وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند: لە مانگی یەکی 2022دا زیاتر لە 99 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاویان هەناردەی بازاڕەکانی جیهان کردووە و داهاتی ئەو نەوتەش زیاتر لە 8 ملیار دۆلار.
وەزارەتی نەوتی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە 1.2.2022 راپۆرتی بەرایی بڕی هەناردەی نەوت و داهاتەکەی لە مانگی رابردوو بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "بەپێی ئامارە سەرەتاییەکانی کۆمپانیای فرۆشتنی نەوتی خاوی عێراق-سۆمۆ، بڕی نەوتی خاوی هەناردەکراو لە مانگی یەکی رابردوودا گەیشتە 99 ملیۆن و 286 هەزار و 78 بەرمیل نەوت؛ داهاتی ئەو نەوتەش گەیشتە 8 ملیار و 27 ملیۆن دۆلار".
وەزارەتی نەوتی عێراق راشیگەیاند: "تێکڕای نەوتی خاوی هەناردەکراو لە کێڵگەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق لە مانگی رابردوودا گەیشتە 96 ملیۆن و 430 هەزار و 596 بەرمیل؛ هاوکات هەناردەی نەوتی خاو لە کێڵگەکانی کەرکووکەوە بۆ بەندەری جەیهان لە تورکیا گەیشتە 2 ملیۆن و 545 هەزار و 656 بەرمیل".
وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێت: "هەناردەی رۆژانەی نەوتی خاو لە عێراق مانگی رابردوو گەیشتە 3 ملیۆن و 203 هەزار بەرمیل؛ هەر بەرمیلێکی ئەو نەوتەش بە زیاتر لە 83 دۆلار و 24 سەنت فرۆشرا".
وەزارەتی نەوتی عێراق لە مانگی یەکی ئەمساڵدا رایگەیاند: "بڕی نەوتی خاوی هەناردەکراو لە مانگی 12ی ساڵی 2021 گەیشتە زیاتر لە 101 ملیۆن بەرمیل؛ داهاتی ئەو نەوتەش گەیشتە 7 ملیار و 37 ملیۆن دۆلار". ئاشکراشی کردبوو، کە هەر بەرمیلێکی ئەو نەوتە بە زیاتر لە 72 دۆلار فرۆشرا بوو.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق