راگەیەنراوی یەکێتی نوسەرانی جینۆسایدی کوردستان بۆ قۆناغی چوارەمی شاڵاوەکانی ئەنفال
"حکومەت و پەرلەمان لە دۆسیەی ئەنفالدا بێ تەرخەمن"
قۆناغی چوارەمی ئەنفال یەکێکە لەھەشت قۆناغە شومەکەی ئەنفالی قڕکردنی گەلی کورد.
لە رۆژی ١٩٨٨/٥/٣ دەستی پێکرد و ناوچەیەکی جوگرافی بەرفراوانی لە دەوروبەری زێی بچوک لە ناوچەکانی ( شوان و شێخ بزێنی و کۆیەو تەقتەق و خەلەکان و قڵاسێوکە) و گوندەکانی بەتەواوی گرتەوە.
سوڵتان ھاشم راستەوخۆ فەرماندەیی ئەم قۆناغەی کردوەو لەگەڵ ھێزی پیادەی رژێمی بەعس بەشداری پەلاماردانەکەی کردوە.
لەم پەلامارەدا ھەردوو گوندی ( گۆپتەپەو عەسکەر) بەچەکی کیمیاوی بۆمباران کران.
لەم قۆناغەدا نزیکەی ١٠ ھەزار مرۆڤ بەر شاڵاوی ئەنفال کەوتن.
وەک قۆناغەکانی تری شاڵاوەکانی ئەنفال رژێم بەبەیاننامە دەستپێک و کۆتایی قۆناغەکانی رادەگەیاند بە جوگرافیای پەلاماردانەکانەوە.
ماوەی ئەم قۆناغە تەنیا پێنج رۆژ بوە لە ١٩٨٨/٥/٣ بۆ ١٩٨٨/٥/٨
یەکێتی نوسەرانی جینۆسایدی کوردستان
ئەم تاوانە بەبیر دێنێتەوەو یادی قوربانیەکان بەزیندوویی رادەگرێت.
لەم پەیامەشدا بەپێویستی دەزانین
داوا لە کەناڵەکانی راگەیاندن و ھەموو جۆرەکانی میدیای کوردی و عیراقی بکەین بایەخ بەو مێژوەو تاوانەکانی شاڵاوی ئەنفال و لێکەوتەکانی بدەن. زیاتر گرنگی بە پرسی جینۆسایدی گەلەکەمان بدرێت و پانتایی زیاتری بۆ تەرخان بکرێت. ئەنفال تەنها لە رۆژی ٤/١٤ی ساڵ کورت نەکرێتەوە. بەڵکو دەکرێت راپۆرت و فیلم و ھەواڵ و بەرنامەی هەفتانەو مانگانەی لەسەر بکەن. لە پلانی میدیاییدا بە بەردەوامی ناوی ئەنفال و قوربانی و جەلاد بخرێتە روو.
یەکێتی نوسەرانی جینۆسایدی کوردستان لەم رۆژەدا پەیامی خۆی ئاراستەی حکومەت و پەرلەمانی کوردستان دەکات کەبایەخ بە دۆسیەی ئەنفال بدەن و چیتر بێ تەرخەم نەبن.
یەکەم: ئەو شوێنانەی پێی دەوترێت مۆنیۆمێنتەکانی ئەنفال، بایەخیان پێ بدەن و بکرێن بەمۆنۆمێنت و پێداویستیەکانیان بۆ دابین بکرێت. بە راستی بکرێن بە مۆنۆمێنت.
دووەم: ئەرکە یاساییەکان رابپەڕێنن بەتایبەتی بەتاوان ھەژمارکردنی گومانکردن لەقەبارەی قوربانیانی ئەنفال و پیاھەڵدان و ستایشکردنی تاوانبارانی ئەنفال.
سێیەم: ھێنانەوەی روفاتی قوربانیانی ئەنفال لە باشوری عیراق دوای پشکنینی پزیشکی. ئەم بابەتە بکرێت بە دۆسیەی گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی عیراقی.
چوارەم: گۆڕینی میکانیزمی یادکردنەوەی قوربانیەکان بە پرۆژەو کارو خزمەتکردن نەک گوتارو بەناو چالاکی رووکەش.
پێنجەم: ھەوڵدانی ھەمەلایەنە بۆ ناساندنی ئەنفال لەناوەندە نێودەوڵەتیەکان و لەئاستی ناوخۆش.
شەشەم: داواکارین پەرلەمانی کوردستان پرۆژە یاسای یەکێتیەکەمان پەسەند بکات بۆ ئەوەی کارایانەتر نوسەرانی جینۆساید بتوانن ئەرکە ھاوبەشەکانیان راپەڕێنن و یەکێتیەکەمان رۆڵی گەورەی خۆی ببنێ لەم پێناوانەدا.
لەرۆژی ٥/٣ دەستپێکی قۆناغی چوارەمی شاڵاوەکانی ئەنفالدا وەک یەکێتی نوسەرانی جینۆسایدی کوردستان داواکارین یادەکان شایستەترو کاریگەرتربن و ھەموو سەفارەت و کونسوڵخانەو نوسینگەی وڵاتانی بیانی لەعیراق و کوردستان بانگھێشتی مەراسیمەکانی جینۆسایدی کوردستان بکرێن. بەزمانی بیانی و بە شێوازی جیاوازتر پەیامەکان ئاراستەی دەرەوەو ناوەوەی وڵات بکرێت.
نەمری بۆ رۆحی قوربانیانی ئەنفال و ھەمیشە سەربەرزی بۆ کەسوکاریان.
نەفرەت لەئەنجامدەرانی تاوانی ئەنفال.
یەکێتی نوسەرانی جینۆسایدی کوردستان
٢٠٢٢/٥/٣
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق