عوسمان گوڵپی
لە ئێستادا هێزە براوەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دابەش بوون بەسەر دوو بەرەدا، بەرەیەك لە نێوان سوننەکان بەسەرکردایەتی حەلبوسی و خەنجەر، لە کوردیشدا پارتی و لە شیعەشدا موقتەدا سەدر، ئەم نزیکبوونەوە و پێکەوەبوونە لە چوار چێوەی ڕێککەوتنێکی پێشوەختەدایە و توانیان یەك بڕگەی ڕێککەوتنەکەیان وەك خۆی جێبەجێ بکەن کە هەڵبژاردنی حەلبوسی بوو بە سەرۆکی پەرلەمان و دوو جێگرەکەی لە سەدر و پارتی، بەڵام ڕێککەوتنەکەیان خاڵی زۆرتری ماوە و ئاستەنگیشی بۆ دروست بووە.
لە بەرامبەردا بەرەیەکیتر هەیە کە چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکانە کە نوری مالکی ئاراستەی دەکات، چوارچیوەی هەماهەنگی و موقتەدا سەدر دوای چەندین کۆبوونەوە نەیانتوانی بگەنە لێکتێگەشتنێکی هاوبەش، خاڵی ناکۆکی ئەم دوو ئاراستەیە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ناکۆکیەی کە لە نێوان نوری مالکی و موقتەدا سەدرداهەیە، ناکۆکیەك کە لە ١٢ ساڵی ڕابردوودا هەمیشە بوونی هەبووە و هێڵی سوری یەك بوون، هەربۆیە تا ئێستاش موقتەدا سەدر ئامادە نیە هێڵی سور لە سەر نوری مالکی لا بدات، ئەگەرچی نوری مالکی ئەو هێڵە سورەی لەسەر موقتەدا سەدر نیە و ئەوەی ئێستا لەبەرامبەر سەدر دەیکات کاردانەوەی هێڵی سوری سەدرە نەك بۆ خۆی هێڵی سوری کێشابێت.
چوار چێوەی هەماهەنگی توانیویانە ژمارەیەك پەرلەمانتاریتر لەدەوری خۆیان کۆبکەنەوە و بەرەکەی خۆیان فراوان بکەن بەڵام تا ئێستاش بە هێزە کوردیە هاوهەڵوێستەکانیشیانەوە نەیانتوانیوە ڕێژەی ڕێککەوتنە سێ قۆڵیەکە تێپەڕێنن، هەربۆیە ململانێکە لێرەدا بۆ هەردوولا قورس دەبێت
ململانێ لەسەر سەرۆك کۆمار
کەس لاری لەسەر ئەوە نیە کە سەرۆك کۆمار پشکی کوردە، ئەوەی هەیە ناکۆکی نێوان پارتی و یەکیەتیە لەسەر ئەو پرسە، کە یەکیەتی پێی وایە پارتی گەڕی پێدەکات کە داوای پۆستی سەرۆك کۆمار دەکات، چونکە ئەو پۆستە تا ئێستا لای یەکیەتی بووە و بە ڕێککەوتن و بەراوردکاری پۆستیتردا دراوە بە یەکیەتی نەك بەرکەوتەی ئەنجامی هەڵبژاردنبێت، لەسەرەتاوە تا ئێستاش لای یەکیەتی بووە بە پێی عورفی دووبارە بووەوە و ڕێککەوتنی پێشتری نێوانیان بۆ دابەشکاری پۆستەباڵاکان، هەرچی پارتیە پێیوایە پارتی هێزی یەکەمی کوردستانە و ناکرێ پۆستی باڵای کورد لە عێراق لەدەرەوەی ئیرادەی ئەوبێت، بۆیە یان بۆخۆی کاندیدی دەبێت یان دەبێت کاندیدی یەکیەتی دڵخوازی ئەو بێت، بەڵام یەکیەتی بە تەئکیدکردنەوە لە کاندیدکردنی دکتۆر بەرهەم کە کاندیدی دلخوازی پارتی نیە دەچێتە نێو ململانێکەوە، بە ئامانجی بردنەوەی پۆستە، ئەگەرچی لە نێوخۆدا گرفت بۆ مسۆگەربوونی کاندیدەکەیان دروست بووە، بەڵام بەهێزترین کاندیدی قبوڵکراوی ئەو وڵاتانەیە کە موهتەمن بە عێراق بە ناکۆکەکانیشەوە
سەدر تا کوێ بڕ دەكات؟
موقتەدا سەدر، یەکێکە لە بەهێزترین سەرکردە سیاسیەکانی عێراقە کە توانای جوڵاندن و ئاراستەکردنی شەقامی هەیە و لە هەڵبژاردنیشدا پەراوێز ناخرێت، بەڵام لە ئێستادا گیرۆدەی گرێی ئێرانە، گرێیەك کە خەریکە کردنەوەکەی دەخاتە ددان، چونکە سەدر هەرچەن بەهێز بێت ناتوانێت پێ لە ئێران ببڕیت، چونکە ئەوە وێڕای پرسە سیاسیەکە پەیوەندی ڕاستەوخۆی لەسەر ماڵی شیعە و پرسی مەرجەعیەت هەیە، چونکە سەدر بەم هەڵوێست و دەست شکانەوانەی لەگەڵ دۆستەکانی ئێران وادەکات کە هەمیشە ئێران بە حەزەرەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکات، هەمیشە بەگومانەوە لە پەیوەندیەکانی بڕوانێت و شیعەی عێراقیش لەبەردەم مەترسی پەرت بووندا بێت بەهۆی سەدرەوە، بەتایبەت دوای مردنی سیستانی و پرسی مەرجەعیەت و گوێڕایەڵی کردنی، ئەم پرسە لە ئێستاوە بۆ ئێران گرنگ و جێگای بایەخە، بۆیە هەوڵی تەواو دەدەن کە سەدر وێڕای ناکۆکی لەگەڵ نوری مالکی و حەشدی شەعبی، هێشتا بە دۆستی ئێران بمێنێتەوە و مامەڵەی لەگەڵ بکەن، بەڵام ئەمە تا ئەوکاتەیە کە موقتەدا سەدر لەسەر هەڵوێستەکانی سور دەبێت و ئاستەنگیان بۆ دروست دەکات، یان ڕوون دەبێتەوە کە ئەم ڕێککەوتن و سەنگەر گرتنانە لە بەغداد ئەندازیاری تری دەولی هەیە، ئەوکات لە نێوان موقتەدا سەدر و سیاسەتەکانی خۆی و ماڵی شیعیدا بڕیار بەزیانی موقتەدا دەدات و گەر لە ئێستاشدا دەستی بۆ نەشكێتەوە ئەوا لە چوارساڵی داهاتوودا کار لەسەر لاوازکردنی پێگەکەی دەکات و ئەوەش بۆ ئێران کارێکی زۆر گران نیە
موقتەدا سەدر، یەکێكە لەو سیاسیانەی کە دەکرێت لە بەلێن و قسەی خۆی بکشێتەوە و پێچەوانەکەی ئەنجام بدات، بۆیە چاوەڕێ دەکرێت چارەسەرێکی مامناوەند بدۆزنەوە و لە چوار چیوەی سیاسەتەکانی ئێراندا بمێنێتەوە، چونکە دواجار سەدر لەوە دڵنیایە کە تاران هەموو ڕێگایەك دەگرێتەبەر بۆ یەکخستنەوەی ماڵی شیعە لە چوارچێوەی سیاسەتی خۆیدا و ئەوەی دەکەوێتە دەرەوەی ئەو چوارچیوەیە زیانمەند و لاواز دەبێت، هەر بۆیە ئەگەری بەهێز ئەوەیە کە لە پرسی سەرۆك کۆماردا سەدر نەتوانێ تاسەر بەبەڵێنەکەیەوە پابەند بێت کە بە دوو لایەنە شەریکەکەی داوەو بۆ ئەمەش هەندێك پاساو ڕیز دەکات و پرسی سەرۆك کۆمار دەبەستێتەوە بە هەندێك خواستی کابینەی نوێی حکومەتەوە، چونکە چەقی ناکۆکی و ململانێی شیعەکان لەسەر سەرۆك وەزیران و پۆستە وزاریەکانە نەك سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆك کۆمار.
سوننەی عێراق (حەلبوسی و خەنجەر)
ئەگەرچی سوننە وادەرکەوت کە تۆکمە و یەك هەڵوێستن، بەڵام لە ڕاستیدا ئەو ئاراستانەی سوننە لە هەموان ئاسانتر پەرت دەبن و دەکرێت پابەندی بەڵێنەکانیان نەبن، چونکە ئەوانەی ڕابەرایەتی سوننەی عێراق دەکەن قەزیەیەکیان نیە لەسەری کۆبووبنەوە بەڵکو ئەوەی هەیە بەدەستهینانی ژمارەیەك پۆستە کە دەکرێت لای لایەنی بەرامبەریش بەزیاترەوە بەدەستی بهێنن، واتە نە حەلبوسی و نە خەنجەر ژمارە قورسە نەگۆڕەکە نین، بەڵکو بە خستنە بەردەستی ژمارەیەك بەرژەوەندی دەتوانرێت یەك یەك و دوو دوو پەرلەمانتارانیان بهێنیتە سەر خەت بۆ لایەنی پێچەوانە، چونکە دواجار دیواری هاوپەیمانێتی نێوان لایەنە سوننیەکان وشەکە کەڵەکە نەك ڕاگر.
پارتی وەك لایەنێکی هاوپەیمانێتی سێ قۆڵی
ئەگەرچی پارتی ورد نەبوو لە دانانی کاندیدەکەیدا، بەڵام دواجار چوەتە نێو ململانێی پۆستێکەوە کە بۆخۆی ئاسان نیە و بۆ یەکیەتی نیشتمانیشی قورس کردوە، لەبەر دوو هۆکار
یەکێك لە هۆکارەکان خودی هاوپەیمانەکانین کە تاچەند پابەند دەبن بە بەڵێنەکانیانەوە، یان تا کەی دەتوانن بەرگەی ئەو فشارانە بگرن کەلەسەریانە، چونکە لە هەر پاشگەزبوونەوەیەکی جوزئیدا کێشەی گەورە دروست دەکات.
یەکێکیتر لە ئاستەنگەکانی بەردەم پارتی بونی ویستی ئێرانە لەدەرەوەی کاندیدی ئەو، چونکە پارتی نایەوێت جارێکیتر پەیوەندیەکانی خۆی لەگەل تاران تێکبداتەوە، دەیەوێت بزانێت ئێران تا چ ئاستێك دێتە نێو ئەو ململانێیانەوە، ئایا مانەوەی کاندیدەکەی و ململانێکردن لەسەری چ زیانێك بە پەیوەندیەکانی دەگەیەنێت و دۆخی ئەو لە ڕووی سیاسیەوە دەگەیەنێتە کوێ، چونکە گەر پارتی بزانێت ئێران لەدوای ئەم ململانێیە بە پەیوەندیەکانیدا دەچێتەوە و لانیکەم پەیوەندیەکانیان لاواز دەبن، ئەوا ئەگەری بەهێز ئەوەیە کە میکانیزمێك بدۆزێتەوە بۆ پرسی سەرۆك کۆمار، ئیدی پابەند نەبوونی هاوپەیمانەکانی بێت یان بایکۆت یان هەر رێگایەکیتر کە زیانی بۆ سومعەی حیزبەکەی نەبێت و لە لایەکی تریشەوە هاوسەنگیەك بگێڕیتەوە بۆ پەیوەندیەکانی و هەر ئەمەش سیاسەتە دروستەکەیە
چوارچێوەی هەماهەنگی (نوری مالکی)
چوارچیوەی هەماهەنگی تا ئێستا سورە لەسەر هەڵوێستەکانی، خاڵی بەهێز و کارتی فشاری ئەم ئاراستەیە لەدەرەوەی کورسی پەرلەمانی بوونی حەشدی شەعبیە، کە زۆر زەحمەتە لە عێراقدا بتوانرێت ئەم هێزە پەراوێز بخرێت یان وەك پێویست مامەڵەیان لەگەڵ نەکرێت، بەتایبەت پشتئەستورن بە پشتیوانی سیاسەتەکانی ئێران، وەك چۆن بەرامبەرەکانیان وا وێنا دەکرێت کە لە چوارچێوەی سیاسەتی وڵاتانی عەرەبی نەیاری ئێرانن
هەر بۆیە چوار چێوەی هەماهەنگی و یەکیەتی نیشتیمانی لەگەڵ هەندێك هێزیتریش دەچنە نێو ململانێی بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆك کۆمارەوە، هەرچەند پێ ناچی بەبێ نیمچە مسۆگەرکردنێك بهێڵن نیسابی کۆبوونەوە بۆ ئەو پرسە تەواو ببێت و کێشە بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمان دروست دەبێت، تا کات درێژە بکێشێت، چونکە کات بەقازانجی ڕێککەوتنی سێ قۆڵی نیە و بە پێچەوانەوە بە قازانجی بەرامبەرەکانیانە.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق