كوردستان ئەحمد
-
كاتێك مەسرور مەسعود مستەفا بارزانی، كلیلی كابینەی نۆیەمی حزومەتی هەرێمی كوردستانی وەرگرت، بەشیكی زۆر لە میدایاكانی كوردستان و عێراق و دەرەوەش چەند گفتوگۆیەكیان دەربارەی ئەگەرەكانی سەركەوتن یان سەر نەكەوتنی بارزانی كوریان شرۆڤە دەكرد، كورتەی قسەكانیان ئەوە بوو كە بارزانی كابینەكەی درێژە پێدەری هەمان ئەو كابینانەی پێشوو تر دەبێت، بەشێكی زۆریش دەیان گوت كابینەكە دەبێتە ناوەندێك بۆ ترس و تۆقاندن وفراوانی مەودای بیركردنەوەی میدیای تەسك دەبێتەوە و ئازادی رادەربڕین دەچێتە ژێر پرسیارەوە، میدیاكاران لەو باوەڕەدابوون دانیشتن لەگەڵ مەسرور بارزانی ئاسان نابێت.
رۆژی شەممە مەسرور مەسعود بارزانی وەك سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێشوای لە ژمارەیەكی زۆر لە رۆژنامەنوسانی هەرێمی كوردستان كرد، كە لە هەموو شارەكانی باشوری كوردستانەوە سەردانیان كردبوو، ئەوە یەكەمین كۆبوونەوەی بێ پەردەو راستەوخۆی سەرۆك وەزیران و رۆژنامەنوسانی هەرێمی كوردستان بوو، كە راشكاوانەترین شێوازی گفتوگۆبوو لە نێوان دەسەڵاتی یەكەم و دەسەڵاتی چوارەم.
هەر چەندە هەر لەسەرەتای دەسبەكار بوونی بارزانی كوڕدا وێنەكە وەها نیشانی خەڵكی دەدرا، كە بارزانی كور نایەوێت بچێتە پەڕلەمان و ناشیەوێت رووبەڕویی گەنجان و رۆژنامەنوسان ببێتەوە و دابنیشێت و گفتوگۆ بكات، بەڵام بینیمان بارزانی كور پێچەوانەی هەموو بۆچوونەكان هەم لەگەڵ گەنجان وهەمیش لەگەڵ رۆژنامەنوسان و هەمیش لە پەرلەمان لەگەڵ پەرلەمانتاران كۆبوویەوە.
بارزانی كور چی گوت لە پەرلەمان
كاتێك سەرۆك وەزیران ئامادەی دەربڕی ئامادەی دانیشتنەكانی پەرلەمانی كوردستان ببێت، گومانێكی دیكە لەسەر شەفافیەت و بەرچاو روونیەكانی قسەكانی سەرۆك وەزیران دروست بوو، كە نایەوێت دانیشتنەكە راستەوخۆ بگوازرێتەوە لە رێگەی میداكانەوە و ناشیەوێت وەڵامی هەموو پرسیارەكان بداتەوە، كە بینیمان بە پێچەوانەی تەواوی ئەو گفتوگۆیانە بوو كە بارزانی كورد لەپەرلەمان بە فەرمانی خۆی راستەوخۆ تەواوی دانیشتنەكەیان گواستەوە و وەڵامی هەموو پرسیارەكانیشی دایەوە، ئەوە لە كاتێكدا بوو هەموو ئەو پەرلەمانتارانەش لە پەرلەمان ئامادەبوون و قسەیان دەكرد و وەلامی هەموو پرسیارەكانیشان وەرگرت، دواتریش نەمانبینی پەرلەمانتارێك بڵێت من پرسارەكەم وەڵامی نەبوو یاخود نەیانهێشت پرسیار لە سەرۆك وەزیران بكەم، بە پێچەوانەشەوە فەرمانی دەركر بۆ تەواوی وەزیرەكان كە دەبێت هەفتانە و مانگانە بەشداری دانیشتنەكانی پەرلەمان بكەن و تەواوی پەرلەمانتارانیش پرسیارەكانی خۆیان بكەن.
سەرۆك وەزیران میدیا كاران كۆدەكاتەوە
لە سەروبەندی ئەو ئاڵۆزییە مییداییە نالەبارەی باشوری كوردستانی گرتوەتەوە و سەرەرای ئاڵۆزیەكان و سەرەرای هەموو ئەو پەیج و میدیا بێسەر و بەرو بێخاوەنانەی كە بەشێكی زۆریان تەواوی زانیاری و هەواڵ و بەرنامەكانیان پڕن لە زانیاری نادروست و ناپرۆفیشناڵیەتی لە كارەكانیان بەڵام سەرۆك وەزیران مەسرو مەسعود بارزانی بڕیاریدا كە لە گەڵ تەواوی میدیاكارانی باشوری كوردستان كۆببێتەوە، بینیمان كە چۆن بە كراوەی هەموو شتێك باسكرا لە كۆبوونەوەكاندا.
گرنگترین بابەتی گفتوگۆكان ئەوەیە كە دەسەڵاتی چوارەم راستەوخۆ بە بێ هیچ فلتەرێك و نێوەندێك لەگەڵ دەسەڵاتی یەكەم كۆدەبێتەوە و گفتوگۆ دەكەن، سەرۆك وەزیران پێش هەموو كەسێك و پێش رۆژنامەنوسەكان باسی لە دۆخی كوردستان كرد، ئەوەی كە دڵنیای دا كە بەبێ پەردەو زۆر بەڕونی گوێ لە قسەكان دەگرێت لەگەڵ ئەوەشدا سەرۆك وەزیران هەر لە یەكەم رۆژی كاركردنیەەوە باسی لەوە كردووە كە بەڵێ لە كوردستان گەندەڵی و نادادی و نا یەكسانی و گرفت هەیە، ئەوە گرنگرتین شتە كە سەرۆك وەزیران بیزانێت و بیڵێت بەڵام لەوەش گرنگتر ئەوەیە كە سەرۆك وەزیران پلانی بۆ رووبەرووبوونەوەی هەموو ئەو گرفتانە هەیە و دەشیەوێت بە هەموو لایەك كێشەكان چارەسەر بكات.
گوێگرتن لە رۆژنامەنوس باشترین كارێكە كە سەرۆك وەزیران یان هەر كەسێكی دیكە بیكات، هەرچەندە زۆرێك لەو دەموو چاوانەی كە لە كۆبوونەوەكەدا بینران لە راستیدا لە پەیجەوانێك زیاتر هیچی دیكە نەبوون و لە نێو بازنەیەكی داخراودا دەسوڕانەوە و گومانیان لەسەر هەموو شتێك دروست دەكرد، بەڵام دواجار ئەوە ئاڵنگاریەكی گەورەیە كە لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا و لە ناو هەرێمی كوردستاندا و لەم وەختە پر كێشمە كێشە سەرۆك وەزیران ئاڵنگاری تەواوی میدیاكاران دەكات و رووبەروویان دادەنیشێت.
سەرۆك وەزیران لەو دانیشتنە پێی گوتین كە ئاڵنگاری هەموو كەس دەكات كە دەیەوێت باس لە نادادی بكات و پێێ وایە دۆسیەیەك هەیە لە كوردستاندا ئاڵۆزە سەرۆك وەزیران خۆی لێ دەشارێتەوە و نایەوێت چارەسەری بكات، لە راستیدا پێچەوانەكەیمان بینی، كە دەسەڵاتی یەكەم و باوكی یەكەمی ئەم وڵاتە رووبەرووی هەموو ئەو رۆژنامەوان و پەیجەوانانە بوویەوە كە پێیان وابوو، دەسەڵاتی یەكەم تۆقێنەر و ترسناك و هەواڵگرییە،
مەسرو مەسعود مستەفا بارزانی، لە كۆبوونەوەكە بە راشكاوی بەهەموومانی گوت ئەوە ئێمەین، بەروونی دەدوێین بەروونی گوێ دەگرین و بەروونیش چارەسەری كێشەكان دەكەین، بۆیە ئەو ئامادەیە گوێ لە میدیاكار یان هەر كەسێكی دیكە بگرێت و بیەوێت دۆخەكە چارەسەر بكات.
چیان بەسەرۆك وەزیران گوت
ئەستەمە تۆ هەر پلەو پایەیەكت هەبێت، ئۆپۆزسیۆن بیت یان لە دەسەڵات رۆژنامەنوس بیت یان هەر كەسێكی دیكە، سەرۆك وەزیران بانگشێتت بكات و بڵێت من ناتوانم لەو دانیشتنە ئامادەبم، لە راستیدا، زۆرێك لەو دەموو چاوانەی كە بینیمان پێشتر دەیانگوت ئەم سەرۆك وەزیرانە هیچی پێناكرێت و ناتوانێت رووبەرووی رۆژنامەنوسان بوەستێتەوە و چارەسەری گرفتەكانی پێناكرێت و ئاو هاو ئاوهایە، كەچی دواتر بینیمان كە چۆن دانیشتبوو لەبەردەم سەدان رۆژنامەنوسی دیكەدا، قسەی باقوبریقی دەكرد، ئەوەی ئەوان كردیان بەشێكی گەیاندنی راستیەك بوو كە حاشا هەڵنەگرە و میدیاكاری راستەقینە و هەموو كەس دەیزانێت و جێگەی دەستخۆشیشە.
بەڵام ئەوەی من بینیم تەنها نمایش و قسەی ناو سۆشیاڵ میدا و خۆ كردن بوو بە پاڵەوان لە بەردەم كەسی یەكەمی وڵاتەكەدا، لەراستیدا دیدارەكە هێندە بۆ خۆ دەرخستن و شان و باڵبادانی میدیاكارەكان بوو، هێندە بۆ ئەوە نەبوو كە میدیاكارەكان بتوانن پەیامێك بگەیەنن كە خودی سەرۆك وەزیران یان هەر كەسێكی دیكە نەیزانێت.
رەوانییە تۆ لە پەیجێكی بێدایك و باوكی ناو شەستییەكە كار بكەیت و رۆژانە سەدان درۆ و هەواڵی ناشرین و نالەبار دەرخواردی خەڵكی رەش و رووتی ئەم وڵاتە بدەیت و بەیانی تا ئێوارە مایكێك بدەیتە دەست كچۆڵەیەك و ئەویش بیاتە بازار و جنێو بدرێت و سوكایەتی بە قەداسی مرۆڤ و نیشتمان بكرێت، كەچی لەبەردەم سەرۆك وەزیران خۆتت لێببێت بە میدیاكارێكی نێودەوڵەتی و وا خۆت دەرخەیت كە بەراستی میداكارێكی پیشەییت.
جەنابی پەیجەوانی بەڕێز، كاتێك سەرۆك وەزیران یان هەر كەسێكی دیكە میوانیت دەكاتا بۆ دیوانەكەی ئەوە بۆ ئەوە نییە تۆ شان و باڵ بادەیت و سێلفی بگریت و قسەی فەیسبووكی بكەیت و دواتر خۆت بكەیتە پاڵەوانی پەیجەكانی ناو شەستییەكە بەڵكو بۆ ئەوەیە كە تۆ هەواڵەكانی كوردستان بگەیەنیت وەك خۆی.
ئێستا منیش و سەرۆك وەزیرانیش و هەر كەسێكی دیكەش دەزانێت ئەم وڵاتە بەدەست چییەوە دەناڵێنت، تۆش كە وەك رۆژنامەنوس بەهات بۆدانراوە، وەك رۆژنامەنوس مامەڵە بكەو هەلەكە مەقۆزەرەوە بۆ ئەوەی قسەی فەیسبووكی بكەیت و ئامادەكاری بكەیت بۆ خۆ كاندید كردنی داهاتووت.
ئێستا بۆچوونی هاووڵاتیان لە كوردستان دەربارەی رۆژنامەنوس و پەیجەوان و و كاندید زۆر گۆراوە، خەڵك زۆر بە ئاسانی و بەڕوونی دەبینێت كە میدیاكار چییە و كێیە و تۆش كێیت كاتێك بانگێشت دەكرێت بۆ شوێنێك و شان و باڵ بدەدەیت و قسەی باقو بریق دەكەیت، ئەم نیشتیمانە بریندارە پێویستی بە قسە باقوبریقەكانی تۆ نییە، پێویستی بە كردارێكە بۆ ئەوەی دەریبخات ئایا هەموومان پێكەوە دەتوانین گرفتەكان چارە بكەین یان نا.
ئیستا وڵات ئاوەدانە یان وێرانە، ئەوەی گرنگە ئەوەیە سەرۆك وەزیران وەك دەسەڵاتی یەكەم رووبەرووی هەموو میداكارەكان وەستایەوە و بەروونی وەڵامی هەموو شتێكی دایەوە و خەڵكیش زۆر بەجوانی لەوە تێگەیشتن كە میدیاكار بەقات و ریبات و قسەی باقو بریق نییە بەڵكو بە فیكر و كاری جوان و پێشكەوتووە.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق