فارس نەورۆڵی
-
لە کتێبی ئەفسانەی گریکدا لە نوسینی ( د.عبدولمعطی الشعراوی)دا هاتووە، کە میسرییە کۆنەکان دەڵێن: ئەتڵەس کوڕی (بۆسیدۆن) و براکانی سوێندیان بۆ یەکدی خوارد بۆ هەمیشە دڵسۆزی یەکدی بن، هەتا ماوەیەک لەسەر سوێند و پەیمانی خۆیان بەردەوام بوون، بەڵام هێندەی پێنەچوو بێ ئەوەی هەستی پێبکەن کەوتنە ژێرکاریگەری بریقە و باقی زێڕو زیو و مروارییەوە، سامان و دەستکەوت کاریگەری دانان، ئیدی دەسبەرداری سوێند و پەیمانەکەیان بوون.
براکان لێکترازان و جیابوونەوە و هەڵوەشانەوە. هەر برایەک بە تەنها بۆ خۆی هەوڵیدەدا و بۆ خۆی شەڕی دەکرد. ئەمە بووە خاڵی لاواز و سەرەتای شکستیان. بۆیە ئەسینییەکان یەك یەک پەلاماریاندان و تێکیانشکاندن، ئیتر خوداوەند تۆفان و با و بارانی بۆ ناردن و تەفروتونای کردن. ( دیارە خوداوەند شکاندنی پەیمانی نێوان ئەتڵەس و براکانی پێ خۆش نەبووە)
گەلی کورد لە مێژوودا چەندجار ئەم ئەفسانەیەی بە واقیع ئەزموون کردووە و هیچ پەندیشی لێ وەرنەگرتووە.
ئێستا لە هەرێمی کوردستاندا لە ئەنجامی هەوڵدان بۆ بە دەسهێنانی دەستکەوتی تایبەتی چاکەی گشتیمان فەرامۆش کردووە، کە بەلای بەندەوە چاکەی گشتی واتە کەرامەتی تاک بە تاکی ئەم نەتەوەیە.
ئەگەر سەیری سەقفی داواکارییەکانی هەرێم بکەین لە ۲٠٠٥هەتا ساڵی ۲٠۲۲ ، دەبینین سەقفی داواکارییەکانمان چەند دابەزیووە بۆ ئاستێکی زۆر سادە و هەتا ڕادەیەکیش بێمانا، هۆکاری سەرەکی ئەم پاشەکشە لە داواکاریی بۆ ئەو ترازانەی نێو ماڵی کورد و ماڵی حزبەکان دەگەڕێتەوە.
ئەمڕۆ کوردستان لە دۆخێکی هەستیاردایەو پێویستی بە وردبینی سیاسی و گوتاری مانادار هەیە.
کەواتە پێویستە ئەم گوتارە لەرزۆکەی ئێستا بگۆڕین بۆ گوتارێکی ستراتیجی ئاست بەرز، ئەمەش پێویستە لە ناوخۆدا هەرلایەک کەمێک لە داواکانی خۆی دابەزێ بۆ ئەوەی سەقفی داواکانی دەرەوەی خۆمان بەرزبکەینەوە.
ئەمڕۆ ۱٥ی ۲ لە ساڵیادی کۆچی خوالێیخۆشبێت د. ڕۆژدا، سەرۆک نێچیرەڤان بارزانی وتارێکی پێشکەشکرد، پێش دەستپێکردنی گوتارەکەی وەک هەمیشە چاوەڕێ بووم بە قسەکانی دۆخەکە ئارام بکاتەوە. خۆشبەختانە لە گوتارەکەدا وتی: ( بە پێکەوەبوون زۆر دەسکەوتمان دەستدەکەوێت، بە پێچەوانەوە بە ترازان و لێک دوورکەوتنەوە دڵنیاتان دەکەمەوە هیچ لایەنێک لە کوردستان هیچی دەست ناکەوێت )
بەندە لە هۆڵەکەدابووم بە وردی گوێبیستی گوتارەکەی بووم، بە قوڵی لە ڕووی دەرونییەوە دەمخوێندەوە دەمزانی چەند بە باوەڕێکی پتەو خەمێکی قوڵەوە دەیگوت: دڵنیاتان دەکەمەوە بە ترازان هیچ لایەنێک هیچ بە دەست ناهێنێت"
ئەگەر بە چیرۆکی ئەتڵەس و براکانی و واقیعی داواکارییەکانی کورد لە ۲٠٠٥ لەتەک ئێستادا بەراورد بکەین و بخوێنینەوە، دەزانین گوتارەکەی نێچیرەڤان بارزانی ڕەهەندی سیاسی و ئابوری و سایکۆلۆژی هەیە، کە لە هەر سێ ڕەهەندەکەدا یاخود لە هەر سێ کایەکەدا کوردستان لە قەیرانی قوڵدایە، ئەم قەیرانانەش بەهۆی ترازانی ناوخۆیی نێوان حزبەکانەوە دروست بووە.
ئەوەشی ئێستا لە نێوان بەغدا و هەرێمدا دەگوزەرێ وەک یارییەکی شەترەنج وایە، ئەوان لە بەرامبەر هەرێمی کوردستاندا سەربازەکان و وەزیرەکان جوڵە پێدەکەن بۆ ئەوەی لە کۆتایی یارییەکەدا کش مەلیک لە هەرێم بکەن.
هەرچەندە کورد ئەزموونی لەتەک ئەم جۆرە گەمانەداهەیە، بەڵام لە ڕاستیدا بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە جوڵەیەکی بەهێزی سەرۆکی هەرێمی دەوێت بۆ ئەوەی یارییەکە پێچەوانە بکاتەوە. پاڵپشتی ئەم جوڵەیەش دەبێت لە ئاستی سیاسی و جەماوەریدا بێت.
ئەرکی ئەخلاقی لەسەر حزبەکانە بۆ ئەوەی بە تێگەیشتنێکی واقیعی ئەم قۆناغە تێپەڕێنین، دەبێ بەرمەبنای ستراتیژی (دوور لە ڕق و ئینکاریکردنی یەکتر) لە مەسەلە ستراتیژییەکاندا خاوەنی یەك گوتاربین، تاكو بتوانین بێ جیاوازی بیرکردنەوە لە ناوەوە و دەرەوە گوتارێکی هاوبەشمان هەبێت. ئەگینا وەک سەرۆک نێچیرەڤان دڵنیایی بە هەموولایەکدا، کە لە ترازان و لێکدابڕاندا هیچ لایەک هیچ بەدەستناهێنێ و گورزی کوشندەمان بەردەکەوێت.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق