مەلا بەختیار
-
دادگای ئیتیحادی عێراق، دوای زیاتر لە (10) ساڵ لە سكاڵای یاسایی لەمەڕ نەوتو گاز دژی هەرێمی كوردستان، لەمكاتەدا كە عێراق لە رۆخی دۆخی مەترسیدارە، كەیسی ژەنگرتوی گرێبەستەكانی نەوتو گازو مافی هەرێمی كوردستانی لە سەرچاوە سروشتیەكان، لە كاتژمێرێكی سیاسی سەیردا، هێنایەوە ئارای مەرامو بڕیارێكی چاوەڕواننەكراوی دژی هەرێمی كوردستان دا.
لەم نوسینەدا، ناچمە سەر وردەكاری یاساییو رێسایی كەیسەكە. ئەمەیان ئەركی پسپۆڕەكانە. ئەوەی لای من مایەی راچڵەكینە، كاتژمێری بڕیارەكەیەو بڕیارەكەش، چەندین پرسیاری رەوا دەوروژێنێ. وەكو:
یەكەم: بۆچی دادگا؛ دوای زیاتر لە (10) ساڵ ئەم كەیسەی گەیاندە بڕیاری بێ كۆتایی؟
دووەم: بۆچی دادگا؛ پەیوەندی بە هەرێمی كوردستانیشەوە نەكردووە، هەتا زانیارییان بخەنە بەردەست؟ یان بۆچی زانیاریان لەسەر هەرێم لە حكومەتی عێراقیش وەرنەگرتووە؟
سێهەم: بۆچی دادگا؛ لە حكومەتەكانی عێراق ناپێچێتەوە، كە ئایا لە (10) ساڵی رابوردودا چۆن لە هەرێمی كوردستانیان قبوڵ كردووە، گرێبەستەكانی نەوتو گاز تێپەڕێنن؟
چوارەم: لەهەمووی گرنگتر، ئەی بۆچی لەم دۆخەدا كە كێشەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمارو پاشان سەرۆك وەزیرانو كابینە هەیە، دادگای ئیتیحادی رێك لەم كاتژمێرەدا كەیسەكەی وروژاند؟
ئەوەندەی تێیگەیشتبین، ئەم كەیسە وەكو ئاگری بن كا وایە.. دەسیسەیەك لەم هەلومەرجەدا دژی كوردستان، ئاگرەكەی گەشاندۆتەوە.
ئەم بڕیارانەش، مەترسی ترم بیردەخاتەوە، كە هەرێم لەبەردەم پیلانێكی ئیقلیمی گەورەتردایە. (دوو ساڵە قسەی لەسەر دەكەم) لاموایە، دۆخەكە ئاوا بەردەوام بێ، پەلكێشمان دەكەن بۆ بەتاڵكردنەوەی مادەی (140)یش. بەڵكو بۆ كەمكردنەوەی رێژەی موچەخۆرو هێزی چەكداری كوردستانیش.. بە رادەیەك كەمیدەكەنەوە، لەشكرێك لە بێكار رووبەڕووی هەرێم دەكەنەوە.
لەم دۆخە سیاسیەی هەرێمدا، كە لایەنە سیاسیەكانی لێكترازاوون، بڕیارەكە بۆئەوەیە حكومەتی هەرێم نەتوانێ بەرهەڵستی بڕیارەكەی دادگا، بەهۆی ناكۆكی لایەنەكانو قەیرانی داراییو فشاری خەڵكەوە، بكات. بەمەش زوو دەركەوت زلكردنی كێشەكان لەسەر سەرۆك كۆمار چ زیانێكی لێكەوتەوەو حاڵیش وا بڕوات، چ كارەساتێك چاوەڕوانی كوردستانە. واتا: پرسی هەرێم دەكرێتە قوربانی پۆست. بێئاگا لەوەی لە دەوروبەردا چی دەگوزەرێ.
لەكۆتاییشدا.. ئەم قسانەم پاساو نییە بۆ هیچ چەشنە گەندەڵییەك لە كەیسی نەوتو گازدا، كە لە رابوردودا كراوە. چ ئەو گەندەڵیەی بە سیستەم كراوەو چ ئەو گەندەڵیەی بە هەڕەمەكی.. نەوتو گاز بە قاچاخ ئاودیو كراوە. بەندە چوار ساڵ لەمەوبەر گوتومە: بەرپرسەكان لە نەوتەوە بۆ جەوت دەدزن. هەر ئەو رەفتارانەشە وای كردووە، بەشێكی جەماوەر ئەم بڕیارە نابەجێیەی دادگای فیدراڵیان لا ئاسایی بێ. بەڵكو هەفتە تێناپەڕێ، ناڕەزایی خوێندكاران، موچەخۆران، ژینگەپارێزان، عەلوەكان، مامۆستایانی گرێبەست رونەدات. هەروەها كێشەی كەمی كارەباو گرانی سوتەمەنی تەنگی بە كەمدەرامەتەكان هەڵچنیووە. پێموایە، دۆخێكی بابەتی خوڵقاوە، كە حكومەت كێشەكانی پێ چارەسەر ناكرێو خەڵكیش بە چارەسەری حكومەت رازی نابێ.. ئەم هەلومەرجە پێماندەڵێ: دۆخێكی جەماوەری خرۆشاو.. لە جۆش خواردندایە!!
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق