پەی: جارێكیتر پەرلەمان دادەخرێتەوە!

ليست هناك تعليقات



بەپێی یاساو بڕیارە بەركارەكان، پەرلەمانی كوردستان تاكە مەرجەعی سیاسی و دەستووری یە بۆ بڕیاردان لەسەر پرسە چارەنووسسازەكانی گەلی كوردستانی عیراق، بەڵام جێگەی داخە پێگەكەی هەم لەلایەن هێزە ساسییەكانەوە فەرامۆشكراوەو هەم خۆیشی فەرامۆشی كردووە و بەئەركی خۆی هەڵنەستاوە، لەبری ئەوەی كۆكەرەوەی خەڵكی كوردستان و دامەزراوەی چارەسەری قەیرانەكان بێت، خەریكە دەبێت بە دروستكەری قەیرانەكان.

ئەگەر ئاوڕێك لە رابردوو بدەینەوە، جگە لە خولی یەكەم كە بەهۆی شەڕی ناوخۆوە چەند ساڵێك پەكی كەوت، لە خولی چوارەمیشدا لەئەنجامی ململانێی سیاسی لەسەر یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، ئەو كاتە چوار لایەن كە زۆرینەی پەرلەمانییان هەبوو، لەبەرامبەردا (پدك) نەیهێشت ئیشەكان بەزۆرینەی یاسایی لەپەرلەمان بڕوات هەر بۆیەش بە زەبری هێز پەنای بردە بەر داخستنی پەرلەمان. ئەوەبوو لە 12/10/2015 دا لە بازگەی پردێ‌ بە هێزی چەكدار و بە زۆرەملێ رێگری لە سەرۆكی پەرلەمان كرد و نەیهێشت پەرلەمانی كوردستان كۆبێتەوە، ئەم رەوشە بەردەوام بوو تا سەروبەندی ریفراندۆم ساڵی 2017. لەهەمان كاتدا كە پەرلەمان پەكی خرابوو، ئەندامان لە تەلاری پەرلەمان و سەرۆكیش لە نوسینگەی سلێمانی دەوامی خۆیان دەكرد و بەبێ ئەرك ئیمتیازاتەكانیان وەردەگرت.

ئێستاش لە كۆتایی خولی پێنجەمدا، ماوەی دوو مانگە پەرلەمان هیچ كۆبوونەوەیەكی ئەنجامنەداوە. بەمەش جارێكی تر پەرلەمان داخرایەوە، بەڵام ئەمجارە جیاواز لە جاری پێشوو لەسەر بڕیاری حزبێك لە دەرەوەی پەرلەمان نیە، بەڵكو لەناو پەرلەمانەوە خودی سەرۆكی پەرلەمان رایگەیاند كە كۆبوونەوە ناكات. لەكاتێكدا بەپێی وتەی بەڕێزیان چەند پرۆژە یاسایەك كە خوێندنەوەی یەكەمیان بۆ كراوەو راپۆرتی لیژنەكانیشیان لەسەر نوسراوەو ئامادەن بۆ گفتوگۆو پەسەندكردن، هەروەها لەلایەن ژمارەی یاسایی ئەندامانەوە چەندان یاداشت بەپێی ماددەی پەیرەو پێشكەش بە دەستەی سەرۆكایەتی كراون و داوای بانگهێشتی حكومەت و ئەنجامدانی دانیشتنی پەرلەمان دەكەن، كەچی سەرۆكی پەرلەمان رایگەیاند هیچ دانیشتنێك ئەنجامنادات و پەرلەمانی پەكخستووە.

بیانووەكان بۆ ئەم پەكخستنە لەئێستادا لەلایەن سەرۆكی پەرلەمان و چوار لایەنەكەوە هەمواركردنی یاسای هەڵبژاردن و كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسییە.

بەم شێوەیە ئەگەر لە خولی چوارەمدا پەرلەمان بەزەبری هێز لەكار خرابێت، بەلام خولی پێنجەم بە بڕیاری سەرۆكی پەرلەمان پەكخراوە، لە خولی چوارەم سەرۆك رێگری لێكرا لەپەرلەمان كۆبوونەوە بكات، بەلام ئەمجارە بەبیانوی رێك نەكەوتنی حزبەكان لەسەر یاسای هەڵبژاردن سەرۆك رێگری دەكات پەرلەمان كۆبوونەوە بكات. لێرەدا دەرەنجام و كاریگەرییەكانی ئەم پەكخستنە دەخەینە روو:

یەكەم: لە ئێستادا سەرۆكی حكومەت هەر رۆژەو لە ولاتێكە كە دەرەنجامی سەردانەكانی مشتومڕ و ناكۆكی لێكەوتۆتەوە، كەچی پەرلەمان كارەكانی خۆی راگرتووەو بەئەركی چاودێری خۆی هەڵناستێ و لەسەرۆكی حكومەت ناپێچێتەوە تا رونكردنەوە لەسەر ئامانج و ئەنجامی سەردانەكانی بدات.

دووەم: ململانێی توند هەیە لەسەر پرسی ناردنەدەرەوەی غازی سروشتی، كە رۆژانە لەبەردەم نێردەی ولاتان، كونسلەكان و میدیاكان، لە ئاستی ناوەوە و دەرەوە قسەی جیاواز و ناكۆكی لەسەر دەكرێ، لایەنێك ئەمڕۆ دەلێ غازی سروشتی هەناردەی دەرەوە دەكەین، هەر ئەو لایەنە بەیانی دەلێ غازەكەمان بەشی پێداویستی ناوخۆیی ناكات. لەبەرامبەردا لایەنەكەی تر رۆژێك بەمەبەستی بەبازاڕكردنی غازەكە سەردانی ولاتان دەكات و رۆژی دواتر هەڕەشەی رێگری لە هەناردەكردنی غازەكە دەكات. كە ئەو ململانێ نادروستەی سەر میدیاكان خەریكە كوردستان بەرەو لێواری شەڕ دەبات. لەكاتێكدا ئەوە بەرپرسیارێتی پەرلەمانی كوردستانە كە تیمی حكومەت، سەرۆك و جێگرەكەی یا وەزیری سامانە سروشتیەكان یا ئەنجومەنی نەوت و گاز بانگهێشتی پەرلەمان بكات، هیچ نەبێ لەبری ئەوەی لەبەردەم كونسولی ولاتان و سەر میدیا شەڕی یەكتری بكەن، روونی بكەنەوە كە ئاخۆ ئەم غازە دەفرۆشن یان نا؟ چۆنی دەفرۆشن؟ كەی دەیفرۆشن و تا چەند شەفافیەتی تیایە؟ هەر بە راستی دەیفرۆشن یا سەرقاڵكردنی خەڵكە؟ كاتێك پەرلەمانی كوردستان كۆبوونەوە ناكات، ئەنجامی ئەوە دەبێت كە بابەتێكی وا هەستیار لەبری ئەوەی لەهۆلی پەرلەماندا یەكلا بكرێتەوە دەچێتە سەر لاپەرەی تۆرە كۆمەلایەتیەكان و دامەزراوەی دەرەوەی پەرلەمان و ناكۆكی لێدەكەوێتەوە.

سێیەم: دەڤەری سلێمانی لە دۆخێكی خراپدایە، پارە لە بانكەكاندا نەماوە، رەوشی موچەخۆران خراپەو بەبەراورد لەگەل هەولێر و دهۆك موچە زیاتر دواكەوتووە، نەخۆشخانەكان بێ دەرمانن، خزمەتگوزارییەكان وەك پێویست نین و پرۆژەكان وەستێنراون، هەموو ئەوانە دەبوایە لە پەرلەمان گفتوگۆی لەسەر بكرێت، پێویست بوو جێگری سەرۆكی حكومەت، یا وەزیری دارایی، یا لانی كەم پارێزگاری سلێمانی، بانگهێشتی پەرلەمان بكرێن، یا خۆیان و بە خواستی خۆیان ئامادەی پەرلەمان بوونایە كە هۆكاری راستەقینەی ئەو كێشەو قەیرانانە لە كوێدایەو كێ هۆكار و بەرپرسیارە؟ ئەگەر بەراستی سلێمانی لەلایەن (پدك)ەوە سزا دراوە، ئەوا پێویستە بەزوترین كات ئەو سزایە هەڵگیرێت. ئەگەر واش نیەو لەسلێمانی سەرچاوەی داهاتەكان دەستی بەسەردا گیراوە و ناچێتە ناو خەزێنەی حكومەتەوە، ئەوا پێویستە راستییەكان بۆ خەڵكی كوردستان روون بكرێتەوە. دیسان یەكلایی كردنەوەی ئەو پرسە رووپەڕی رۆژنامەو شاشەی تەلەفزیۆنەكان نیە، كە رۆژانە پەرلەمانتاران یەكتری پێ تۆمەتبار دەكەن، بەڵكو سەكۆی پەرلەمانی كوردستانە، بەتایبەتی ئەو لایەنەی گلەیی بنچینەیی هەیە لەسەر بارودۆخی سلێمانی كە (ی.ن.ك)ە، كە لە هەمان كاتدا سەرۆكی پەرلەمانیش لە حزبەكەی خۆیەتی.

چوارەم: سەبارەت بە یاسای هەڵبژاردن، سەرجەم لایەنەكان لەگەل هەمواری یاساكەدان، بەڵام جیاوازی تێڕوانینیان هەیە سەبارەت بەچەند بابەتێك، كە ئەمەش یا دەبێت بە سازان یا بە زۆرینەی پەرلەمانی یەكالا بكرێتەوە. بەڵام ئاخۆ بە پەكخستنی پەرلەمان و چوونە ماڵەوەی سەرۆكی پەرلەمان سازان دروستدەبێت؟ سازان كاتێك دێتەكایەوە كە هەوڵ هەبێت و پەرلەمان كاری لەسەر بكات. پێویست بوو كۆبوونەوەیەكی حزبە سیاسیەكان ئەنجامبدات، یا بۆ هەمان مەبەست سەردانی لایەنە سیاسییەكان بكات، هەنگاوی بۆ بنێ، نەك سەرۆكی پەرلەمان دوای هەڵوێستی حزبەكەی بكەوێت لەدەرەوەی پەرلەمان، كەئەم هەنگاوە بە پەكخستنی پەرلەمان ناگاتە ئەنجام.

پێنجەم: كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان لە (3/12/2019) ەوە كە نزیكەی دوو ساڵ و نیو دەبێت ماوەی یاسایی بەسەرچووە، پرسیار ئەوەیە سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لە ساڵی 2019 ەوە لە كوێ بووە تا ساڵی 2022 قسە لەسەر كاراكردنەوەی كۆمسیۆنەكە بكات؟ پرسیار ئەوەیە بۆچی لەو ماوەیەدا بەئەركی خۆی هەڵنەستاوە؟ بۆ لەو ماوەیە كە فشاری پرسی هەڵبژاردن نەبووە كۆمسیۆنی كارا نەكردۆتەوە؟ سەبارەت بە تۆماری دەنگدەرانیش، لە نۆ ساڵی رابردوودا ئێمە وەك ئینستتوتی پەی، لەچەندین یاداشت و راپۆرتدا جەختمان لەسەر ئەوە كردۆتەوە كە دەبێت تۆماری دەنگدەران پاك بكرێتەوە، لەكاتێكدا پرسی تۆماری دەنگدەران بەفەرمی ئەركی كۆمسیۆنی هەلبژاردنەو كۆمسیۆنیش لەبەردەم پەرلەمان بەرپرسیارە. لە هەمان كاتدا شەش ئەندام لە كۆی نۆ كۆمسیارەكەی كۆمسیۆن سەر بەو چوار لایەنەن كە ئێستا تێبینیان لەسەر كاراكردنەوەی كۆمسیۆن و تۆماری دەنگدەران هەیە. بەپێی مادەی (16) ی یاسای ژمارە (4)ی ساڵی 2014 كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی، كۆمسیۆن ناتوانێ‌ كۆبوونەوە بكات ئەگەر بە زۆرینە نەبێت. كەواتە ئەوانەی زۆرینەن و هەر ئەوانن دەیانتوانی تۆماری دەنگدەران پاك بكەنەوە بەتایبەتی كە دائیرەی ئینتیخابیش لەلای ئەوانە. لەبری ئەوەی لە ئێستادا خەڵكی كوردستان گوێ لە گلەیی و داواكاری ئەو چوار لایەنە بگرن لەسەر تۆماری دەنگدەران، پێویستە لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بكەن كە بۆچی لەو چەند ساڵەی رابردوودا كە زۆرینەی كۆمسیۆنیش بوون كەچی بەئەركی خۆیان هەڵنەستاون و تۆماری دەنگدەرانیان پاك نەكردۆتەوە لە ناوی دووبارە و مردوو و ساختە؟ 

لەكۆتاییدا دەگەینە ئەوەی كە لە ئەگەری ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا و درێژەدان بەم دۆخە، پەرلەمان دەكەوێتە بەردەم سێ ئەگەرەوە:

1-پەرلەمانی كوردستان بەو شێوازەی ئێستای بەردەوام دەبێت و كۆنابێتەوە تا ماوەی یاسایی كۆتایی دێت. بەمەش پەرلەمان و سەرۆكی هەرێم شەرعیەتی یاساییان نامێنێ، سەرۆكی حكومەتیش دەبێتە سەرۆكی حكومەتی كاربەڕێكەر و كابینەكە لە غیابی چاودێری پەرلەمانی كوردستان لەكارەكانی خۆی بەردەوام دەبێت. پرسیار ئەوەیە ئاخۆ سەرۆكی پەرلەمان مەبەستیەتی هەرێمی كوردستان بچینە دۆخی بۆشایی یاساییەوەو پەرلەمان نەمێنێ؟ لەكاتێكدا لەسەردەمی شەڕی ناوخۆشدا بەم جۆرە نەبووە! بەمەش هەرێم و خەڵكی كوردستان سەرگەردان دەكرێن و دامەزراوەی پەرلەمان نامێنێت و حكومەت دەبێتە كاربەڕێكەر و دوور لە چاوی دەسەلاتی یاسادانان و چاودێریكردن لەسەر كارەكانی بەردەوام دەبێت، لەوێشەوە مەسئولیەتی نەهێشتنی دامەزراوەی دەسەلاتی یاسادانان لە هەرێمدا لەسەر ئاستی ناوخۆیی و دەرەكی دەكەوێتە ئەستۆی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانەوە.

2-لەسەروبەندی كاتی تەواوبوونی ماوەی ئەم خولەیدا، سەرۆكی پەرلەمان داوای درێژكردنەوەی ماوەی تەمەنی پەرلەمان دەكات و بەهاوكاری لایەنی بەرامبەر كە (پدك)ە. بەمەیش پرسیاری ئەوە دێتە كایە ئاخۆ پەرلەمانێك لەماوەی تەمەنی ئاسایی خۆیدا نەیتوانیبێت كارەكانی بكات بۆچی دەبێ تەمەنی درێژ دەكەنەوە؟ یا تەمەنی ئەو حكومەتە درێژدەكەنەوە كە بە حكومەتی قەیران ناسراوە؟ یان تەمەنی ئەو سەرۆكایەتی هەرێمە درێژ دەكەنەوە كە خۆی لەئاست پرس و گرفتەكان ناكات بە خاوەن؟ یان تەمەنی خۆیان وەك دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان و ئەندامان درێژ دەكەنەوە تا بەردەوامبن لە وەرگرتنی موچەو ئیمتیازاتەكانیان؟

3-كۆتا ئەگەر ئەوەیە سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان جوامێرانە بچێتە مەیدان و قبوڵی نەكات دامەزراوەیەك بە نایاسایی تەمەنی درێژ بكرێتەوە كە ئیشی پێ ناكرێ، موچەو ئیمتیازەكانی خۆی بخاتە لاوەو دەستلەكار بكێشێتەوە، لە هەمان كاتدا ئەندامانی پەرلەمان هاوشانی دەست لەكار بكێشنەوە بۆ ئەوەی بە ئیجباری حزبەكانیان ناچار بكەن رێك بكەون و هەڵبژاردن بكرێت، هەروەك لە بڕگەی چوارەمی ماددەی (10) ی یاسای ژمارە (1)ی سالی 2005 ی سەرۆكایەتی هەرێمدا هاتووە دەلێ ئەگەر زۆرینەی ئەندامان دەستیان لەكار كێشایەوە دەبێت لەماوەی دوو مانگدا هەڵبژاردن بكرێت. هەرچەندە لەو كاتەشدا كێشەی نەبوونی كۆمسیۆن دێتە كایەوە، بەڵام زۆر ئاساییە كۆمسیۆنی هەلبژاردنەكانی عیراق هەلبژاردنەكە ئەنجام بدەن چونكە دۆخێكی لەناكاوە. 

داواكارین دۆخی خراپی ژیان و گوزەرانی خەڵك، لە دەڤەری سلێمانی بەتایبەتی و لە هەرێم بە گشتی، ململانێ سیاسییە قێزەونەكان لەسەر غاز، بەرتەسك كردنەوەی ئازادییەكان، نەبوونی خزمەتگوزارییەكان، هەموو ئەمانە پێمان دەڵێن: حكومەت لە غیابی پەرلەمان ئەوەندەی دیكە دەكەوێتە ویزەی هاولاتیانەوە، بۆیە پێویستە پەرلەمان بەدەستێك كارەكانی خۆی بكاتەوەو بەدەستەكەی تریشی هەوڵی سازان بدات لەو پرسانەی كە پێویستن. هەرچەندە پێمان وایە هەمواركردنەوەی یاسای هەلبژاردن گرنگە، بەلام ناكرێت بە بیانووی بەدیموكراسی كردنی یاساكە ناوەندێكی دیموكراسی پەرلەمانە پەك بخرێت.

لێرەوە پێویستە سەرۆك و سەرۆكایەتی، فراكسیۆنەكان، سەرجەم ئەندامان، هەڵوێستی خۆیان بەیان بكەن كە ئاخۆ لەدوای تەواو بوونی ماوەیان دەمێننەوە، یا رێگەی دووەم دەگرنەبەر؟ تا لای خەلكی كوردستان روون بێت كە ئاخۆ ئەوانە دەبن بە بەشێك لەچارەسەر و فشار لە لایەنەكانیان دەكەن، یان بەردەوام دەبن لەپێناو ئیمتیازاتەكانیان. چونكە مسداقیەت و راستگۆییان لەو كاتە هەستیارەدا دەردەكەوێت و مێژوو دەینوسێتەوە.

ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان
1/5/2022


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif