لە ماوەی 16 ساڵی رابردوودا، لە هەرێمی کوردستان، مۆڵەت بە 195 پڕۆژەی نیشتەجێبوون دراوە و لە سلێمانی نزیکەی 60 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون دروستکراون، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی سلێمانی دەڵێت، پێویستیان بە 30 هەزار یەکەی دیکەیە.
عەزیز سەعید، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی سلێمانی رایگەیاند، لەلایەن وەبەرهێنەرانەوە نووسراویان ئاڕاستەكراوە بەوەی 100 هەزار یەكەی دیكەی نیشتەجێبوون لە چوارچێوەی پڕۆژەكانی وەبەرهێنان لە سلێمانیدا دروست بكرێت، بەڵام وەك ئەو دەڵێت، "سلێمانی پێویستی بە 30 هەزار یەکەی دیكەی نیشتەجێبوونە."
بەپێی ئامارەکانی دەستەی وەبەرهێنان لە ساڵی 2006ـەوە هەزار و 160 مۆڵەتی وەبەرهێنان لە 13 سێکتەری جیادا دراوە بە وەبەرهێنەران بە سەرمایەی زیاتر لە 61 ملیار و 269 ملیۆن دۆلار، 144 مۆڵەتیش بە سەرمایەی 16 ملیار دۆلار هەڵوەشێنراونەتەوە.
هەر بەپێی ئامارەکانی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان، لە 16 ساڵی رابردوودا مۆڵەت بە 195 پرۆژەی نیشتەجێبوون دراوە بە جۆرێک 89 پڕۆژە لە پارێزگای هەولێر و 68 پڕۆژە لە پارێزگای سلێمانی و 38 پڕۆژە لە پارێزگای دهۆک بووە.
لە کۆی ئەو 68 پڕۆژە نیشتەجێبوونەی لە سلێمانی مۆڵەتیان وەرگرتووە، 28 هەزار و 264 خانوو بووە، 28 هەزار و 675یان شوقە و دوو هەزار و 783 یەکەیان ڤێلا بووە بەوەش کۆی گشتی یەکەکان دەکاتە 59 هەزار و 722 یەکەی نیشتەجێبوون.
بەرهەم سەردار، سەرۆکی کۆمەڵەی کرێنشینانی کوردستان راگەیاند، لە سلێمانی 34 هەزار کرێنشین هەن کە خۆیان تۆمارکردووە لە کۆمەڵەکە جگە لەوەی کە ژمارەیەکی زیاتر کرێنشین هەن بەڵام ئەندامی کۆمەڵەکە نین.
سەرۆکی کۆمەڵەی کرێنشینانی کوردستان گوتیشی، تاوەکو ئێستا دوو پڕۆژەی نیشتەجێبوون بۆ کرێنشینان دروستکراوە و سوودمەندبوون لێی کە ژمارەی یەکەکان هەزار و 244 یەکەی نیشتەجێبوونە، بەڵام بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزارییەوە کرێنشینان نەیانتوانیوە لە 1500 یەکەی نیشتەجێبوون لە پڕۆژەکانی سیتەک و زڕگوێز سوومەندبن.
موخڵیس سەلیم، بەڕێوەبەری گشتیی یاسایی و كارگێڕی و دارایی لە دەستەی وەبەرهێنان راگەیاند، مانگی یەکی ئەمساڵ تەنیا 5 مۆڵەتی وەبەرهێنان دراوە ئەوانیش لە بوارەکانی پیشەسازی و گەشتیاریی و بازرگانی بووە و هیچ مۆڵەتێکی سێکتەری نیشتەجێبوون بە وەبەرهێنەران نەدراوە. واتە هیچیان لەبواری نیشتەجێبوون نەبووە و ئەمساڵ هیچ مۆڵەتێکی سێکتەری نیشتەجێبوون نەدراوە.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق