ئەمریکا: ئەگەر ڕووسیا ئەم وڵاتە داگیربکات سزای قورسی دەدەین

ليست هناك تعليقات


بەرپرسێکی باڵای رووسیا رایدەگەیێنێت کە گفتوگۆیەکی "قورس"ـی لەگەڵ هاوتا ئەمریکییەکەی لە کۆبوونەوە سەرەتاییەکەی رۆژی یەکشەممەدا هەبووە، ئەوەش لەکاتێکدایە کە کۆبوونەوەکان لەبارەی پرسی ئۆکراینا و ترسی داگیرکردنی لەلایەن رووسیاوە لە ئارادان.

رۆژی یەکشەممە 9-1-2022 ئاژانسی هەواڵیی ئیتەرفاکسی رووسی لەسەر زاری سێرگی ریابکۆڤ، جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا رایگەیاند، گفتوگۆکە قورس بووە، بەهیچ شێوەیەک ئاسان نەبوو. ئەوەش دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ وێندی شێرمان، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە ژنێف هات.

بڕیارە رۆژی دووشەممە 10-01-2022 کۆبوونەوەی نێوان ئەمریکا و رووسیا لەسەر ئاستی باڵا بەردەوامبێت. رابکۆڤ لەبارەی کۆبوونەوەی رۆژی دووشەممەوە گوتی، کات بەفیڕۆ نادەن، گوتیشی، "هەمیشە گەشبینم."

ئەوە لەکاتێکدایە کە ئەمریکا و رووسیا لەسەر پرسی ئۆکراینا هەڵوێستی تووندیان لە بەرامبەر یەکدی نواندووە و ئەمریکاش دەڵێت، ئەگەر بێتو رووسیا نیازی داگیرکردنی ئۆکراینای هەبێت، "سزای قورسی" دەدەن.

پێشتریش، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا داوای لە رووسیا کرد بۆ ئەوەی لە گرژی دووربکەوێتەوە، رێگەچارەی دیپلۆماسی هەڵبژێرێت. لای خۆشیەوە، رووسیا کە رووبەڕووی گوشارێکی زۆر بووەتەوە بۆ کشانەوەی هێزەکانی لەسەر سنووری ئۆکراینا، داوای گەرەنتیی ئەمنی لە رۆژئاوا دەکات و داوا دەکات رێگە نەدەن ئۆکراینا ببێتە ئەندامی ناتۆ.

لەدوای کۆبوونەوەی ریابکۆڤ و شێرمەن، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و گوتی، شێرمەن، "جەختی لە پابەندیی ئەمریکا بە پرەنسیپە نێودەوڵەتییەکانی سەروەری، ئاسایشی ناوچەکە و ئازادیی وڵاتە خاوەن سەروەرییەکان بۆ هەڵبژاردنی هاوپەیمانەکانیان کردەوە."

پێش ئەوەی کۆبوونەوەکە دەستپێبکات، ریابکۆڤ بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، مۆسکۆ لەو ئاماژانەی لە واشنتن و برووکسلەوە دێن بێهیوا بووە.

کۆبوونەوە دیپلۆماسییەکانی نێوان ئەمریکا و رووسیا لە ماوەی یەک هەفتەدا کۆتایی دێن و تێیدا بەرپرسانی رووسیا لەگەڵ نوێنەرانی ناتۆ و رێکخراوی ئاسایش و هاوئاهەنگیی ئەوروپا کۆدەبنەوە، واشنتنیش جەخت لەوە دەکاتەوە کە هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی پشتی بەرنادەن.

رۆژی یەکشەممە 9-1-2022 ئەنتۆنی بلینکن، بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، رێگەچارەیەکی دیالۆگ و دیپلۆماسی بۆ چارەسەرکردنی بەشێک لە جیاوازییەکان هەیە. باسی لەوەش کرد، رێگەچارەی دیکە، بەرەنگاربوونەوە و دەرهاوێشتەی گەورەیە ئەگەر بێتو رووسیا داگیرکارییەکانی لە بەرامبەر ئۆکراینا دووبارە بکاتەوە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif