کەسایەتی ڕادیۆیی

ليست هناك تعليقات


پەیكار عوسمان
-
- (ڕۆژی یەکەم نمایشێك لە تیڤییدا، ڕۆژی دووەم پاڵەوانێك لە سۆسیالمیدیادا، ڕۆژی سێیەم فشبوونەوەیەك لە ڕادیۆدا) 

ئەمە چیرۆکی ڕووداوەکانی ئێمەیەو ئێستا ئێمە لە فەراغی ڕووداوداین، چونکە هەرچییەك ڕووبدا، لە قۆناغی سێیەمیدا، هەر ئەبێتەوە بە هیچ. 

- هەموو "وامزانی ڕادیۆکان" لە ساتی یەکەمدا خۆڕسك و ڕاستەقینەن، بەڵام لە ساتی ڕادیۆکەدا، درۆ و قسەی ژێر فشارن. یەعنی ڕووداوی ئێمە، ڕاستەقینەیەکە کە دواتر ئەبێ بە درۆ، ئینجا بە نائومێدی. یەعنی ئێمە لە جوڵەیەکی پیچەوانەداین، لەبری ئەوەی ڕاستەقینەو ئومێد بەرهەمبهێنین، نائومێدی و درۆ هەڵئەچنین.

- هەستی خۆڕسك و ئەکتی ڕاستەقینە، هەر بۆ ئەوە باشە کە هەڵوەستەی لەسەر بکرێ و ئیرادەی جوڵەی پێ بەرهەمبهێنین، کەچی ئێمە لە ڕێگەی فووتێکردنێك و دواتر فشکردنەوەیەکەوە، ئەیکەینەوە بە ئیرادەی چەقین.

- ساتی یەکەم، مرۆڤی ئێمەیە خۆی و خەمەکانی، ساتی دووەم پۆپۆلیزم دەسی تێوەرئەداو ساتی سێیەم، ستەمکاریی دەرزییەکی پیا ئەکا و ئیتر نایەینەوە هەمان شوێن، بەڵکو تۆزێ دواتریش، چونکە هەموو ڕادیۆیەك، مەساحەی نائومێدی زیاتر ئەکات!

- "گاڵتەجاڕی" ئەخیر لەقتەی فیلمەکەیە، دۆخێك دروستئەکرێ کە هەر خۆمان لەڕێگەی گاڵتەکردن و ڕابواردنەوە، تەڵقەی ئەخیر ئەنێین بە کەسایەتی خۆمانەوەو ئیمزا لەسەر شکاویی خۆمان ئەکەین بۆ دەسەڵات!

- بەهاری عەرەبی لە خۆسوتاندنی گەنجێکەوە دەستی پێکردو ناوچەکەی گرتەوە، تەبعەن ئەوە لای ئێمەبووایە، لەبری شۆکی گشتی، پێشئەوەی گیانی دەرچێ، ڤیدیۆیەکی ڕادیۆیان پێ تۆمار ئەکرد، لەولاشەوە کۆمەڵێك کاهین ئەکەوتنە شەنوکەوی ئەوەی کە "ئینسان خۆی بسوتێنێ" بەهەشتییە یان دۆزەخی،، ئیتر کۆمەڵگا لەسەر ئەمەی دووەمیان ئەبوونە دووبەش، نەك ئەوەی لە یەکەمدا ببنە یەك دەست!

- ئەگەرچی "پۆپۆلیزم" لە ڕووکەشدا خۆی کردوە بە محامی خەڵك، بەڵام هاوکارێکی باشی ستەمکارییەو ڕۆڵێکی کاریگەری هەیە، لەو فووتێکردنەدا، کە زوو فشئەکرێتەوە. هیچ شتێكیش بەقەت (فووتێکردن و ئومێدی درۆ) کەرەستەیەکی لەبارنیە بۆ قووڵکردنەوەی نائومێدی و مانەوەی دۆخەکە وەکو خۆی.

- پۆپۆلیزم، چ حیزب بێت یان شەخس یان ڕاگەیاندن یان پەیج و سایت و حەزی زیادکردنی لایك و بینەر.. هەموو ئەمانە، بازرگانەکانی ئومێدی درۆ و پەمپی فووتێکردن. کە دواتر "ستەمکاریی" لەڕێگەی دەرزییەکی بچوکەوە تۆپەکە ئەتەقێنێ و ئەوەی کە بۆمان ئەمێنێتەوە، چەقبەستنێکی زیاتر و نائومێدییەکی زیاتر و شکاوییەکی زیاترە.

- ئەوەی کە بەردی بناغەی هەستانەوەی کۆمەڵگای ئێمەیە، "کەسایەتی و کەرامەتی" ئینسانەکانیەتی،، کە دەسەڵات لەپێناوی چوار مناڵی دوو بنەماڵەدا، وردو خاشیکرد. موعارەزەش لە پێناو دوو کورسی زیاتردا، وردوخاشتری کرد. توجاری دینیش لە پرۆسەی ڕاوکردنی خەڵکدا زیاتر هاڕییان.

- دەسەڵات بە فەسادو ناعەدالەتی، چەك و ترساندن، کڕین و چاوشۆڕکردن، برسیکردن و زەلیلکردن.. موعارەزەش بە فووتێکردن و ئومێدی درۆ، هەروەها بە وەبەرهێنان لەسەر گریان و کڕوزانەوەو "شکاویی" ئینسانەکان. 

- ئیسلامییش لە ڕێگەی (وەعزو بەخشین)ەوە کەسایەتی ئینسانی ئێمەی شکاند. "وەعز" پرۆسەی بە بچوك هێشتنەوەی ئینسانە لەناو پەیوەندی پاشکۆیی و ستوونیداو ڕێگرە لەوەی کە ئینسان بپەڕێتەوە بۆ کەسایەتی سەربەخۆ و بۆ ناو پەیوەندی ئاسۆیی و یەکسان. 

- ئەوەشی لە بەخشیندا گرنگە دیوە مەعنەوییەکەو کەرامەتی ئینسانە، نەك پارەو کارتۆن و سەبەتەو دیوە مادییەکەی،، بەڵام ئیسلامیی لەپێناو دەسکەوتی سیاسی و ڕیکلامکردن بۆ حیزب، "بەخشینی سواڵیانە"ی خستە جێگای بەخشینی کەرامەتمەندانەو شتەکە لە فەزیلەتێکی شاراوەی ویژدانی و کۆمەڵایەتییەوە، بوو بە سیاسەت و ڕێکخراو و بەرنامەو پەخشی ڕاستەوخۆی کەرامەتشاکاندنی ئینسان.

- سی ساڵە ئەو سێ ئاڕاستە خۆماڵییە (دەسەڵات موعارەزە ئیسلامی) خەریکی شکاندنی کەرامەتی ئینسانی ئێمەن، بۆیە ئینسانی ئێمە توانای جوڵەی نەماوەو ئەگەریش جوڵەیەك بکات، خێرا لەڕێگەی ڕادیۆوە، ئەبرێتەوە دۆخی متبوون.

- سەیرکە پەرلەمانتارو ڕۆژنامەنوسی حیزب و کەسانی پۆپۆلیست، بەردەوام دەنگەدەنگ و هاتوهاواریانە، کەچی حەملەی ڕادیۆ شمولی ئەوان ناکاو دەسەڵات حەقی نیە بەسەریانەوە! چونکە وەکو وتم، ئەمانە نیوەکەی تری یارییەکەن و بەشێکن لە شکاندنی زیاتری ئینسانی ئێمە.

- بەڵام هاوڵاتی ئاسایی، تەنانەت ئەگەر شێت و بەخشراویش بێت، شمولی ڕادیۆ ئەکاو خێرا ڤیدیۆی ڕجوعی پێ تۆمار ئەکرێ! چونکە هەست و ئەکتی ڕاستەقینە، جیایە لە شۆ و نمایشی پۆپۆلیستانە، ستەمکارییش لە شتی ڕاستەقینە ئەترسێ، نەك لە شانۆگەری هاشوهوش!

- ئێستا ئێمە بەتەواوی لە سەردەمی ڕادیۆداین و شتەکە هەر لە شێت و هاوڵاتییەکی ئاساییەوە تاکو سەری سەرەوە وایەو ئاشەکە ڕادیۆ ئەیگێڕێ. پەشیماننامەکەی دوای ڕیفراندۆم، ڕەنگە گەورەترین ڕادیۆی مێژووی نوێمان بێت! چارەسەرنەبوونی کیشەی گیراوانی بادینانیش، هەر پەیوەندی بەوەوە هەیە، کە ئەو گەنجانە نەچوونەتە ژێر باری ڕادیۆ!

- یەکێکی تر لە هۆکارەکانی شکاندنی کەسایەتی ئێمە، شۆڕشە. هەمیشە بە هەڵەشەیی و بڕیاری ناواقعی و ناعەقڵانی چەن کەسێك، یاخود بە فیتی دوژمنی "س" فووئەکەیتە خەڵکەکە دژی دوژمنی "ص"، ئیتر خەڵك دووجار تووشی شکاویی ئەبێت، جارێك کە بەرامبەر "س" ئیرادەی نامێنێ و جارێك کە بەرامبەر "ص" تێکئەشکێ و تووشی دنیایەك کاولکاری و کارەسات ئەبێتەوە، کە شانی هەڵیناگرێ و لە ئەساسەوە ئەبوو خۆی لێلادا نەك خۆی بخاتە بەری.

- خۆبەکەمزانی و خودنەفرەتیی بە کاریگەری چەن ساڵەی ژێردەستەیی. باری گرانی شۆڕش. (دەسەڵات و موعارەزەو ئیسلامیی) سێکوچکە خۆماڵییەکەی شکاندنی کەرامەت. جەبری جوگرافییاو فشاری ئیقلیمی. کولتوری یەکترشکاندن و خۆخۆری ناوخۆمان.. ئەمانەو هۆکاری تریش، مرۆڤی ئێمەیان بردۆتە سەردەمی "کەسایەتی ڕادیۆیی".

- "پۆست ڕادیۆ"و تێپەڕاندنی دۆخەکەش، هەر بەوە ئەبێ، کە پاشەکشێ بە هاشوهوش و ڕق و دەمارگیری و گاڵتەجاڕی بکەین، لە بەرژەوەندی عەقڵی ڕەخنەو زمانی گفتوگۆ. ئا بەوە ئەتوانین لە کەسایەتی کورت و کەم مەودای ڕادیۆییەوە، بپەڕینەوە بۆ کەسایەتی بەردەوام و تۆکمە، کە لەسەر هۆشیاریی دامەزرابێ نەك لەسەر هەڵچوونی ئیمڕۆ و داچوونی سبەی.


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif