بۆچی سەرۆكی هەرێم ئەم پێشوازیەی قبوڵە؟

ليست هناك تعليقات

 


سەردانی لە ناكاوی سەرۆكی هەرێم بۆ توركیا قسەو باسی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا ئەویش لەبەر دوو هۆكار، كە یەكێكیان دانەنانی ئاڵای كوردستان و دووهەمیان ناوهێنانی نێچیرڤان بارزانی بوو بە سەرۆكی هەرێمی باكوری عێراق نەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان

ئەوەی وایكردوە كە توركیا بەو شێوازە مامەڵە لەگەل هەرێم بكات قۆناغی لوتبەرزی وڵاتێكی دراوسێیە بەرامبەر بە هەرێمی كوردستان لە قۆناغێكی هەستیاری لاوازدا، لاوازیەك كە دەكرێت سەدان هۆكاری بۆ ڕیز بكەین، بەڵام ئەوە هیچ لەو ڕاستیە ناشارێتەوە كە توركیا لە سۆنگەی هێزی خۆیەوە مامەڵە لەگەڵ هەرێم دەكات، هەرێمێك كە توركیا تا ئێستاش وەك ئەمری واقع مامەڵەی لەگەڵ كردوە نەك لە ڕوانگەی دەستور و پێگەی یاسایی خودی هەرێمەكەوە، چونكە توركیا هیچ كات لە گەل بوونی هەرێمێك نیە بەناوی كوردستانەوە و سیاسەتەكانیشی مامەڵەكردنێكی ناهاوسەنگە نەك هاوسەنگ، چونكە توركیا لە گۆشە نیگای وڵاتێكی گەورەی خاوەن پێگەی بەهێز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست و یەكێك لە هیزەكانی ناتۆ لە دەوروبەر دەڕوانێت بەتایبەت ئەو دەوروبەرە هەرێمێكی بێ پشتیوانی بە نەیار دەورە دراوبێت لە عێراقێكی بێ سەروەری لاوازدا

هەر بۆیە گەر لە ڕوانگەیەكی سیاسیەوە لێی بڕوانیت ئەوا باش دەزانیت كە هەرێم و سەرۆكەكەی خوازیاری مامەڵەیەك نین كە لە ئاستی پێگەی خۆیان و هەرێمەكەیاندا نەبێت یان نیشانەی پرسیار بخاتە سەر پێگەكەیان، بەلام ئەوەی وا دەكات ئەوە بە قبوڵكراوی تێپەڕێ زەرورەتی بوونی پەیوەندی هەرێم و تێكنەچونی پەیوەندیەكەیەتی لەگەڵ توركیا، پەیوەندیەك كە دەكرێ لە هەركاتێكدابێت بەتێكچونی ببێتە مەترسیەكی جدی لەسەر خودی قەوارەكە، چونكە هەرێم نەك هیچ حەسانەیەكی عێراقی نیە بۆ پاراستنی بەڵكو دوور نیە بەغداد مەترسیەكە گەورەتربكات، بۆیە بوونی پەیوەندی لەگەل توركیا ئەگەرچی نا هاوسەنگیشبێت باشترە تا تێكچونی پەیوەندی لەگەڵی

هەر بۆیە هەرێمی كوردستان ناچارە دەست بە پەیوەندیەكانیەوە بگرێت ئەگەرچی لە ئاست پێگەی هەرێمەكەشیدا نەبن چونكە توركیا وڵاتێكی بێ بەدیلە بۆ هەرێم و سنورێكی گەورەی جوگرافی لە نێواندا هەیە و ئەوەی لە تێكچونی پەیوەندیەكان زیان دەكات بەدەرەجەیەك هەرێمە نەك توركیا، چونكە سیاسەتی وڵاتان لە ناوچەكەدا لە سەر بنەمای بەرژەوەندی دامەزراوە و لەو چوارچێوەیەشدا هیچ وڵاتێك ئامادە نیە ببێتە پشتیوانی هەرێم لەبەرامبەر توركیا، مەنتیقی هێز و بەرژەوەندیش وا دەخوازێت كە لە نێوان هەرێم و توركیادا بۆ ئەوان توركیا گرنگە، هەر بۆیە هەرێمی كوردستان و بەرپرسەكانی مەحكومن بەو مامەڵەیەی وڵاتە دراوسێكان لەگەلی دەكەن ئەگەرچی دڵخوازیشیان نەبێت هەر دەبێت هەوڵی پاراستنی بدەن، چونكە ئەوان لە خاڵی بەهێزیدان نەك هەرێم، لە چەندین ڕووی سیاسی و ئابوریەوە هەرێم وابەستەیی بۆ دروست بوە، ئەگەرچی بەشێكی بەهۆی ململانێی نێوخۆیی و دەستشكاندنەوەی حیزبەكانەوە دروست بوە و دەتوانرا وا نەبێت و ئەوە قسەیتر هەڵدەگرێت

خۆ گەر ڕۆژێك بێت و پێگەی هەرێم بەهێزبێت  یان ببێتە وڵاتێكی خاوەن سەروەری و حەسانەیەكی بۆ دروستت ببێت یان هەندێك وڵات ئەوەندە بەرژەوەندیان لێرە هەبێت كە ئامادەبن پەیوەندیەكانیان لەسەر هەرێم لەگەل وڵاتیتردا تێك بدەن، ئەوا ئەو كات نەك هەر قبوڵ ناكرێت مامەڵەیەكی لەگەڵ بكرێت كەلە ئاستیدا نەبێت دوور نیە پێچەوانە ببێتەوە، چونكە هیچ وڵاتێك نیە لە لاوازیدا بتوانێ وەك بەهیز مامەڵە بكات بەڵكو ئەوە واقعە خۆی بەسەرتدا دەسەپێنێ كە چۆن مامەڵەت لەگەڵ دەكرێت و كەسیش پێی خۆش نیە وەك پێویست ڕێزلە خۆی و ولاتەكەی نەگیرێ بەڵام هەندێك جار قبوڵكردنەكە ناچاری و لە پێناو مانەوەدایە، بەتایبەت بۆ هەرێمی كوردستان كە خاوەن كیانێكی سەربەخۆ نیە تا سەروەری هەبێت و دۆستێكیشی نیە بیپارێزێ لەو كاتانەی كە مەترسی لەسەر دروست دەبێت، بۆیە باشترین ڕێگا خۆلادانە لە تێكچونی پەیوەندیەكان و دروستبوونی مەترسی

عوسمان عبدلڵە گوڵپی

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif