وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل داوای لەهاوڵاتیانی وڵاتەکەی کرد لەئۆکراین، ئەو وڵاتە بەجێبهێڵن، ئەمریكاو بەریتانیا زەنگی ئاگاداركردنەوەیان بۆهاوڵاتییەکانیان لەئۆکراین لێدا. هاوپەیمانیی باکوری ئەتڵەسی ناسراو بەناتۆ هەڕەشەی سزادانی ڕوسیا دەکاتو سەرۆکی بەشێک لەوڵاتانی زلهێز بەردەوام هۆشداریدەدەنو باس لەهەڵگیرسانی جەنگێکی وێرانکەر دەكەن. لەماوەیەکی کەمدا نرخی نەوت لەبازاڕەکانی جیهاندا نزیکەی چوار دۆلار بەرزبوەوە. ئەڵمانیاو تورکیاو عێراقیش داوایان لەهاوڵاتیەکانیان کرد بەزوترینکات ئۆکراین جێبهێڵنو مەترسی هەڵگیرسانی شەڕیان لەو وڵاتە ئاشکراکرد.
ئەمە ئەو دۆخەیە کە ڕوسیا بەکۆکردنەوەی زیاتر لە 100 هەزار سەرباز بەدرێژایی زیاتر لە1600 کیلۆمەتری سنورەکانی لەگەڵ ئۆکراینو ئامادەکردنی هەزاران تانکو پێداویستی سەربازیی بۆ هێرشکردنەسەر ئۆکراین دروستیکردوە.
تادێت پەرەسەندنە سیاسیو سەربازییو تەنانەت ئابورییەکان لەسنوری نێوان ڕِوسیاو ئۆکراین زیاتر دەبنو ئەگەری هێرشی سوپای ڕوسیا بۆ سەر کیێڤی پایتەخت بەهێزتر دەبێتو وڵاتانی ناوچەکەو جیهانیش هۆشداریدەدەنو باس لەوەڵامدانەوەی ڕاستەوخۆی سوپای ڕوسیا دەکەن.
هەرچەند ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی ڕوسیا ڕەتیدەکاتەوە کە کۆکردنەوەی هێزی سەربازیی لەسەر سنورەکانی ئۆکراین بەمەبەستی هێرش بێت، بەڵام لەچەند ڕۆژی ڕابردودا جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، بەپێی زانیارییە هەواڵگرییەکانیان لەماوەیەکی کەمدا ڕوسیا ئۆکراین داگیردەکاتو لەپەیوەندییەکی تەلەفۆنیشدا بەهاوتا ئۆکراینییەکەی ڕاگەیاند، ئەگەر ڕوسیا بیەوێت ئۆکراین داگیربکات، ئەمریکاو ھاوپەیمانەکانی وەڵامی یەکلاکەرەوەیان دەبێت.
لەبەرامبەردا ڤۆلۆدیمەر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکراین ڕایگەیاند، ڕوسیا لەهەوڵی ناسەقامگیرکردنی وڵاتەکەیدایە.
لەلایەکی ترەوە، یەنس ستۆڵتنبێرگ سکرتێری گشتی ھاوپەیمانی باکوری ئەتڵەسی ناسراو بەناتۆ ڕایگەیاند، ھێرشکردنەسەر ئۆکراین باجی قورسی دەبێتو پێویستە ڕوسیا بەپرسیاریەتی دەرەنجامەکانی لەئەستۆ بگرێت.
ناکۆکیو کێشەکانی نێوان ئۆکراینو ڕوسیا نوێ نییەو لەدوای هەڵوەشانەوەی یەکێتی سۆڤیەتو سەربەخۆبوونی ئۆکراین کێشەکان دەستیپێکردوەو لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوشدا بەرپرسانی ئۆکراین لەهەوڵی دورکەوتنەوەی زیاتر لەڕوسیاو نزیکبونەوەن لەوڵاتانی ئەوروپاو هاوکات هەوڵی بەئەندامبوونی ئەو وڵاتە لەناتۆ، ڕوسیای زیاتر توڕەکردوە.
جیاواز لەڕەهەندە سیاسیو سەربازییەکان، دۆخەکە ڕەهەندێکی ئابوری گەورەشی هەیەو هەر بەهۆی پەرەسەندنە سیاسیو سەربازییەکانی سنوری ڕوسیاو ئۆکراین، نرخی نەوت لەبازاڕەکانی جیهاندا بەڕێژەی نزیکەی چوار دۆلار بەرزبونەوەی بەخۆوە بینیو نرزی هەر بەرمیلێک نەوت گەیشتە 95 دۆلار لەئەگەری یەکەمین پریشکی ئاگری شەڕە چاوەڕوانکراوەکەدا ڕەنگە بەڕێژەیەکی بەرچاو بەرزبونەوەی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت.
ئەمە جگە لەئەگەری دروستبوونی کێشەی گەورە بۆ گواستنەوەی گازی ڕوسیا بۆ ئەوروپا، بەتایبەت بۆری گازی ڕوسیا بۆ ئەڵمانیا کە تائێستا نەکەوتوەتەکارو بڕیارە بەناو خاکی ئۆکرایندا تێپەڕێت.
ئێستا جیهان لەچاوەڕوانیی شەڕێکدایە کە بەپێی پێشبینییەکان شەڕێکی وێرانکەر دەبێتو بەخوێندنەوەی هەڕەشەی وڵاتانی زلهێز بەرامبەر بەڕوسیا، دەکرێت لەئەگەری ڕودانیدا بەشەڕێکی گەورەی جیهانی وەسفبکرێت.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق