عێراق چاوی لە چیە و مەترسیەکانی سەر هەرێم چین؟

ليست هناك تعليقات


عوسمان گوڵپی
-
لە ئێستادا جیهان سەرقاڵی قەیرانی ئۆكرانیایە، تاڕادەیەكیش دەستەوەستانن لە بەردەمیدا، چونكە ئەوروپاو ئەمریكا مەترسی گەورەبوونی جەنگەكەیان هەیە و دواتریش بەكار هێنانی چەكی قورس، هەر بۆیە ئەمریكاو ناتۆ زوو زوو پەیام دەدەنە ڕووسیا كە هیچ دەستوەردانێكی سەربازی لە ئارادا نیە، جونكە لە ئەگەری فراوان بوونی جەنگەكە ڕووسیا بە تەنها نامێنێتەوە و جیهان پێ دەنێتە جەنگێکی فراوانی وێرانکەرەوە

عێراق ئاڵۆزیەكانی ناوچەكە

عێراق لە ئێستادا لەبەردەم قەیرانی پێكنەهاتنی هێزەكاندایە، قەیرانێك كە دەكرێت دەستكرد و ئامانجداربێت، لە ڕووکەشدا پێکنەهاتنی هێزە براوەکانی هەڵبژاردن و لە ناوەڕۆکدا گەیاندن و گواستنەوەی عێراقبێت بۆ دۆخێکی پلان بۆ داڕێژراویتر کە ناوەند و ئاراستەیەکی بەهێز بکات

ئەو هۆکارانەی وا دەکەن عێراق چاوی لەسەر هەرێم بێت

یەکپارچەیی عێراق

هێزە عێراقیەکان لە کاتێکدا هەرێمیان قبوڵکرد و دەستوریان تێپەڕاند کە بۆ خۆیان لە دۆخێکی تایبەتی لاوازدا بوون و بڕیاریش لای ئەمریکیەکان بوو نەك عێراقیەکان، بۆیە ئەم قبوڵکردنە بە قبوڵکردنێکی ناچاری دادەنرێت بۆ ئەوکات، هەربۆیە هێزە عێراقیەکان هەمیشە بیریان لای بەهێزکردنەوەی ناوەند و تەعدیلی دەستورە، دەستورێك کە ئەوان پێیان وایە بە سودی هەرێمەکانە نەك ناوەند، ئەم خەونی بەهێزکردنەوەی ناوەندە، بە دیوەکەیتردا بە مانای خەونی لاوازکردنی هەرێم، بۆیە هەمیشە ئەم خەیاڵ و بیرکردنەوەیە وجودی هەیە لە عێراق، بەڵام لە هەر وێستگەیەکدا چەند دەرفەتی جێ بەجێکردنی دەبێت ئەوە قسەیەکیترە و لە دوای ڕیفراندۆم بەشێك لەم خەونە بوە ئەمری واقع و گەر هەندێك معادەلەی دەرەکی نەبوایە ئەوا خەونەکەیان بەتەواوی دەکردە ڕاستی، بۆیە هەمیشە ئەم بیرکردنەوەیە لە بەغداد مەوجودە و بەهێزیشە و پشتیوانی دەرەکیشی هەیە

بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و کارتی غازی سروشتی

لە ئێستادا و بە هۆی قەیرانی ئۆکرایناوە نرخی نەوت ڕۆژ بەرۆژ لە بەرزبوونەوەدایە، ئەمەش وادەکات کە عێراق چاوی لەسەر ئەو نەوتەبێت کە هەرێم دەیفرۆشێت، لە هەردوو ڕووی دارایی و سیاسیەوە عێراق دەیەوێت پرسی نەوت بباتەوە ژێر کۆنترۆڵی خۆی چونکە نرخی نەوت لە سەروو سەد دۆلارەوە داهاتێکی ڕۆژانەی زۆر گەورەیە، لە ڕووی سیاسیشەوە بۆهەرێم کارتێکی بەهێزە بۆ مامەڵەی دەرەکی بەتایبەت لەگەڵ تورکیا، بۆیە بەغداد دەیەوێت ئەو کارتە گرنگە بگێڕیتەوە بۆ ناوەند و بەمەش تەواوی مامەڵە دەرەکیەکان دەچنەوە ناوەند و پێگەی ناوەند بەهێزدەبێتەوە بەتایبەت لای تورکیا، بەهێزبوونەوەی پێگەی ناوەند بە مانای لاوازبوونی پێگەی هەرێمە

پرسی غازی سروشتی

لە ئێستادا چاوی وزە لە ناوچەکەدا چوەتە سەر غازی سروشتی، بەتایبەت کاتێك کە زانرا هەرێم خاوەنی گەورەترین یەدەکی غازی سروشتیە و دەتوانرێت ببێتە کارتێکیتری بەهێز بۆ هەرێم و ئەوەندەیتر پێگەی بەهێز دەکات، بۆیە ناوەند نایەوێت غاز لە بنەمادا ببێتە پرسێکی هەرێمی و چاوی لەسەر ئەوەیە پرسی غاز ببێتە پرسی مەرکەز، بەتایبەت ئەو کارتە وەك چەکێك بەدەست ڕووسیاوەیە بۆ وڵاتانی ئەوروپی بەرامبەری.

قەیرانی ئۆکراینا بەهێزی ئەوکارتەی لە جیهاندا دەرخست و ئەوروپاش هەوڵی دۆزینەوەی بەدیل دەدات تا ئەو چەکەی ڕووسیا بەرامبەر ئەوروپا بەتاڵ بکاتەوە، ئەگەرچی هێندە ئاسان نیە بەڵام بە هەندێك ڕێگا کاریگەریەکەی کەم دەکاتەوە.

لەم نێوەندەدا تورکیا لە دوو ڕووەوە دەیویست سود لە قەیرانی غازی سروشتی وەربگرێت، ئەویش بە سەیرکردنی وەك بەدیلێك بۆ غازی سروشتی لە ناوچەکەدا خاکی ئەو بەکار بێت بۆ ئەوروپا، ئەوا پێگەی تورکیا لای ئەوروپیەکان بەهێز دەبوو و ئەو کارتەی ئێستا ڕووسیا بەکاری دەهێنێت دژی ئەوروپا بەشێکی دەکەوێتە لای تورکیا و بەمەش پێگەی سیاسی تورکیا بەهێز دەبوو، لە ڕووی ئابوریشەوە دەبووە یەکێکیتر لە بەهێزترین داهاتەکان بۆ تورکیا

بۆ ئەمە تورکیا چاوی لەسەر هەرێم بوو، چاوی لەو یەدەکە گەورەیەیە کە هەرێم لە غازدا هەیەتی کە دەتوانێت ئەو ڕۆڵە بۆ تورکیا بگێڕێت کە دەیەوێت، بەڵام ئەمە هەر وا ئاسان نیە، بە پێشچاوی ئێران و بەغدادەوە هەرێم بتوانێت ئەم کارتە بخاتە چنگی تورکیا، بۆیە هەموو هەوڵی خۆیان دەدەن بۆ ئەوەی هەرێم نەتوانێت ئەم مامەڵەیە بکات و بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراقیش هەر لەم چوارچێوەیەدا بوو، بۆیە ئەم پرسە بۆ هەرێم دەبێتە کێشەیەکی گەورە گەر بە وردی مامەڵەی لەگەڵ نەکرێت، چونکە ئێران و ڕووسیا و دۆستەکانیان لێ ناگەڕێن تورکیا ببێتە هۆی کەمکردنەوەی فشارەکانیان و سوتانی کارتەکانیان، هەربۆیە لە ڕێگەی بەغدادەوە فشار دەخەنە سەر هەرێم تا نەچێتە نێو ململانێی ناوچەیی غازەوە، چونکە عێراق چاوی لەسەر ئەوەیە کە نەوت و غاز بخاتەوە ژێر چنگی خۆی گەر بە جوڵاندنی هیزیشبێت

بوونە بەشێك لە ئاراستە ناکۆکەکان

لە دوای ڕووخانی ڕژێمی سەدامەوە عێراق دابەش بووە بەسەر دوو ئاراستەدا، یەکێك لە ئاراستەکان ئەمریکاو دۆستەکانی و ئاراستەی دووەم ئێران و دۆستەکانی، ئەم دوو ئاراستەیە هەمیشە لە ململانێی و زۆران بازیدا بوون ئایا کامیان دەتوانن سیاسەتی خۆیان لە عێراق جێگیرکەن، ئەگەرچی لە هەندێك وێزگەدا نا هاوسەنگی هەبووە، بەڵام دواجار ئاراستەی یەکەم کە ئەمریکایە هەرزوو لەوە تێگەشت کە عێراق بەبێ ئێران ناتوانرێ ئیدارە بدرێت و دوور خستنەوەی دەستی ئێران لە عێراق گەر مەحاڵ نەبێت ئەوا باجێکی گەورەیی دەوێت و دواجاریش دەکرێت سەرکەوتوو نەبێت، بۆیە ئەمریکا بە غەیر موباشر هاوسەنگی پاراستوە و دەکرێ بوترێت کە ئەمریکاو ئێران پێکەوە ئیدارەی عێراقیان داوە لە ١٩ ساڵی ڕابردوودا

لە ئێستادا دۆخەکە بۆ ئەمریکا گۆڕاوە، عێراق لە پێشەنگی ستراتیژی سیاسەتی ئەمریکادا نەماوە و تاڕادەیەك پاشەکشەی کردوە، بەڵام ئەوە بەمانای جێ هێشتنی عێراق نیە بۆ ئێران، بەڵکو بە ئەندازەی پاشەکشەی ئەمریکا وڵاتانی عەرەبی نەیاری ئێران ڕۆڵیان زیادکردوە لە عێراق

لە ئێستادا کورد ئەگەرچی ڕاشی نەگەیاندبێت ئەوا دابەش بووە بەسەر ئەو دوو ئاراستەیەدا، ئاراستەیەك کە ئێران و دۆستەکانیەتی، ئاراستەیەکیش کە ئەمریکاو وڵاتانی عەرەبی دۆستین، هەربۆیە ئەمە زیانی بۆ هەرێم دەبێت گەر نەتوانێ هاوسەنگی بپارێزێت، چونکە ئێرانێك ئەمریکای لە عێراق ماندوو کردبێت، ڕازی نابێ بە ئاسانی وڵاتانی عەرەبی بە دەستی دوو ببنە گرفت لەبەردەمیدا بەتایبەت لە پرسی لەتکردنی ماڵی شیعەدا، کە ئەمەیان لای ئێران قابیلی نیقاش نیە، بۆیە هەموو هەوڵی خۆی دەخاتە گەر بۆ ئەوەی ئەم ئاراستەیە بەتەواوی لاواز بکات، ئەمەش لە ڕێگەی حکومەتی مەرکەزیوە کە فشار بۆسەر هەرێم زیاد دەکات و گرفتی جدی دێنێتە بەردەمی، بەتایبەت کاتێك کە دەوترێت هەرێم یانی دەسەڵاتی پارتی چونکە سەرۆکی حکومەت و هەرێم و جومگە گرنگەکانی لایە، هەربۆیە فشار بۆسەر هەرێم بە مانای فشارە بۆسەر پارتی نەك یەکیەتی، بەهۆی ئەو پەرتبوونەی کە ئێستاهەیە ئەوەندەیتر ئەمەی تۆخ کردۆتەوە

عێراق چی دەکات

حکومەتی عێراق فشارەکانی لەسەر هەرێم هەنگاو هەنگاو زیاد دەکات، لە نەوت و غازەوە دەستی پێکردوە تا دەگاتە کۆنترۆڵکردنی پەیوەندیەکانی دەرەوە وشکردنی سەرچاوەکانی دارایی و کۆنترۆڵکردنی سنورەکان، گەر هەرێم ڕەد فیعلێکی پێچەوانەی ڕازیبوونی هەبێ ئەوا عێراق فشارەکان دەگوازێتەوە بۆ بەریەكکەوتن، ئەگەرچی بەریەكکەوتنی سەربازی ئیختیارێکی نزیك نیەو دواکارتە چونکە ئێران لەگەڵ تێکچونی ئەمنیەتی ناوچەکەدا نیە و گرژیە سەربازیەکان بە قازانج نابینێت بۆ خۆی

بۆیە هەموو هەوڵەکان لە چوارچێوەی فشاردا دەمێننەوە، تا ئەوکاتەی هەرێم ملدەدات بۆ خواستەکانی ناوەند، لە حاڵەتی بەریەكکەوتن و بەبنبەست گەشتنی گفتوگۆدا، تاکە دەرچەیەك بۆ هەرێم تەداخولی ڕاستەوخۆی تورکیایە، بەڵام ئایا تورکیا ئەم ریسکە دەکات؟ ڕەدفیعلی ئێران چی دەبێت لەو دۆخەدا؟ ئایا تورکیا لە بەرامبەر پاراستنی بەرژەوەندیەکانی و پرسی پەکەکەدا نابێتە دۆستی ناوەند؟

عێراق سود لەسەرقاڵی جیهان وەردەگرێت

لە ئێستادا قەیرانی جەنگی ئۆکراینا تەواوی جیهانی سەرقاڵ کردوە، چونکە جەنگ لەدەرگای ئەوروپای داوە و لە کۆڵانی ئەمریکاشدایە و ئەولەویەتیش بۆ ئەوان قەیرانی ئۆکراینایە نەك عێراق، بۆیە لەم کاتەدا هەر گرژی و جوڵەیەکی سەربازی نێو عێراق گرنگیەکی ئەوتۆی نابێت و وەك پرسێکی نێوخۆیی تەماشا دەکرێت، چونکە بە هەموو پێوەرێك قەیرانی ئۆکراینا بۆ دۆستەکانی کورد گرنگترە تا قەیرانی هەرێم، بۆیە لە ئێسدا دۆخەکە لەبەرژەوەندی کورددا نیە

هەرێمی کوردستان چی بکات

ئەوەی گرنگە بۆ هەرێمی کوردستان لە ئێستادا، پلانێکی تۆکمەی وردە بۆ چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخەکەدا، بە جۆرێك کە نەکەوێتە ڕەدفیعل و نەبێتە بەشێك لە توندرکردنەوەی پەیوەندیەکانی نێوان هەرێم و بەغداد بەڵکو تەواوی سیاسەتەکەی لە چوارچێوەی تێپەڕاندنی کات و هێواشکردنەوەی ناکۆکیەکاندا بێت، لە ڕووی پەیوەندیەکانی دەرەوەش دەبێت هاوسەنگیەك دروستبکات لە نێوان جەمسەرە ناکۆکەکانی عێراقدا، بە جۆرێك نەبێتە فشار لەسەر هیچ لایەکیان و خوێندنەوەیەکی دروست بۆ پێگەی ئێران بکات لە عێراق و مامەڵەی لەگەڵ بکات، بە جۆرێك هەرێم وەك یەك پاکێج نێوماڵی خۆی ڕێکخاتەوە بۆئەوەی ئەو نا هاوسەنگیەی دروستبوە ڕاست بکرێتەوە و هەرێم نەبێتە بەشێك لە ململانێ ناوچەییەکان، چونکە لەو سەرو بەندانەی کە گەورەکان لەبەردەم مەترسی جەنگدان و قەیرانی گەورە دروست دەبێت گۆڕانکاریە ناوچەیی و هەرێمیەکان خێراتر و بێ کاریگەرتردەبن و هاوسەنگی هێزیش ناگۆڕن، بۆیە کەنار گیری و یاریکردن لەگەڵ کات باشترین ڕێگای مانەوەیە و ئەکرێت گەورەترین سەرکەوتنی کورد لەم قۆناغەدا ئەوەبێ کە هیچ لەدەست نەدات، چونکە ئەم دۆخە دۆخی بەدەستهێنان نیە، بەڵکو قۆناغی خۆپارێزیە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif