سۆزان حەمەتاتە
-
رووداوی شەق تێهەڵدانی پۆلیسەكەی ناو دادگای سلێمانی لە ژنێك ناكرێت تەنها لەو دیمەنەدا كورت بكرێتەوە و بیانووی ئەوەی بۆ بهێنرێتەوە كە پۆلیسەكە رەنگە لە دۆخی هەڵچووندا ئەو كارەی كردبێت، بەڵكو پێویستە قسە لەسەر عەقڵیەتی پشت دیاردەی شەقهەڵدان لە ژن و مرۆڤكوژی بكرێت و بەوردی لەسەری رابووەستی و بەپێی یاسا و لە رێگەی هەڵگیرسانی شۆڕشێكی هۆشیاری و كۆمەڵایەتییەوە چارەسەر بۆ ئەو دیاردە قێزەونە بدۆزرێتەوە كە لە كۆمەڵگەی كوردیدا مێژوویەكی دوورودرێژی هەیە.
توندوتیژی دژی ژنان لە هەرێمی كوردستاندا دیاردەیە نەك حاڵەت، هۆكارەكانی هێندە زۆرن بەس ژماردنی نەك قسەكردن لەسەری كاتی زۆری دەوێ، بەڵام رێگەی كاریگەر و سەرەكی رێگری لێكردنی یان كەمكردنەوەی لە پلەی یەكەمدا یاسایە، روونتر سزادانی توندی ئەوانەی كە توندوتیژیی بەرانبەر ژنان دەكەن بەشێوەیەك كە لە ئەنجامدانی كارێكی قێزەون وریایان بكاتەوە و بۆ ئەوانی دیكەیش ببێتە وانەیەك
.یەکەم عەقڵی ستەمکار عەقڵی خێڵەکی دوو
شەقهەڵدانی پۆلیسەكە لە ژنێك هەنگاوی سێیەمە، پێش ئەوە عەقڵیەتێكی خێڵەكی و دەسەڵاتێكی ستەمكار هەیە كە نەرمە بەرانبەر ژنكوژان، عەقڵیەتێك ئامادەیی هەیە كە ژن بە كەم دەزانێت، دەسەڵاتێكیش سەرچاوەكەی لە خیڵەوە وەرگرتووە و ریشەكەی بە مێژووی خێڵدا درێژبووەتەوە. پۆلیسەكە كوڕی كۆمەڵگەیەكە كە ژن وەكو مرۆڤێكی كامڵ نابینێت، توندوتیژیی دژ ژنان بڤە نییە، ئازادی و یەكسانی جێندەری تیایدا بەهای زۆری نییە، دەبینرێت ژنكوژێك یان ناگیرێت یان دوای ماوەیەك ئازاددەكرێت، بۆیە دەرفەتی زیاتر بۆ ئەو نێرانە دەڕەخسێ كە خاوەن ئەو بیركردنەوە و عەقڵیەتەن ژن بە كەم سەیردەكەن و بڕواشیان بە یەكسانی نیە.
پۆلیسەكە بەو كارەی، كە دژی هەموو پێوەرەكانی مافی مرۆڤ و ژنە، بەتایبەت لەبەردەم حەشاماتێك لە پیاواندا دەیەوێت نێریەتی خۆی بسەلمێنێ، نێرێك كە لە توندوتیژیدا دەگاتە لوتكە، لێرەدا نێرێتی یەكسانە بە توندوتیژی بەرانبەر ژن نەك رێزگرتن و یەكسانی و دابەشكردنی ئەركەكانی لەگەڵیدا.
بۆیە لە كاتی رووداوێكی وا شەرمهێنەردا نابێت تەنها پۆلیسەكە جێگەی تانە و قسەكردن بێت، بەڵكو قسەكردن لەسەر كۆمەڵگە و عەقڵیەت و دەسەڵاتەكەش پێویستە، بۆ ئەوەی ئەو جۆرە لە نێرێتی یان نێرینەبوونە بخرێتە بەردەم نەفرەت و كۆتایی بێت.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق