەو ڕاستیە بەدڵی من نەبێت یان خواستی تۆش نەبێت، دواجار ئەوە هیچ لەو دۆخەکە ناگۆڕیت کە هەیە، چونکە زۆر قورسە پێگەیەك لە کەسێك وەرگیرێتەوە کە کەس پێی نەبەخشیبێ یان لەدامەزراوەیەکەوە ڕەزامەندی لەسەر نەدرابێت، لێرەدا پرسیارە جدیەکە ئەوەیە لێکەوتەی هەنگاونان بۆ بەنەریت بوونی مەرجەع، یان خودی پرسی مەرجەع چ لێکەوتەیەکی دەبێت بۆ داهاتووی ئەم کۆمەڵگەیە، چۆن کورد دەتوانێت لە ڕووی نەتەوەییەوە سود لە بوونی مەرجەعێکی نەتەوەیی بیبینێت لەو سەردەمەی کە نەتەوەیی بوون تێیدا کاڵ بۆتەوە و کوردیش هێشتا بێ دەوڵەتە؟
عوسمان عبدلڵە
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق