ئێمە کێمان هەیە و ئەوان کێ؟

ليست هناك تعليقات


 فارس نەوڕۆڵی
-
لە فەرهەنگی سیاسی ئێمەدا و لەو کاتانەی لە هاوپەیمانەکانمان نائومێد دەبین، دەڵێین ( کورد کەسی نییە، جگە لە چیاکان) ئەم وتەیە ئەگەر بۆ دوێنێی بڕنە و چەکی سوک و بەرژەوەندی بچوک و تەکنەلۆجیای سەرەتایی ڕاست بووبێت، ئەوا بۆ ئەمڕۆی ئەو هەموو چەکە پێشکەوتووەی کە لە چرکەیەکدا دەتوانێت جیهانێک وێران بکات، یاخود لە سەردەمی تەکنەلۆجیای گەیاندنداو لە بەریەککەوتنی ئەو هەموو بەرژەوەندییە جیاوازانەدا دەتوانین بڵێین سیحری ئەو وتەیە تاڕادەیەکی زۆربەتاڵبووەتەوە و چیاکان وەک جاران ناتوانن ئەو هێزەبن ببنە پاڵپشتی ستراتیجی کورد. کەواتە دەبێ کورد ئەو ئیرادەیەی هەبێت و ئەو قۆناغە تێپەڕێنێت بەگەڕانەوە بۆ بیریی دیکارتیی، جێگرەوەی ئەو گوتەیە بدۆزێتەوە، چونکە بیرکردنەوەی دیکارتی پێمان دەڵێت: جیهانبینییەکانی پێشوو لە خۆمان داماڵین و ئەو تەپوتۆزە لە خۆمان بکەینەوە. 

ئەو ژیانەی ئێمە تێیدا دەژین لەڕووی پەروەردەیی و کولتوریی و سیاسییەوە هەژارە، ئەگەر سەیری کورد بکەین لە باشور لەو کاتەوەی بە تۆپزی بە عێراقەوە لکێنراوە بە مەبەستی تواندنەوەی، بەڵام توانیویەتی خۆیڕاگرێ وەک شوناس. هەرچەندە بەردەوام لە گەمەکە کراوەتە دەرەوە، بەڵام کۆڵی نەداوە و بۆ گەڕێکی دیکە خۆی سازداوەتەوە. لەم گەمە و ململانێیانەدا کۆمەڵگای جیهانیی وەک ستراتیج هاوکاری ئێمە نەبون. دەوڵەتان و گەلانی ناوچەکەش سەرەڕای ئەوەی کوردوەک ئەوان زۆرینە موسوڵمانە، بەڵام زۆر بێبەزەییانە مامەڵەیان لەتەک کورددا کردووە.

دواجار ئێستا کورد لە عێراق توانیویەتی دەستی بگاتە بەشێک لە مافەکانی، هەرچەندە بەردەوام پیلانگێڕی لەسەرە، ئێستا عێراق لە دۆخێکی ململانێی نا تەندروستدایە و پێکهاتەکان شیعە و کورد و سوننە متمانەیان بە یەک نییە، بەتایبەتی کورد لە دوێنێ و ئەمڕۆدا بەدەستی ئەوانی دیکە گورزی کوشندەی بەرکەوتووە و ئێستاش وریا نەبێت هەمان گورزی بەردەکەوێتەوە بۆیە پێویستە کوردستانیان ئەو پرسیارە جدییە لە خۆیان بکەن وبزانن، کە شیعەکان ئێرانیان هەیە سوننەکان بە هەموو جیاوازییەکانیانەوە تورکیا و جیهانی عەرەبی و سوننەیان هەیە ئەی ئێمە کێمان هەیە ؟ بێگومان کەس.

لە کاتێکدا لە دۆخێکداین بارێکمان هەیە لە شوشە، لە هەرجوڵەیەکی هەڵەدا شوشەکان وردوخاش دەبن. کەواتە دەبێت زۆر هەستیارانە دۆخەکە بخوێنینەوە. بنەمایەک دانێین بۆ کارکردنمان کە هەموو جیاوازییەکان لە خۆ بگرێت تا ئەو شوێنەی ئەگەر لە هەندێ وێسگەدا سازش بۆیەک بکەین، تێبگەین ئەوە نیشانەی لاوازی نییە، بەڵکو نیشانەی هێز و کامڵبوونە، ئەم کامڵبوونەش بکەینە بنەما بۆ هێزی نەرم و دیبلۆماسییەتی هاوچەرخ. ئەمەش پێویستی بە جۆرێکی تایبەت لە هێز هەیە، ئەگەر دوو پێکهاتەکەی دیکەی عێراق دەوڵەتانی ناوچەکە کەس و پشت و پەنایان بن ئەوا دەبێ ئێمە بیرکردنەوەی دروست و ئەقڵ کەس و پشت و پەنا مانبێت بێت. 






ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif