ئه‌مریكا و قه‌یرانی‌ ئۆكرانیا

ليست هناك تعليقات


بورهان شێخ ڕەئوف
-
له‌ ئۆكتۆبه‌ری‌ 2021 روسیا هێزه‌كانی‌ خۆی‌ له‌سه‌ر سنووری‌ ئۆكرانیا مۆڵدا، دواتر له‌ 24/2/2022 په‌لاماری‌ ئه‌و وڵاته‌ی‌ داو چووه‌ ناو خاكه‌كه‌یه‌وه‌، ئه‌وه‌ش ئه‌مریكای روبه‌ڕووی‌ قه‌یرانێكی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ گه‌وره‌ كرده‌وه‌، هێرشه‌كه‌ش بوو به‌ یه‌كێك له‌ قورسترین ته‌نگژه‌كان له‌ دوای‌ جه‌نگی‌ سارده‌وه‌ .

له‌ماوه‌ی‌ پێنج مانگی‌ سه‌رهه‌ڵدانی‌ ته‌نگژه‌كه‌دا، ئێداره‌ی‌ سه‌رۆك جۆ بایدن كۆمه‌ڵێك ئامانجی‌ ستراتیژی‌ گرنگی‌ دانا بۆ به‌ره‌ڤانی‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی‌ ئاسایشی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ ئه‌مریكا و كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ كاریگه‌رییه‌كانی‌ ئه‌و هێرشه‌ . به‌ڵام به‌هۆی‌ خێرایی‌ و توندوتیژی‌ رووداوه‌كانی‌ جه‌نگی‌ روسیا و ئۆكرانیا و پێداگیریی‌ و سووربوونی‌ مۆسكۆ له‌سه‌ر هه‌ڵوێسته‌كانی‌ و به‌ دیهێنانی‌ ئامانجه‌كانی‌، بۆشاییه‌كی‌ گه‌وره‌ له‌ نێوان ئامانجه‌كانی‌ ئه‌مریكا و كاردانه‌وه‌ و به‌ده‌مه‌وه‌چوونی‌ ئیداره‌ی‌ بایدن بۆ قه‌یرانه‌كه‌ دروستبوو، ئه‌مه‌ش له‌ داهاتوودا ته‌نگژه‌یه‌كی‌ ستراتیژی‌ بۆ واشنتۆن ده‌خوڵقێنێت و لێكه‌وته‌كانی‌ زیاتر وه‌ده‌رده‌كه‌ون .

ئامانجی‌ واشنتۆن
هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای‌ ئه‌م قه‌یرانه‌وه‌ ئه‌مریكا كۆمه‌ڵێك ئامانجی‌ ستراتیژی‌ بۆخۆی‌ دیاریكرد بۆ هه‌ڵسوكه‌وتكردن له‌ گه‌ڵیدا كه‌ ئه‌مانه‌ن:

1. هه‌واڵگری‌: ئاشكراكردنی‌ جموجۆڵه‌ سه‌ربازییه‌كانی‌ روسیا به‌ شێوه‌یه‌كی‌ به‌رده‌وام له‌ رووی‌ هه‌واڵگری‌ و هه‌ڵسه‌نگاندنی‌ ئاماده‌كارییه‌كانی‌ سوپای‌ ئه‌و وڵاته‌وه‌، به‌ جۆرێك كه‌ واده‌ی‌ ده‌ستپێكردنی‌ هێڕشه‌كه‌یان ده‌ست نیشان كردبوو كه‌ له‌ كۆتایی‌ مانگی‌ كانوونی‌ دووه‌م و ناوه‌ڕاستی‌ مانگی‌ شوباتدا بوو، ئه‌م هه‌ڵسه‌نگاندنانه‌ش به‌گوێره‌ی‌ وێنه‌ی‌ مانگه‌ ده‌ستكرده‌كان بوو له‌سه‌ر جموجووڵی‌ هێزه‌كانی‌ روسیا و هه‌واڵه‌كان له‌ مۆسكۆوه‌.

2. دابینكردنی‌ پشتیوانی‌ سیاسی‌ و سه‌ربازی‌ بۆ كیێف: ئه‌مریكا هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ هێڵێكی‌ سووری‌ بۆ خۆی‌ دانا كه‌ ناچێته‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی‌ راسته‌وخۆوه‌ له‌ گه‌ڵ مۆسكۆ، به‌ڵكو له‌ هه‌وڵی‌ كۆكردنه‌وه‌ی‌ پشتیوانی‌ سیاسی‌ و كۆمه‌كردن ده‌بێت به‌ ئۆكرانیا، ئه‌ویش له‌ رێگه‌ی‌ هه‌ماهه‌نگی‌ له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانه‌ ئه‌وروپییه‌كان و وڵاتانی‌ تری‌ وه‌كو یابان و كه‌نه‌دا بۆ پشتیوانی‌ گه‌ل و حكومه‌تی‌ ئۆكرانیا، هه‌روه‌ها ناردنی‌ بڕێكی‌ زۆری‌ چه‌كی‌ تازه‌ بۆ كیێف له‌كۆتایی‌ مانگی‌ كانوونی‌ یه‌كی‌ پێشوودا بۆ پشتیوانی‌ تواناكانی‌ سوپای‌ ئۆكرانیا، ئه‌مه‌ چ جای قایل بوونی‌ ناتۆ به‌ ناردنی‌ رۆكێتی‌ دژه‌ تانك و چه‌كی‌ ئه‌مریكی‌ تر .

3. سه‌پاندنی‌ سزا به‌سه‌ر روسیادا، به‌ڵام كه‌رتی‌ وه‌ز ناگرێته‌وه‌: ئه‌مریكا هه‌نگاو به‌ هه‌نگاو ده‌ستی‌ به‌سه‌پاندنی‌ سزای‌ ئابووری‌ كرد به‌سه‌ر روسیادا.

4. پێداگیری‌ له‌سه‌ر پشتیوانی‌ وڵاتانی‌ ئه‌ندامی‌ ناتۆ: ئه‌مریكا به‌ دوو ئاڕاسته‌ له‌م قه‌یرانه‌ ده‌ڕوانێت، لایه‌كی‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌ ئۆكرانیاوه‌ هه‌یه‌، لایه‌كه‌ی‌ تری به‌ ناتۆوه‌ چونكه‌ كێشه‌كه‌ نزیكه‌ له‌ سنووری‌ خۆرهه‌لاتی‌ ناتۆ، بۆیه‌ پشتیوانی‌ خۆی‌ بۆ ئه‌وانیش راگه‌یاندووه‌، له‌ مانگی‌ شوباتدا (3000) سه‌ربازی‌ ناردۆته‌ رۆمانیا و پۆله‌ندا و ئه‌ڵمانیا .

ئه‌وه‌ی‌ ده‌مێنێته‌وه‌ بێڵێین ئه‌وه‌یه‌ كه‌ تا ئێستا سزاو كاردانه‌وه‌كانی‌ ئه‌مریكا نه‌یتوانیوه‌ هه‌ڵوێستی‌ مۆسكۆ بگۆڕێت، به‌هۆی‌ كاریگه‌رنه‌بوونی‌ خێرای‌ سزای‌ ئابووری‌ و لاوازی‌ پشتیوانییه‌ سه‌ربازییه‌كانی‌ ئه‌مریكا و ناتۆ بۆ ئۆكرانیا.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif