فارس نەوڕۆڵی
-
بزوتنەوەی کوردایەتی لێرەو لەوێ لە ناوچەی جیاواز جیاوازدا لە هەلومەرجی سەختی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابوریدا، لە خەباتدا بوو بۆ ناساندنی مەسەلەی کورد، بەڵام ئەم هێزانە لەبەر ئەوەی پارچە پارچە بوون و لە ئاستی ناوچەیدا بوون نەیاندەتوانی کۆی هێزی کۆمەڵایەتی کوردستان ئاڕاستە بکەن.
بۆ دەربازبوون لەو قۆناغە کورد پێویستی بە پارادایمێک بوو لە ڕابەرایەتیکردن، هەتا بتوانێ وەک ئاشقێکی ئازادی کۆی ئەو گروپ و هێزانە لە مۆدێلێکی نوێدا ڕێك بخات، هەم ئاڕاستەیان بکات هەم هێزیان پێببەخشێت. مستەفا بارزانی ئەو کارەکتەرە بوو، کە پۆتاسیۆنی ڕابەرایەتی لە خۆدا هەڵگرتبوو.
بۆیە توانی پارادایمێکی نوێ لە ڕابەرایەتی و لە ڕێکخستندا بخولقێنێت، بزوتنەوەی نەتەوایەتی بگوازێتەوە بۆ قۆناغێکی دیکە، کە لە ڕووی زیهنی و سیاسییەوە جیاواز لە قۆناغی پێشتر. لێرەوە بارزانی دەچێتە جەنگی شوناس و دانپێدانان بەو مانایەی بە جیهان و دەوروبەر بڵێ ئێمەش نەتەوەین، ئێمەش هەین.
لە ناو جەنگی شوناسدا بارزانی جگە لەوەی جەنگی شوناسی کوردی دەکرد، لە هەمانکاتدا بەرگری لە ئاین و ئاینزاکانی کوردستان و عێراق دەکرد. ئەمە پرەنسیپی بارزانی بوو، مرۆڤبوون بێ جیاوازی ئاین و نەتەوە سەنتەر بوو لای بارزانی، ڕەسەنایەتی لای بارزانی ئەوە بوو خۆت بڕیاری خۆت هەبێت لە بڕیارو بیرکردنەوەدا، نەک لە دەرەوەی خۆت بیرت بۆ بکەنەوە و بڕیارت بۆ بدەن. ئەمەش بۆ نیشاندانی هەیبەتی نەتەوە بوو لە دۆخێکی واقیع بینانەدا. لە کاتێکدا سۆشیالیزم پارادایمێکی بەهێز بوو، بارزانی دوربینترو واقیع بینتر دۆخەکەی دەخوێندەوە، کە چۆن لە بەرژەوەندی گەلی کوردستاندا بێت. لەم بارەیەوە ڕادیۆی خۆجێی بەغدا لە مانگی (1966/7) دیدارێکی لەتەک بارزانیدا ئەنجامداوە، سەبارەت بە چارەسەری دۆخی عێراق و پرسیار لە بارزانی دەکات، لە وەڵامدا بارزانی دەڵێت:
(ڕێگایەکی بنەڕەتی و گونجاو هەیە بۆ مامەڵەکردن لەتەک بابەتەکان، کاری بنەڕەتی ئەوەیە کە حیکمەت و هەستکردن بە بەرپرسیارێتی هەبێت). دواتر پرسیاری دیکەی ئاراستە دەکات: ( زۆربەی وڵاتانی ئەمڕۆ ڕوو لە سۆشیالیزم دەکەن ئێوە چۆن تەماشای دەکەن؟) بارزانی لە وەڵامدا دەڵێت: ( ئەمە لە بنەڕەتدا پشت دەبەستێ بە گەل، ئێمە هەمووکات ئەوەمان پەسەندە، کە گەل پەسەندییەتی ئەگەر خەڵک سۆشیالیزمیان لە هەر فۆرمێکدا بوێت، ئەوا ئێمە پشتگیری دەکەین. مەسەلەی سیستمی سیاسی پەیوەستە بە ژیانی خەڵکەوە. ئێمە هەوڵدەدەین ژیانی دیموکراتی و حوکمی پەرلەمانی دامەزرێنین، کە تێیدا گەل بە تەواوی بە پێکهاتە جیاوازەکانەوە نوێنەرایەتی بکرێن ژیانی دیموکراتی بۆ عێراق سەلامەتترە. ئێمە بڕوای تەواومان بە گەل هەیە، گەل پێویستی بە ئارامی و ئاشتی و کار هەیە. ئێمە لە دروشم و بەیاننامە بێزاربوین ئەوەی نوقستانە بە کردارکردنی گوتارە). پێش ٥٦ ساڵ بارزانی ڕێگا چارەی کێشەکانی عێراقی خستوەتەڕوو، هەتا ئێستا چارەسەر نەکراوە.
بۆیە بۆ چارەسەری کێشەی عێراق پاراستنی شوناسی هەرپێکهاتەیەک ، گەڕانەوە بۆ جیهانبینی بارزانی چارەسەرە، چونکە بارزانی پێی وابوو جوڵانەوەی بێ ئامانج تەنها هەوڵی گرتنە دەستی دەسەڵاتە، بەڵام بزوتنەوەی ئامانجدار ئامانجی گەورەتری هەیە، کە شوناسە. بۆیە بارزانی بۆ هەموو پرس و پرسیارەکان دەیزانی لە کوێدا دەڵێ ( نا )و لە کوێدا دەڵێ بەڵی.
کەواتە لە یادی کۆچی قارەمانی جەنگی شوناسدا گەڕانەوە بۆ بیرو ڕێبازەکەی پاراستنی شوناسی تاک و نەتەوەو ئاینە جیاجیاکانە لە عێراق و ناوچەکەدا.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق