کریستیانەکانی شارۆچکەی قەرەقوش لە پارێزگای نەینەوا نوێژی تایبەت دەکەن بەبۆنەی جەژنی قیامەوە. کریستیانەکانی ئەو شارۆچکەیە، کە بە بەخدیدەش ناودەبرێت، لەم جەژنەدا هاوشێوەی جەژنەکانی دیکە بیری خۆشەویستان و کەسوکاریان دەکەن کە کۆچیان بۆ دەرەوەی عێراق کردووە.
هانا ئیستیفۆ، مامۆستا لە قەرەقوش دەڵێت، "لەڕاستیدا کەسانی زۆر هەن بەهۆی ئەو رووداوانەی کە روویاندا کۆچیان کردووە، هیوادارم بگەڕێنەوە، هیوادارم بیانبینینەوە؛ خوشکەکەم و خوشکەزاکانم و کەسوکاری زۆرم هەن کۆچیان کردووە؛ هەروەها ئاشتیمان دەوێت لە عێراق، هیچ شتێک لە ئاشتی گرنگتر نییە."
بەهۆی گەمارۆ و قەیرانی ئابووریی ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی رابردوو، لەگەڵ رووداوە ئەمنییەکانی عێراق بە درێژایی 18 ساڵی رابردوو؛ بەشێکی زۆری کریستیانەکان بۆ دەرەوەی عێراق کۆچیان کردووە.
سالم ئیلیاس، مەتران لە کەنیسەی قەرەقوش ئاماژە بەوە دەکات، "بەڵێ کۆچکردن هێشتا بەردەوامە، راستە خەڵکی لە هەولێرەوە دەگەڕێنەوە، بەڵام ژمارەیان کەمە، بۆیە کۆچکردن بەردەوامە، ئێمە دەمانەوێت ئەم کۆچکردنە بوەستێت، بۆئەوەی هاووڵاتییانی کریستیانی عێراق لێرە بمێننەوە و رەگیان لێرە بمێنێت."
کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە عێراق ئەوەی خستووەتەڕوو، ژمارەی کریستیانەکان لە عێراق بەهۆی کۆچکردنیان بۆ وڵاتانی دیکە لە ساڵی 2003وە تاوەکو ئێستا لە نزیکی یەک ملیۆن و 500 هەزارەوە دابەزیوە بۆ 250 هەزار کریستیان.
سۆفیا مەتی، خەڵکی قەرەقوش دەڵێت، "هەمووان هیوادارن، بەتایبەت لەم جەژنەدا کە جەژنی قیامەیە و ئێمە پێی دەڵێین جەژنی گەورە، خۆشەویستان لای یەک بن و جەژنە پیرۆزە لە یەکدی بکەن."
کریستیانەکان پێشتر زیاتر لە پارێزگاکانی هەولێر، دهۆک، دەشتی نەینەوا، کەرکووک و بەغدا دەژیان، بەڵام بەهۆی هەڕەشە ئەمنییەکان و دواتر هێرشەکانی داعش کە لە ساڵی 2014 چڕبوونەوە؛ ئێستا زۆرینەیان لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق