ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەبارەی قەرەبووکردنەوەی کوێت لەلایەن عێراقەوە کۆبووەوە و لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەوە کرایەوە، عێراق تەواوی پابەندبوونەکانی قەرەبووکردنەوەکانی کوێتی بەجێگەیاندووە و 52.4 ملیار دۆلاری وەکو قەرەبوو داوەتە کۆمپانیا و حکومەت و خەڵکی کوێت. بەمجۆرە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، عێراقی لەژێر رێکارەکانی تایبەت بە بەندی 7ی ئەنجوومەنی ئاسایش لەبارەی قەرەبووەکان دەرهێنا.
د. فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە کۆبوونەوەکەدا گوتارێکی پێشکێش کرد و رایگەیاند، "حکومەتی وڵاتەکەم دووپاتیدەکاتەوە، کارکردن لەگەڵ لیژنەی قەرەبووکردنەوەی نەتەوەیەکگرتووەکان و ئەنجوومەنە بەڕێزەکەتان، نموونەیەکی سەرکەوتووی کاری فرەلایەنی بووە. نموونەیەک کە متمانە بەهێز دەکات بە میکانیزم و رێکارە نێودەوڵەتییەکان لەبارەی یەکلاکردنەوەی قەیرانەکان، کە رووبەڕووی جیهان بووەتەوە و دەبێتەوە".
وەزیری دەرەوەی عێراق راشیگەیاندووە، "عێراق بەردەوام پابەندی تەواوی پابەندبوونەکانی بووە، بەپێی خشتەی کاتی و ئەو رێژەیەی کە لیژنەکە پشتی پێبەستووە، ئەمە وێڕای ئەو دۆخە سەختەی کە عێراق لە ساڵانی رابردوودا پێیدا تێپەڕیوە لە بارگرانی و تێکچوونی ئابووری و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، کە رۆڵی پێشەنگانەی هەبووە لە بەرەنگاربوونەوەی چەتە تیرۆریستییەکانی داعش و وەرگرتنەوەی شارە کۆنترۆڵکراوەکان لەدەست داعش و خەرجیی بەرنامەی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ شارەکانیان و بەرنامەی دووبارە سەقامگیری و فەراهەمکردنی خزمەتگوزاری و هاوکاری و خەرجیی دووبارە ئاوەدانکردنەوە، کە ئەمانەش هاوکات بووە لەگەڵ دابەزینی گەورەی نرخی فرۆشتنی نەوتی جیهانی".
رۆژی 09-02-2022 دەستەی قەرەبووکردنەوەی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، عێراق تەواوی ئەو 52.4 ملیار دۆلارەی وەکو قەرەبوو داوەتە کەس و کۆمپانیا و حکومەت کە بەهۆی داگیرکردنی کوێت لە ساڵی 1990 زیانیان بەرکەوتبوو.
لە راگەیێندراوێکدا دەستەی قەرەبووکردنەوەی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی، گەورەترین داواکاری کە لیژنەی قەرەبووکردنەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان پەسندی کردبێت، 14.7 ملیار دۆلار قەرەبوو بووە، لە بەرامبەر ئەو زیانەی بەر دامەزراوەی نەوتی کوێت (KPC) کەوت، کاتێک هێزەکانی عێراق لە کاتی کشانەوە لە کوێت ئاگریان لە کێڵگە نەوتییەکانی دامەزراوەکە بەردا.
عێراق لەنێوان ساڵانی 2014 و 2018 دانەوەی ئەو قەرزانەی بە کوێت هەڵپەسارد، ئەوەش بەهۆی شەڕی داعش و دابەزینی نرخی نەوت و قەیرانی داراییەوە.
دەستەکە، کە بارەگاکەی لە جنێڤ-ە، دوای کۆبوونەوەیەکی داخراو لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، عێراق دوایین بەشی پارەی قەرەبووی لە 13-01-2022 داوەتەوە، ئێستا سەرجەم قەرەبووەکانی داوەتەوە، کە لیژنەکە داینابوو. حکومەتی عێراق پابەندییە نێودەوڵەتییەکانی بەجێگەیاندووە، بۆ قەرەبووکردنەوەی سەرجەم ئەو داواکاریانەی کە لیژنەکە دیارییکردبوون لە قەرەبووکردنەوەی زیانەکان کە بەهۆی داگیرکردنی ناڕەوایانەی عێراق بۆ کوێت دروستبوو.
بەمەش ئەو لیژنەی سەرپەرشتیی قەرەبووکردنەوەکانی کرد، کارەکانی تەواو بوو. ئەو لیژنەیە لە ئایاری ساڵی 1991 بە بڕیاری ژمارە 692 لەلایەن ئەنجوومەنەکە پێکهات و بەرپرس بوو لە قەرەبووکردنەوە داراییەکانی عێراق، کە 5% لە فرۆشی نەوت و بەرهەمە نەوتییەکانی عێراق دەبڕدرا.
د. جەمال کۆچەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەم هەنگاوە یەکەم: ئازادکردنی عێراقە لەژێر گوشاری ئەو بڕیارانەی گرێدراوبوون بە کوێت. دووەم: لە کۆڕ و کۆبوونەوە نێودەوڵەتییەکان بۆ عێراق دەستکەوتێکە. سێیەم: لەڕووی ئابوورییەوە بۆ عێراق بەگشتی و هەرێمی کوردستانیش بەتایبەتی باشە، ئەگەر پابەندبوون و رێککەوتن هەبێت لەنێوان هەردوولا. چوارەم: پەیوەندیی عێراق بە کوێت و عێراق و بە وڵاتانی کەنداو بەگشتی دەچێتە قۆناخێکی دیکە".
د. جەمال کۆچەر، کە لە خولی رابردووی پەرلەمانی عێراق ئەندامی لیژنەی دارایی بوو، ئاماژەی بەوە کرد، لە یاساکانی بودجەدا هەموو ساڵێک بڕگەیەک بۆ قەرەبووەکانی کوێت تەرخانکرابوو، نزیکەی 13 بۆ 14 ساڵ 17%ی ئەو پارەیە بەشی هەرێمی کوردستان بوو لە دانەوەی قەرەبووەکان، کە دەبوو بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت، بەڵام دەبڕا و راستەوخۆ لە بودجەدا هەڵدەگیرا و تەرخان دەکرا بۆ دانەوەی قەرەبووکردنەوەی کوێت.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق