کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن: دوای 1ـی نیسان گرفت بۆ هەڵبژاردن دروستدەبێت

ليست هناك تعليقات


گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی کوردستان دەڵێت، داوایان لە پەرلەمانی کوردستان کردووە تاوەکو رۆژی 1ـی نیسانی 2022 چارەنووسی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران و هەمواری یاسای هەڵبژاردن یەکلابکرێتەوە، چونکە دوای ئەو رۆژە گرفت بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دروستدەبێت و ئەوان کە ماوەی یاساییان تەواوبووە ناتوانن هەڵبژاردن ئەنجامبدەن.

رۆژی پێنجشەممە، 3ـی ئاداری 2022، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی کوردستان راگەیاند، "رۆژی پێنجشەممە جارێکی دیکە بە نووسراو داوامان لە پەرلەمانی کوردستان کرد بۆ ئەوەی لەزووترین کاتتدا لەبارەی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆن کە ماوەی یاسایی بەسەرچووە بڕیار بدات، ئیدی بە بەردەوامبوونی ئەو ئەنجوومەنەی ئێستا بێت یان گۆڕانکاری بکرێت و ئەنجوومەنێکی دیکە دروستبێت، بەڵام لەهەردوو بارەکەدا دەبێت تاوەکو 1ی نیسانی 2022 تێنەپەڕێت."

سەبارەت بەدیاریکردنی رۆژی 1ـی نیسانی 2022 وەکو دوا رۆژی بەردەم پەرلەمانی کوردستان بۆ ئەو کارە، شیروان زرار گوتی: "کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن شەش مانگی پێویستە بۆ ئەوەی خۆی ئامادەبکات و گرێبەست بکات و کەرەستە و پێداویستییەکان دەستبخات، بۆیە تەنها ئەم ماوە لەبەردەم پەرلەماندایە بۆ ئەوەی ئەو کارە بکات و ئەگەر دوابکەوێت و هەر رۆژێ زیاتری پێبچێت، گرفت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دێتە پێشەوە."

بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و هەر هەڵبژاردنێکی دیکە لەهەرێمی کوردستان، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن پێویستی بە پێنج خاڵە، ئەوانیش ئەمانەن: "فەرمانی هەرێمی، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران کە ئامادە بن و ماوەی یاساییان بەسەرنەچووبێت، بودجەی پێویست، هاوکاریی لایەنەکان واتە لایەن و دامەزراوەکانی حکومەت و لایەنە سیاسییەکان، لەگەڵ کات کە بۆ هەرێمی کوردستان 6 مانگ پێویستە،" وەکو شیروان زرار گوتی.

گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان، سەبارەت بەوەی پەرلەمان کاتی پێویستی لەبەردەستدایە بۆ ئەوەی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران یان ماوەی یاساییان درێژ بکرێتەوە و متمانەیان پێبدرێتەوە بۆ خولێکی دیکە یان ئەوەی ئەنجوومەنێکی دیکەی کۆمیسیاران دروستبکرێتەوە، بە رووداوی گوت، "ئەوە دەمێنێتەوە سەر پەرلەمانی کوردستان و رێککەوتنی نێوان لایەنە سیاسییەکان. ئێمە لە کۆمیسیۆن چاوەڕوانی ئەوانین."

ئەنجوومەنی کۆمسیاران لە 9 ئەندام پێکدێت، سێ ئەندام لە پارتی، یەکێتی دوو ئەندام، گۆڕان دوو ئەندام و یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان و کۆمەڵی دادگەری هەریەکە و ئەندامێکیان لە ئەنجوومەنەکە هەیە؛ ئێستا دوو ئەندامی ناو ئەنجوومەنەکە نەماون، یەکێکیان کۆچی دوایی کردووە و یەکێکی دیکەیان لە سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران کار دەکات.

رۆژی پێنجشەممە 24-02-2022 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان فەرمانی هەرێمی بۆ دەستنیشانكردنی رۆژی هەڵبژاردنی گشتیی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان ـ عێراق واژۆ كرد، لە فەرمانه‌ هەرێمییه‌که‌دا هاتووە: "بەپێی یاسای ژمارە یەكی ساڵی 2005، یاسای سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان ـ عێراق، هەمواركراو، رۆژی 1/10/2022 وەك رۆژی ئەنجامدانی خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەستنیشانكرا."

بەپێی ئاماری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی کوردستان لە هەڵبژاردنی ساڵی 2018دا، لە هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستاندا 3 ملیۆن و85 هەزار و 461 کەس، مافی دەنگدانیان هەبوو؛ لەو ژمارەیە ملیۆنێک و 845 هەزار و 979 کەس بەشداری پرۆسەی دەنگدانیان کرد، بەمەش رێژەی بەشداری 59٪ بوو. لەو هەڵبژاردنەدا 29 لیست بەشداری هەڵبژاردنیان کرد و لە ئەنجامدا 16 لیست توانیان کورسی پەرلەمان بەدەستبهێنن.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif