دەقی بەیاننامەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە ساڵڕۆژی شەهیدكردنی سولەیمانیدا

ليست هناك تعليقات



بەیاننامەی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە دووەمین ساڵڕۆژی تیرۆرکردنی شەهید سولەیمانی دا

وەزارەتی کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لەگەڵ نزیکبوونەوەی دووەمین ساڵرۆژی شەهیدبوونی سەرداری رەشیدی ئیسلام، سەردار قاسم سولەیمانی، یاد و یادەوەری ئەم شەهیدە نەمرە کە تەمەنی پڕبەرەکەتی خۆی خستە خزمەتی ئێران و ئیسلام و ئاشتی و ئاسایشەوە بەرز رادەگرێت. 

سەرداری شەهید سولەیمانی بەردەوام لەسەر بنەمای سیاسەتی بنەرەتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەوڵدان بۆ چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیری لە ئاستی ناوچەکە و نێودەوڵەتی رۆڵی بینی و هەوڵی زۆری دا بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزمی نێودەوڵەتی و ئەو گروپە تیرۆریستیانەی لە ناوچەکە سەریان هەڵدابوو. 

بەم هۆیەوە بە شێوەیەکی دروست و بە شانازییەوە ناونیشانی قارەمانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم و سەرداری ئاشتی بە بەڕێزیان دراوە. سەرەڕای ئەم رۆڵ و پێگەیە، حکومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە جێبەجێ کردنی ستانداردە دوو فاقەییەکان و بانگەشەی درۆینە لە نێویان دا بانگەشەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم، لە کردەوەیەکی تاوانکاریانەدا کە پێشێل کردنی پایە و بنەمانکانی یاسا نێودەوڵەتیەکانە، هێرشێکی تیرۆریستی لە دژی سەرداری شەهید قاسم سولەیمانی وەک یەکێک لە باڵاترین بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران و ئەویش لە خاکی وڵاتی خانەخوێی عێراق دا ئەنجامدا. 

ئەم کارەی بەرپرسانی ئەوکاتی ئەمریکا لە تیرۆرکردنی ئاشکرای قارەمانی نێودەوڵەتی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم، بۆ خۆی پەیامی پشتیوانی کردنی گروپە تیرۆریستیەکانە کە بە ئاشکرا درۆکانی بانگەشەکارانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم هەڵدەماڵێت. 

شەهیدبوونی سەردار سولەیمانی، ئەبو مەهدی موهەندیس و هاورێکانیان نە تنها لە تواناکانی بەرەی بەرگری کەم نەکردەوە بەڵکو لە لایەکەوە دۆخی ناوخۆی ئێرانی یەکخست و یەکگرتوویی نیشتیمانی بەدیهێنا و لە لایەکی دیکەوە ستراتیژ و تێزی بەرگریی تۆختر کردەوە. 

لە کاردانەوەی ئەم تیرۆرەدا، کاردانەوەی بەپەلە و کاریگەری کۆماری ئیسلامی ئێران لە لێدانی زلەیەک لە سەربازانی ئەمریکای جێگیر لە بنکەی عەین الئەسەدی عێراق و کاریگەری مەعنەوی خوێنی شەهیدانی ئێرانی و عێراقی ئەم روداوە، هاوکێشەکانی گۆڕی و بوو بە دەستپێکی شکستی ستراتێژی ناوچەیی ئەمریکا کە سەرەنجام هەڵهاتنی ئەو وڵاتەی لە ئەفغانستان، دەستپێکی دەرچوون لە عێراق و گۆڕانی ستراتیژی مانەوەی سەربازی ئەمریکای لە ناوچەی جیۆستراتیژی کەنداوی فارسی لێ کەوتەوە و ئەمەش تەنها گۆشەیەکە لە کاریگەریەکانی ئەو بابەتە. 

بێ گومان ئەم کردەوە تاوانکاریانەی ئەمریکا لە شەهیدکردنی سەردار سولەیمانی سەلمێنەری راستی "هێرشی تیرۆریستی"یە کە بەشێوەیەکی رێکخراو لەلایەن حکومەتی ئەوکاتەی ئەمریکا جێبەجێ کراوە و ئێستاش بەرپرسیارێتی ئەو کارە لە ئەستۆی کۆشکی سپی دایە. 

بەپێی پێوەرە یاسایی و نێودەوڵەتیەکان، حکومەتی ئەمریکا لە ئاست ئەم تاوانە لە ژێر "بەرپرسیاریەتی نێودەوڵەتی" دایە. لەم چوارچێوەیەدا، تەواوی بکەران، بڕیاردەران، هەماهەنگ کاران و هاوکارانی ئەم تاوانە تیرۆریستیە بەرپرسیارن و لەم رووەوە وەزارەتی کاروباری دەرەوە بە هاوکاری دەزگا پەیوەندیدارەکان و دەسەڵاتی دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێران هەر لە سەرەتاوە و بەپێی مادەی یاسایی "بەرەنگاربوونەوەی بێ سزامانەوەی تاوانکاران" کۆمەڵێک کاری بۆ راکێشانیان بۆ بەردەم عەدالەت و دادپەروەری دەست پێکردووە و تا گەیشتن بە ئەنجامی کۆتایی بەردەوام دەبێت.

وەزارەتی کاروباری دەرەوە کۆمەڵێک کاری جیاوازی بە ئامانجی بەدواداچوونی ئەم بابەتە لە هەموو ئاستە ناوخۆیی، ناوچەیی و نێودەوڵەتی و دوو لایەنەکان ئەنجام داوە و لە قۆناغە جیاوازەکاندا راپۆرتەکان لەوبارەیەوە بە پێی توانا خراوەتە بەردەست گەلی گەورەی ئێران و رەوتی بەدواداچوونەکان بۆ ئەم بابەتە بەوپەڕی تواناوە و بە شێوەی هەمەلایەنە بەردەوام دەبێت. 

ئەم کارانە لە رەهەندە سیاسی، یاسایی، نێودەوڵەتی و دیپلۆماسیە گشتیەکان دا ئەنجام دراوە. پەیوەست بەم بابەتە لە مەیدانی دەرەکی و نێودەوڵەتی گرنگیەکی تایبەت بە رێگری کردن لە بەلارێدابردنی راستیەکان و خراپ بەکارهێنانیان لەلایەن ئەمریکاوە درا و یەکێک لە ئەنجامەکانی بریتی بوو لە ئیدانەکردنی ئەخلاقی و سیاسی و یاسایی ئەمریکا لە ئاستی نێودەوڵەتی دا لەپای ئەنجام دانی ئەم تاوانە. پێویستە لە رەوتی بەدواداچوونی ئەم بابەتەدا ئاماژە بە بەردەوامی چالاکی لیژنەی هاوبەشی دادوەری نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و کۆماری عێراق بکرێت. 

کۆماری ئیسلامی ئێران بەردەوام بە ئاراستەی جێگیرکردنی ئاشتی و سەقامگیری ناوچەکە چەندین کاری کاریگەری ئەنجام داوە. ئێستاکە بە رەچاوکردنی دیدگاکانی حکومەتی سیازدەیەم کە دەستی هاوسێکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ مامەڵە و هاریکاری فراوان و بەردەوام دەگوشێت، زەمینەی فراوان بوون و پتەوکردنی پەیوەندیەکانی نێوان وڵاتانی ناوچەکە زیاتر لە جاران فەراهەم بووە. 

حکومەت و گەلی ئێران خۆی بە دۆستی نزیکی حکومەت و گەلانی ناوچەکە دەزانێت و درێغی نەکردووە و ناکات لە هەرجۆرە هاوکاریەک بۆ پاراستنی یەکپارچەیی و سەروەری خاک و چەسپاندنی سەقامگیری و ئاسایشی بەردەوام و فراوان کردن و ئاوەدان کردنەوەی وڵاتانی ناوچەکە و جیهانی ئیسلام. 

لە کۆتایی دا لەگەڵ تەواوی ئێرانیەکان لە سەرزەمینی دایکی خۆیان و لە هەر گۆشە و کەنارێکی جیهان دا کە هەن، سەری رێز و نەوازش دادەنەوێنین بۆ گیانی بڵندپەروازی سەرداری ئاشتی و ئاسایش، حاج قاسم سولەیمانی.


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif