نەوت بەرزبووەوە و بەهای روبڵیش بەرامبەر دۆلار بەرزبووەتەوە

ليست هناك تعليقات



 دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئەم هەفتەی جیهان نرخی نەوت بەهۆی نیگەرانی لە گەشەی ئابووری و سستبوونەوەی کەرتی پیشەسازیی چین، دابەزی، بەڵام ئەمڕۆ سێشەممە، نزیکەی یەک دۆلار و نیو بەرزبوونەوەی بەخۆوە بینیوە.

بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە 03-05-2022 نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنت یەک دۆلار و 4 سەنت بەرزبووەوە و بە 107 دۆلار و 30 سەنت مامەڵەی پێوەکرا ئەوەش لەکاتێکدایە کە رۆژی دووشەممە 2ی ئایار هەر بەرمیلێک نەوتی برێنت بە بە 105 دۆلار و 93 سەنت مامەڵەی پێوەدەکرا. هەروەها نرخی نەوتی سووکی تەکساسیش بەراورد بە رۆژی رابردوو زیاتر لە دۆلارێک بەرزبووەوە و بە 104 دۆلار و 90 سەنت مامەڵەی پێوە دەکرێت، ئەوەش لە کاتێکدایە کە رۆژی دووشەممە یەک بەرمیل نەوتی سووکی تەکساس بە 103 دۆلار و 70 سەنت مامەڵەی پێوە دەکرا.

بەپێی ئامارە فەرمییەکانی چین لە مانگی چواری ئەمساڵدا کەرتی کارگەکان و پیشەسازیی چین بۆ دوو مانگی یەک لەدوای یەک پاشەکشەی کردووە و دابەزیوە بۆ نزمترین ئاستی خۆی لە ساڵی 2020 دا.

نرخی زێڕ 27 دۆلار دابەزی

ئەمڕۆ دووشەممە بەهای زێڕ دوای کردنەوەی بازاڕەکانی جیهان بەراورد بە رۆژی دووشەممە بۆ هەر ئۆنسەیەک 27 دۆلار دابەزینی بەخۆوە بینیوە.

دابەزینی بەهای زێڕ هاوکاتە لەگەڵ نزیکبوونەوە لە کۆبوونەوەی کۆمیتەی سیاسەتی بازاڕی ئازادیی بانکی ناوەندیی ئەمریکا لەسەر بەرزکردنەوەی سوودی بانکی.

بەهای زێڕ رۆژی دووشەممە 2ی ئایار بە رێژەی 0.3٪ دابەزی و هەر ئۆنسەیەک بە 1890 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا؛ ئەمڕۆش دابەزینی زیاتری بەخۆوە بینی و هەر ئۆنسەیەک زێڕ بە 1863 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت. هاوکات نرخی هەر ئۆنسەیەک زیویش بە 22 دۆلار و 63 سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت.

بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە 3ی ئایار بانکی ناوەندیی ئەمریکا دەست بە کۆبوونەوە دوو رۆژییەکەی بکات و رۆژی چوارشەممە بڕیار لەسەر بەرزکردنەوەی سوودی بانکی دەدات کە بەپێی شرۆڤەکاران ئەگەری هەیە بە رێژەی 0.5%ی رێژەی سوودی بانکی بەرز بکاتەوە.

بەپێی شرۆڤەکاران، بەرزکردنەوەی سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندییەوە بەو هۆیەی کە دەبێتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار، نرخی کاڵا و کانزاکان دادەبەزێنێت.

بەهای دۆلار بەرامبەر دراوە جیهانییەکان

100 دۆلار بەرامبەرە بە 147 هەزار و 500 دیناری عێراقی
یۆرۆ - دۆلار 1.05 EUR/USD
پاوەند - دۆلار 1.25 GBP/USD
دۆلار - یەن 130.26 USD/JPY
دۆلار - لیرە 14.90 USD/TRY
یەک دۆلار - ریاڵ (تمەن) 28 هەزار و 100 تمەن USD/IRR
یەک دۆلاری ئەمریکی: 68.85 روبڵی رووسی

7ی ئاداری ئەمساڵ بەهۆی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی رووسیا بۆسەر ئۆکراینا، بەهای روبڵی رووسی بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی بۆ ئاستێکی پێوانەیی دابەزی و هەر دۆلارێک بەرامبەر بوو بە 143 روبڵ. بەڵام ئێستا بەهای روبڵی رووسی بەشێوەیەکی پێوانەیی بەرزبووەتەوە و یەک دۆلار بەرامبەرە بە 68.85 روبڵ، کە ئەو ئاستە لە بەرزبوونەوەی بەهای روبڵ لە ساڵی 2021یش تۆمارنەکراوە. بەرزبوونەوەی بەهای روبڵیش دوای بڕیارەکەی ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا دێت بە نەفرۆشتنی گازی سرووشتی بە دۆلار بە وڵاتانی رۆژئاوا.






ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif