عادل باخەوان
-
سەرەتاوڵاتانی کەنداو کە وەک هاوپەیمانی ستراتیژی و مێژوویی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پێناسەدەکرێن، ئامادەنین دژ بە رووسیای ڤلادیمیر پووتین هەڵوێست وەربگرن و بەڕاست و دروستی و وەک ئەوەی کە کۆشکی سپی دەیەوێت خۆیان یەکلاییبکەنەوە و دیسانەوە ببنە بەشێک لە سیاسەتی ئەمریکا لە جیهاندا.
لە ماوەی نۆ رۆژی رابردوودا، وڵاتانی رۆژئاوایی، هەر لە ئەمریکاوە تا دەگاتە ئەوروپا، هەوڵدەدەن بە هەموو رێگە و میکانیزمێک رووسیای پووتین بخەنە پەراوێزەکانەوە و بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجەش تەواوی کارتەکانی گوشاریان، جگە لە کارتی سەربازی، بەکارهێناوە و باشترین بەڵگەش ئەو بڕیارەبوو کە لە 2ی مارسدا، لە نەتەوە یەکگرتووەکان درا بۆ سەرکۆنەکردنی پەلاماردانی ئۆکرانیا لەلایەن رووسیاوە.
لە دۆخێکی ئاوادایە کە هەردوو هێزە گەورەکەی وڵاتانی کەنداو، عەرەبی سعودیە و ئیماراتی عەرەبی یەکگرتوو، بەپێچەوانەی شەپۆلە تووندەکانەوە مەلە دەکەن و پەیوەندیی نوێی خۆیان لەگەڵ سەرۆک ڤلادیمیر پووتیندا تێکنادەن و نایانەوێت چیدیکە لەپێناوی راڕاییەکانی واشنتۆندا دڵنیاییەکانی مۆسکۆ لەدەستبدەن.
تێگەیشتوو لە هاوکێشەکانی هێز و لەو داتا تازانەی کە دەستنیشانی ئاڕاستە گشتییەکانی سیاسەتی جیهانی دەکەن، وڵاتانی کەنداو لەهەمانکاتدا ناشیانەوێت واشنتۆن لەخۆیان بڕەنجێنن و بیکەنە رکابەری خۆیان. لێرەوە هەوڵدەدەن هاوسەنگییەک لەنێو گرژییەکاندا رابگرن و لەبەر رۆشنایی ئەم ستراتیژییەتە نوێیەشدا، لە ساتەوەختی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکاندا دەنگنادەن بە بڕیاری سەرکۆنەکردنی رووسیا، بەڵام لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا دەنگی پێدەدەن.
وڵاتانی کەنداو تەواو وشیارن بەوەی کە بڕیاری ئەنجوومەنی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان رەهەندێکی پابەندکارانەی نییە، بەڵام بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایش ئەو رەهەندەی هەیە، لێرەوە لە کۆبوونەوەی یەکەمدا دەنگدەدەن و واشنتۆن رازیدەکەن، بەڵام لە دووەمدا دەنگنادەن و مۆسکۆ رازیدەکەن.
بایەخی ئەم داتا نوێیە لەوەدایە کە چیدیکە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا وەک بەڵگەنەویستێک لە یادەوەریی سیاسی وڵاتانی کەنداودا خۆی مانیفێست ناکات، هەروەها دەریدەخات کە تووڕەبوونێکی ساردی سیاسی و ستراتیژی لە نێوان وڵاتانی کەنداو و ئەمریکادا لە ساڵانی رابردووا دروستبووە.
ئەنوەر محەممەد قرقاش، راوێژکارە دیار و بەهێزەکەی محەممەد بن زاید، لە نوێترین لێدوانیدا بەڕوونی گوزارشت لەم ستراتیژییەتە نوێیەی ئیمارات دەکات و رووناکی دەخاتە سەر ئەوەی کە هەڵوێستوەرگرتن بۆ لایەک دژ بەلایەکی دیکە بەشداری دەکات لە چڕکردنەوە و فراوانکردنی ئەو زەبر و زەنگەی کە لەنێوان رووسیا و ئۆکرانیادا تێبینی دەکەین.
لە ناوەندە دیپلۆماتییە جیهانییەکاندا دەزانرێت کە کاتێک ئەنوەر محەممەد قرقاش قسەدەکات رێک وەک ئەوە وایە کە خودی محەممەد بن زاید، پیاوە پۆڵایینەکەی ئیمارات کە فەرمانڕەوای پراکتیکی وڵاتە، قسەبکات و جیاوازییەکی ئەوتۆ نییە لەنێوان بیستن و بینین و قسەکردنی هەردووکیاندا.
واشنتۆن وەک سەرچاوەی نادڵنیایی
سەرەڕای ئەوەی کە واشنتۆن لە ئێستا و ئێرەدا گرنگییەکی زۆر بە هەڵوێستی وڵاتانی کەنداو دەدات و خودی ئەنتۆنی بلینکن چەند جارێک تەلەفۆنی بۆ وەزیری دەرەوەی ئیمارات و سعودیە کردووە و باسی ئەوەی بۆ کردوون کە چەند گرنگە پشتیوانی لە سەروەریی ئۆکرانیا بکەن و خۆیان لە ریزی وڵاتانی سیستەمی جیهانی دوورنەخەنەوە، بەڵام تاوەکو ئێستاش ئەو برینەی کە سیاسەتی نوێی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا لە جەستەی وڵاتانی کەنداودا دروستی کردووە هەر خوێنی لێدەچۆڕێت و گریمانەی ئەوەی کە سعودیە و ئیمارات گوێ لە ئەنتۆنی بلینکن بگرن زۆر لاوازە، مەگەر ئەو کاتە نەبێت کە ئاستی گوشار بەرزبکرێتەوە، وەک لە کۆتاییدا باسیدەکەین.
لەڕاستیدا چەند ساڵی رابردوو سیاسەتی ئەمریکا لە بەرامبەر پرسی ئاسایش و سەقامگیریی کەنداودا سرووشتێکی ناجێگیری هەبووە و لە چەندین وێستگەشدا وڵاتانی کەنداو هەستیان بە جۆرێک لە پاشەکشە و نابەرپرسیارێتی و پابەندنەبوونی واشنتۆن کردووە.
گەیشتنی جۆ بایدن بە کۆشکی سپی و بیناکردنی سیاسەتی نوێی واشنتۆن لەسەر بەناوەندکردنی ئێران لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، گورزێکی پۆڵایین بوو کە لە سعودیە و ئیمارات درا. هەروەها دەرهێنانی حوسییەکانی یەمەن لە لیستی تیرۆر ئەو شۆکە بوو کە تائێستاش محەممەد بن زایدی ئیمارات و محەممەد بن سەلمانی سعودیەی بەرنەداوە. دواتر مووشەکبارانکردنی ئیمارات و سعودیە و کاردانەوە لاوازەکانی ئەمریکا یەکێک بوو لەو داتا بەهێزانەی کە وایکرد چیدیکە وڵاتانی کەنداو واشنتۆن وەک سەرچاوە بەڵگەنەویستەکەی دڵنیایی تەماشا نەکەن.
راستە فەرەنسا وەک هاوپەیمانێکی سەرەکیی وڵاتانی کەنداو خۆی پێشنیازکرد و راستە کە بنکەیەکی سەربازیی بەهێزی لە ئەبوزەبی هەیە و هەشتا فڕۆکەی رەفالی بە ئیمارات فرۆشتووە، بەڵام ئەوەش راستە کە ئاسایش و سەقامگیریی کەنداو بە فەرەنسا ناپارێزرێت و بەشداریپێکردنی رووسیا، چ بەوەی کە هێزێکی سەربازیی گەورەیە و چ بەوەش کە پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێراندا هەیە، بایەخی تایبەتی خۆی هەیە و ناکرێت تا ئاستێکی یەکجار بەرز بەهەند وەرنەگیرێت.
لە کۆتاییدا زمانی بەرژەوەندییەکان
بەدرێژایی ساڵانی رابردوو، دەوڵەتە بەهێزەکەی کەنداو، عەرەبی سعودیە، تۆڕێکی پەیوەندیی بەهێزی بیناکراو لەسەر بەرژەوەندیی هاوبەش لەگەڵ رووسیادا دروستکردووە. جگە لە پرسی ئاسایش و سەقامگیری، پرسی گەشەی ئابووری و ئیدارەکردنی بازاڕی وزە بەگشتی و نەوت بەتایبەتی ئەو پرەنسیپانەن کە مۆسکۆ و ریاز بەیەکەوە گرێدەدات.
لە گەرمەی چیرۆکە تراژیدییەکەی جەمال خاشقچیدا و کاتێک کە جیهان پشتی کردە محەممەد بن سەلمان، ڤلادیمیر پووتین باوەشی بۆ کردەوە و بە بەرچاوی کامێراکانی دنیاوە تەوقەیەکی یەکجار تایبەتی لەگەڵداکرد و لەم رێگەیەشەوە پێی گوت: بەتەنها جێتناهێڵم.
هەموو ئەمانە وادەکەن کە تاوەکو ئێستاش ریازی محەممەد بن سەلمان مل نەدات بە گوشارەکانی واشنتۆن و پەیوەندییەکانی لەگەڵ موسکۆی ڤلادیمیر پووتیندا نەبڕێت و تەنانەت نەچێتە ژێرباری بەشێکی گرنگی ئەو سزا ئابوورییانەی کە رۆژئاواییەکان بەسەر رووسیادا سەپاندوویانە.
هەر لەم چوارچێوە گشتیەشدایە کە رەهەندی سیاسیی تێکەڵ بە رەهەندی ئابووری و ئاسایش و جیۆپۆلیتیک دەبێت لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا. سەردانی ئیماراتی و سعودییەکان بۆ دیمەشقی ئەسەد و گفتوگۆی نێوان ریاز و تاران لە بەغدا و سەردانی شاندێکی باڵای ئیمارات بۆ ئێران، هیچ نین، چەند ئاماژەیەکی ئەو نەخشە تازەیە نەبێت کە بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی پاش کاڵبوونەوەی هەژموونی ئەمریکی لە ئامادەکردندایە.
کۆتایی
تا کوێ وڵاتانی کەنداو دەتوانن ئەم هاوسەنگییە رابگرن؟
یەکێک لەو دەرهاویشتە بابەتییانەی کە دەکرێت شرۆڤەکردنی لەسەر بینابکرێت بریتییە لەوەی کە لە مەودای مامناوەندیدا هیچ هێزێک، بە فەرەنسا و رووسیاشەوە، ناتوانێت جێگەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ وڵاتانی کەنداو بگرێتەوە. بەلای کەمەوە لە 10 ساڵی داهاتووشدا، ئەمریکا وەک ئەکتەری باڵا و یەکەمی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەمێنێتەوە. بەڵام ئەکتەری باڵا و یەکەم مانای ئەوە نییە کە ئەکتەری دیکە ناتوانن کارایی گرنگ دابنێن و بەشداری بکەن لە ئاڕاستەکردنی رووداوەکاندا.
لێرەوە، ئێمە پێمانوایە گەر لە ئێستا و ئێرەشدا، واشنتۆن گوشاری چڕ بخاتە سەر وڵاتانی کەنداو، بەناچاری ستراتیژییەتی هاوسەنگی دەگۆڕن و لەنێوان ئەمریکا و رووسیادا بەدڵنیاییەوە ئەمریکا هەڵدەبژێرن. بەڵام ئەم هەڵبژاردنە چیدیکە هەڵگری ئەو سرووشتە دڵنیاگەراییەی سەدەی بیستەم نییە، بەپێچەوانەوە، هەڵبژاردنێکی لێوانلێوە لە گومان و حەزەر و هەمیشە لەسەر پێبوون بۆ ئەو رووداوە لەناکاوانەی کە دەکرێت گۆڕانکاریی گەورە بەسەر هاوکێشەکاندا بێنن.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق