چارەنوسی كێڵگە نەوتیەكانی ناوچەجێناكۆكەكان بەرەو كوێ‌؟

ليست هناك تعليقات

 


ئامادەكردنی: نەوزادی موهەندیس
-
• ئاشكرایە عێراق وڵاتێكی دەوڵەمەندە بە سامانی سروشتی و نەوت و غازی سروشتیەوە، بەشێوەیەك لە عێراقدا 530 پێكهاتەی هەمە جۆری جیۆلۆجی هەیە كە یەدەگی نەوتی گەورە لە خۆدەگرێت،115 جێگە هەیە كە هەڵكەنراون،كە بڕی یەدەگی نەوتیان دەخەمڵێنرێت بە 311ملیار بەرمیل نەوت،415 جێگەش هێشتا نەدۆزراونەتەوە كە یەدەگی نەوتیان زیاترە لە 215 ملیار بەرمیل.توانای هەناردەكردنی نەوتی عێراق دەتوانێت بگاتە 4.5 ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانە،بەڵام لە ئێستادا تەنها بڕی 3.5 ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە دەكات.
• كۆمپانیای نەوتی باكور سەر بەوەزارەتی نەوتی عێراقیەوە و بەرپرسیارە لە ڕووی ئیداری و دارایی و تەكنیكیەوە لە سەرجەمی كێڵگە نەوتیەكانی باكوری عێراق ((لە ئێستادا جگە لە هەرێمی كوردستان)).و یەكێكە لە 4 كۆمپانیا نەوتیە گەورەكانی عێراق و لەساڵی 1929وە لە شاری كەركوك وەك یەكەم كۆمپانیای نەوتی دامەزراوە .
• لە ڕێكەوتی 14/5/2022دا كۆمپانیای نەوتی باكوری عێراقی ،ڕایگەیاند كە لەدوای هێرش و پەلامارەكانی داعشەوە بۆ پارێزگاكانی باكور و دواتر دوای ڕزگاركردنی ئەو ناوچانە لەلایەن هێزی پێشمەرگەی كوردستانەوە،حكومەتی هەرێمی كوردستان دەستیگرتوە بەسەر چەند كێڵگەیەكی نەوتیدا لە پارێزگای موصڵ و هەولێر و كەركوك و صلاح الدین.لەڕێكەوتی 15/4/2015وە.كە بریتین لە:
1. كێڵگەی نەوتی خۆرمەڵە لەپارێزگای هەولێر
2. كێڵگەی نەوتی هاڤانا لە پارێزگای كەركوك
3. كێڵگەی نەوتی كۆرمۆر لە پارێزگای صلاح الدین
4. كێڵگەی نەوتی صەفیە لە پارێزگای موصڵ
• لێرەدا زانیاری دەربارەی هەریەكە لەو كێڵگە نەوتیانە دەخەینە ڕوو لە ڕووی جێگەی جوگرافیا و بڕی بەرهەم و جۆری نەوتەكانی ،بۆئەوەی قەوارەی قازانج و سوودی ئەو گێڵگە نەوتیانە بزانرێت چەندە بوە ؟ و داهات و فرۆشەكەی بۆ كوێ‌ چوە؟
1. كێڵگەی نەوتی خۆرمەڵە:
لە سەرەتادا بڕی بەرهەمی ڕۆژانەی 375 هەزار بەرمیل نەوتە بوە و لە ئێستادا كەمیكردوە بۆ 175هەزار بەرمیل و هەندێكیش دەڵێن كەمیكردوە بۆ 200-250 هەزار بەرمیل نەوت و دەكەوێتە سنوری پارێزگای هەولێر بە دووری 33كم لە باشووری هەولێرو بڕی یەدەگی نەوتی تیایدا دەگاتە 3160 ملیۆن بەرمیل و لەلایەن كۆمپانیای كارەوە بەڕێوەدەبرێت.كە بەدرێژكراوەی كێڵگەی نەوتی كەركوك دادەنرێت.
2. كێڵگەی نەوتی كەركوك
نەوتی یەدەگی هەبوو لە كێڵگەی كەركوكدا دەخەمڵێنرێت بە نزیكەی 13 ملیار بەرمیل نەوت،كە نزیكەی 12% لەكۆی یەدەگی نەوتی عێراق پێكدێنێت.
ئەم كێڵگەیە پێنجەم كێڵگەی گەورەی نەوتە لە جیهاندا كە بریتیە لە گردێك كە ڕووباری زێی بچوك دەیبڕێت و درێژیەكەی 96.5كم و پانیەكەشی دەگاتە 4كم.قوڵی بیرە نەوتەكانی لەنێوان 450مەتر بۆ 900 مەتردایە.و تێكڕای بڕی بەرهەمی 720 هەزار بەرمیلە لە ڕۆژێكدا.
لەسەردەمی پاشایەتیدا ژمارەی بیرە نەوتەكانی 44 بیر بوون،دوای خۆماڵیكردنی نەوتیش لەساڵی 1973دا ئەم كێڵگەیە 47 بیری بەرهەمی تیادا بوە،و 88بیریش لەژێر چاودێری و دۆزینەوەدا بوون و 1 بیریش بۆ تێكردنی ئاو و 55بیریش داخراون.و كێڵگەی كەركوك 330 بیری نەوتی بە بەرهەم لەخۆدەگرێت و ئەم ژمارەیەش لە زیادبوندایە.جۆری نەوتی كەركوك زۆر باش نیە،چونكە ڕێژەی كبریتی بەرزە و بۆیە پێویست بە معالەجەكردن دەكات پێش هەناردەكردنی و چڕیەكەی مام ناوەنجیەAPI=32-33.
• كێڵگگەی نەوتی بای حەسەن:
دەكەوێتە ڕۆژئاوای كەركوكەوە لە ئاڕاستەدا تەریبە پێی،بیرە نەوتەكانی ئەم كێڵگەیە لە بیرە نەوتەكانی كێڵگەی كەركوك قوڵترن كە لە نێوان 1500 مەتر بۆ 3000مەتردان و بڕی بەرهەمی ڕۆژانەی 100هەزار بەرمیل نەوتە.
• كێڵگەی نەوتی هاڤانا:
وەزارەتی نەوتی عێراقی لەساڵی 2013دا گرێبەستێكی مۆركردوە لە گەڵ كۆمپانیای بریتیش پتڕۆلیۆمی بەریتانیدا بۆ هاوكاریكردنی كۆمپانیای نەوتی باكور بۆ پێشخستنی هەردوو كێڵگەی هاڤانا و باباگوڕگوڕ كە دەكەونە پارێزگای كەركوكەوە.بڕی بەرهەمی كێڵگەی باباگوڕگوڕ دەگاتە 50هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە و كێڵگەی هاڤاناش 60 هەزار بەرمیل.
3. كێڵگەی غازی كۆرمۆر
كێڵگەیەكی بچووك-مامناوەنجیە و دەكەوێتە سنوری پارێزگای صلاح الدین وە و لە باكوری ڕۆژهەڵاتی شاری دووزخورماتوە بە دووری 35كم لە ڕێگای گشتی دوزخورماتوو-كەركوك.ولەلایەن كۆمپانیای نەوتی باكورەوە دۆزراوەتەوە و تاساڵی 2003 ئیدارەی داوە.جۆری غازەكەی غازی شیرینە واتە ڕێژەی H2S تیادا نزمە.دەتوانرێت ڕاستەوخۆ بەكاربهێنرێت بەبێ‌ مامەڵەی چارەسەری بۆ لابردنی كبریت تیایدا.كۆمپانیای دانا غازی ئیماراتی كاری تیادا دەكات لە 15/4/2007وە.
• حكومەتی هەرێمی كوردستان هەرێمی دابەشكردوە بە 57 بلۆكی نەوتی دۆزراوەوە. كە هەندێكیان دەكەونە ناوچە جێ ناكۆكەكانەوە و گرێبەستیشی لەگەڵ كۆمپانیا جیهانیەكاندا كردوە لەسەر 51 بلۆكی نەوتی و تەنها 6 بلۆك ماوەتەوە.كە كراوەیە لەبەردەم وەبەرهێنان تیایاندا.ڕووبەری بلۆكی نەوتی دۆزراوەكان لەنێوان 135 كم چوارگۆشە لە كێڵگەی كۆرمۆردا.
ئەوەی تێبینی دەكرێت كە كێڵگە گەورە نەوتی و غازیەكان وەك كێڵگەكانی كەركوك و جەنبور و بای حەسەن و كۆرمۆر،بەزۆری دەكەونە ناوچەی گردۆڵكە لوتكەییەكانی شاخی زاگرۆس.لەكاتێكدا كێڵگە بچوكەكان و كە دۆزینەوەی نەوت تیایاندا بەرزە وەك كێڵگەكانی عەین زالە و تاوگێ‌ ودەكەونە ناوچەی گردۆڵكە لوتكەییەكانی شاخی تۆرۆسەوە.

4. كێڵگەی نەوتی صەفیە:
ئەم كێڵگەیە یەكێكە لە كێڵگە نەوتیەكانی سەر بە كۆمپانیای باكوور لە پارێزگای موصڵ، و دەكەوێتە ناحیەی زوممار نزیك لە سنوری عێراق و سوریاوە،و لە 10/4/2015وە لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە دەستی بەسەردا گیراوە و لە ئێستادا لەلایەن كۆمپانیای كارەوە بەڕێوەدەبرێت.
ئەو پەڕی توانای بەرهەمی ئەم كێڵگەیە بریتیە لە 4000 بەرمیل نەوتی ڕۆژانە لەوكاتەی لەلایەن كۆمپانیای باكورەوە بەڕێوەدەبرا.بەڵام كۆمپانیای كار ڕایگەیاندوە كە بەرهەمەكەی كەمیكردوە بۆ 3000بەرمیل نەوتی ڕۆژانە و نەوتەكەشی لەڕێگەی تەنكەرەوە دەفرۆشرێت.یەكەم جار لەساڵی 1974دا یەكەم بیرە نەوتی لێدراوە و دواتر لە نیوەی دووەمی ساڵی حەفتاكاندا دووەم بیرە نەوتی لێدراوە و لەناوەڕاستی هەشتاكانیشدا بەرهەمی خۆبەخۆی هەبوە و لە ساڵی 1990دا زیاد لە 40 بیرە نەوتی تیادا بوە و 120كم دەكەوێتە ڕۆژئاوای كێڵگەی نەوتی عەین زالەوە بڕی یەدەگی نەوتی مەزندە دەكرێت بە 300ملیۆن بەرمیل.

نەوتی باكوری عێراق

• لە ئێستادا كۆمپانیای نەوتی باكور،گەرەكێتی كە هەموو ئەو كێڵگە نەوتی و غازیانەی كە دەكەونە چوارچێوەی سنوری ناوچە جێناكۆكانەوە بگەڕێنێتەوە ژێر دەسەڵاتی خۆی.بەمەش هەرێمی كوردستان بڕی نەوتەكەی كەم دەكات و لە ئەنجامیشدا داهاتی نەوتەكەشی زیاتر كەم دەكات و ناتوانێت بودجە و مووچەی مانگانە و خەرجی پێویستی حكومەت دابین بكات.بۆیە ئەم كارەی وەزارەتی نەوتی عێراق و كۆمپانیای ناوبراو هێندەی تر كێشە و ململانێكانی نێون هەرێم و بەغداد قوڵتر و ئاڵۆزتر دەكاتەوە.ئەم هەوڵانەی كۆمپانیای ناوبراو بە بیانووی جێبەجێكردنی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی عێراقیەوە كە لە 15/2/2022دا دەرچوە.
• تەنها چارەسەریش بریتیە لە گفتوگۆیەكی هێمنانەی دوور لە هەڵای ڕاگەیاندن و دۆزینەوەی میكانیزمێكی شیاو گونجاوە كە هەردوولا زیانی گەورەیان پێنەگات و هەرێمیش بێبەش نەكرێت لە بەشە بودجە و مووچەی مانگانەی خۆی گەر ئەو كێڵگە نەوتی و غازیانە دەستیان بەسەردا گیرایەوە لەلایەن حكومەتی عێراقیەوە.ئەمەش پێویستی بە هێمنی و لێكتێگەیشتن هەیە نەك هەڵچوون و بەلاڕێدابردن و عینادی و غروری كەسی.بەهیوای ئەوەی ئەو كێشانە بە هێمنی و ئاشتیانە بێنە چارەسەركردن.
تێبینی:
======
• هەموو ئەو ژمارانەی كە نوسراون دەربارەی بڕی بەرهەمی كێڵگە نەوتیەكان ،دەشێت لە ئێستادا گۆڕانكاریان بەسەردا هاتبێت بە زیاد یان بەكەمكردن.
درەومیدیا

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif