-
ئەو بەرەیەی لە هەڵبژاردنەکانی 10-10-2021 تا رادەیەک دەنگەکانیان کەمیکرد تا ئاستی شکست، وادیارە تائێستا هەولێر وەک رمی تیرەکە دەبینن و بە لووتکەی ناسیۆنالیزمی کوردی و مەتبەخێکی سیاسیی گەرم و ئەکتیڤ وێنای دەکەن و خوازیارن تێکی بدەن، ئەو جۆرە لە بیری ناسیۆنالیزمی مەزهەبی تێکدانی ئاسایش و سەقامگیریی هەولێر بە تێکدانی هەموو هەرێمی کوردستان دەزانن بۆیە زۆر کار لەسەر ئەو تەناهی و ئارامییە دەکەن و لایان بووەتە لووتکە ئەفسوناوییەکە و هەموو جارێکیش وەک ترافیکی دیپلۆماسی ناچارن سەری پێدا بکەنەوە.
بەرەکە تەواو سیاسییە و حیزبییە و لە قومەوە درێژ دەبێتەوە بۆ نەجەف و بەغدا و لەسەر دوو پایەی سەرەکی قووڵمەودا دژی هەرێمی کوردستان کاری لەسەر دەکەن:
پایەی یەکەم: تەنگ پێهەڵچنینی هەرێمی کوردستان بە دەرچوواندنی بڕیارەکانی دادگەی باڵای فیدڕاڵی وەک لۆژیکی یاسایی و بۆ ئەم مەبەستەش تەواوی قورساییان خستووەتە سەر یاسابەرکارەکانی ئەو دادگەیە، تەنانەت دەرکردنی یاسای بەتاوانناساندنی ئاساییکردنەوەی هەر جۆرە پەیوەندییەک لەگەڵ ئیسرائیل لە پەرلەمان، هەمان بیرکردنەوەی قووڵ و ئایدۆلۆژیێک بوو دژی هەرێمی کوردستان و لایان وایە هەرێمی کوردستان پەناگەی یەهودییەت و دەزگا سەهیۆنیستەکانە و دەبێت لەناو بچێت.
پایەی دووەم: هەڕەشە و ترساندنی هەرێمی کوردستان لە رێگەی درۆن و بارووت و هەیەجانی کوشتنەوە، وەک لۆژیکی سەرباز و حەشد و هێز کە ماوەیەکە بووەتە بازرگانیی سیاسی بۆیان، دوایین کاریان درۆنە بۆمبڕێژکراوەکەی شەوی 08-06-2022ی سەر رێگەی سەرەکیی هەولێر - پیرمام بوو کە قوربانیی لێکەوتەوە. ئەوەش یەکەمجار نییە مووشەک و درۆن دەنێرن بۆ هەولێر و لێدانێکی کوێرانە لە ئامانجی نادیار بۆ سازکردنی کەشی ترس و دڵەڕاوکێ.
لە رووی دیپلۆماسی و ئایدۆلۆژیی و حیزبیشەوە ئەو بەرەیە خەریکی ئەوەن کۆمەڵگە و حیزبی کوردی شەق بکەن و هێڵی سیاسی و رێکخراوەیی و بەرەی مەترسیداریان تێدا دروست بکەن بۆ هەمان ئامانج. ئەوانەی لە خولگەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعیی وەلائین بەئاسانی دەرگەی دیداریان بۆ دەخەنەسەرپشت بە حیزبە بچووکەکانیشەوە گەرچی سەنگی سیاسیشیان کەم و بێبایەخ بێت.
ئەو رووانگە و بەرەیە شاری سلێمانی وەک قووڵایی ستراتیژیی تاران و بەغدا و درێژکراوەی کەرکوکی ئێستا تەماشا دەکات.
واهەست ناکات مۆڵگەی مۆساد و هەواڵگریی ئەمریکی تێدابێت و دژی ئێران و وەلائییەکان بن، بەڵام هەولێر جیاوازتر دەبینێ و وەک مەتبەخ و قووڵاییەکی ئەمریکی تورکی ئیسرائیلی وێنای دەکەن، بەو دیدە جەهەنمییە هەرێمی کوردستانیان لە باری ئیداری و جیۆسیاسییەوە کردووە بە دوو قاژی سەرەکییەوە، ماوەیەکیش لە رێگەی وەکیل و بەکرێگیراوەکانیانەوە بەناوی هەرێمی سلێمانی و هەڵەبجە خەریکی ئەو بەندوباوە بوون.
بەڵام پەیوەندی لەو عێراقەدا لەگەڵ بەرەیەک کە خاوەنی بیرکردنەوەیەکی نەگۆڕ و فاشیزمێکی نووستووە جۆرێکە لە پاشاگەردانی بۆ دیپلۆماسییەتی کوردی و لێدان لە ئیجماعی سیاسی، ئەو بەرەیە نەک خاکی کوردستانی دەوێ بەتەنها، دەیەوێت دەستەمۆی ئەو چەند حیزب و گرووپە سووننیە ئیسلامییە کوردیەش بکات و بیخاتەوە ژێر هەژموونی فیکری و فیزیکی و سوڵتەوی شیعییەوە، بۆیە رۆشتن بۆ ژێر عەبای مەدێکی ئایدۆلۆژی شیعی و کەمینەیەکی سەربازی و کۆبوونەوە سازکردن مایەی پرسیارە، پەرتەوازەیی ناوخۆیی هەرگیز نابێت سەربکێشێت بۆ ئەو جۆرە سەردان و بەرخوردە حیزبییە ئایدۆلۆژییە بچووکانە بەتایبەت دەزانین مالیکی و عەبادی و خەزعەلی چ جۆرە بیرکردنەوەیەکی تاریک و دژەکورد تەبەنی دەکەن. یانی ئەو گرووپە حیزبییە کوردانەی دژی مەزهەب و کولتووری خێڵ و ئیدارەی دامەزراوەیی لە هەرێمی کوردستان بە بیانووی ناعەدالەتی و گەندەڵی، کەچی لە بارەگای ئاغايان و ئایەتوڵڵاکان و دیوانی حەشدی شەعبی بە سیاسەتی تەقلیدی و نەخوێندەوارترین قەبیلەی مەزهەبی رازین و موبارەکە و موبادەرەی پڕۆژەکانیان دەکەن، لەکاتێکدا گەندەڵی و نادادپەروەرییان هەزار هێندەیە بەراورد بە هەرێمی کوردستان. لە بەغدا خەنی دەبن بە وێنەگرتن لەگەڵ عەبا رەشەکان بۆ ئیمتیازی کاتی و لێرەش دژی دەستکەوتەکانن، لەکاتێکدا هیچ کاراکتەرێکی سیاسی شیعی نادۆزیتەوە بەخەونیش دژی راپەڕینی میللی شیعەکان و دەستکەوتی نیشتمانەکەی بوەستێتەوە.
بۆیە دەبێت ئەو جۆرە بەرخورد و دیپلۆماسیەتەش دەستکاری بکرێت کە هیچی لە درۆن کەمتر نییە بۆ جەستەی سیاسیی هەرێمی کوردستان.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق