عادل باخەوان
-
سەرەتا
لەنێوان 13 و 25ی ئەم مانگەدا دوو گەشتم بۆ بەغدا و هەولێر کرد و لە هەردوو پایتەخت کەسی یەکەمی زۆربەی هەرە زۆری حیزبە شیعی، کوردستانی و سووننییەکانم بینی و لە دەرەوەی ئەوانیش چەندین دیپلۆماتی رۆژئاوایی دانیشتووی بەغدا و چەند گرووپێکی توێژینەوەی جیاجیام بینین. ئامانجی سەرەکیی ئەم دیدارانەم بریتیبوو لە تێگەیشتن لەوەی کە لە ئێستا و ئەمڕۆی عێراق دا روودەدات لە زاری یەکەمی هێزە سیاسییەکان خۆیانەوە و، دیالۆگی راستەوخۆ و دوو بە دوو لەگەڵیان دا، دوور لە چاوی کامێراکان. من هەوڵدەدەم لە چەند وتارێکدا تێبینییە گشتییەکانم تۆمار بکەم و ئەگەر پێویستیش بکات زیاتر لەسەریان بوەستم.
لەم وتارەدا پێمباشە لەسەر پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق بوەستم و، وەڵامی پرسیارێکی سەرەکی بدەمەوە کە چەند رۆژێکە، بە چەندین رێگەی جیاواز لێم دەکرێت: ئایا هەرێمی کوردستان لەبەردەم هەڕەشەیەکی وجودیدایە؟ تەنانەت یەکێک لە خوێنەرەکانم بە خەمێکی قووڵەوە لێم دەپرسێت: بەڕاستی هەرێمی کوردستان دەمێنێتەوە؟
ئەم پرسیارە بۆ؟
تێگەیشتن لە رەگوڕیشەکانی ئەم پرسیارە زۆر گرنگە، چونکە رێگەمان پێدەدات بۆئەوەی وەڵامێکی دروست بدەینەوە. من پێموایە بەشێک لە رەگوڕیشەکانی ورووژاندنی ئەم پرسە لەنێو نەزانیندایە و بەشێکی دیکەشی لەنێو سەرمایەگوزاریی سیاسیدایە.
سەرەتا نەزانین. نەبوونی میتۆدێکی زانستی بۆ کۆکردنەوەی زانیاری و چاودێریکردنی واقیع وەکو ئەوەی کە هەیە و پاشان شرۆڤەکردنی زانیارییەکان بۆ تێگەیشتن و دواتر بەرهەمهێنانی مەعریفە لەسەر چیەتی و چۆنێتی و چەندایەتیی ئەو واقیعەی کە تێیدا دەژین، هۆکاری یەکەمی وروژاندنی ئەم پرسەیە. بۆ نموونە چەند هێرشێک بە درۆن، بارینی چەند مووشەکێک بەسەر هەولێردا، جووڵەی گرووپێکی حەشدی شەعبی یان لێدوانی بەرپرسێکی تورکی و ئێرانی، یاخود وتارێکی گشتی دیپلۆماتێکی ئەوروپی، وادەکات کە هەموو ئەو دەستەبژێر و رۆشنبیر و تەنانەت خوێنەرە ئاساییانەش بخاتە پانیکەوە، کە خاوەنی میتۆدێکی زانستی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ واقیعدا نییە و کۆی ئەو بنەما و نۆرم و رێکخستن و یاسا و بەرژەوەندی و گرەوانە نابینن کە ستراکتۆر و مانا بەو جووڵانە دەبەخشن. لێرەوە پێیانوایە سبەینێ هەرێمی کوردستان کۆتایی پێدێت و لەم بوارەشدا دەنگە دەنگێکی زۆر بە دەوری خۆیاندا دروست دەکەن.
سەرمایەگوزاریی سیاسی. گرووپی دووەمیش هەموو ئەو دەستەبژێرە سیاسی و رۆشنبیریانەن کە تەواو وشیارن بەوەی کە چۆن و لەبەرچی و کەی و بۆچی ئەم درۆن و مووشەکانە دەبارن بەسەر کوردستان دا و لە چ دۆخێکدا دیپلۆماتێک لێدوانێک دەدات، بەڵام بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هەژموونی سیاسی و رۆشنبیرییان و بۆ دەستکاریکردنی پەیوەندییەکانی هێز، دێن سەرمایەگوزاری بەم رووداوانەوە دەکەن. ئەکتەرەکانی ئەم گرووپە هیچ بەلایانەوە گرنگ نییە کە کۆمەڵگەی کوردستانی دەخرێتە دۆخێکی نائارامیی دەروونییەوە و بازاڕ تێکدەچێت یاخود نا و پانیکێکی گەورە روو لە هاونیشتمانیان دەکات یاخود نا. تەنیا شتێک بەلایانەوە گرنگە ئەوەیە کە چۆن هەر یەکێک لەم رووداوانە بەکاربێنن بەو ئاراستەیەی کە خۆیان دەیانەوێت.
ئایا لە بەغدا هەڕەشەیەکی جیددی لەسەر هەرێمی کوردستان هەیە؟
بەپێی ئەو داتایانەی کە لەبەردەستی مندان و زۆر بە وردی شرۆڤەم کردوون، لە ئێستا و ئێرەدا و تەنانەت لە مەودای مامناوەندیش دا شتێک لە بەغدا نییە بەناوی هەڕەشەی وجودی لەسەر هەرێمی کوردستان. لەسەر ئاستی بابەتی، بەغدا نەک هەر هەڕەشەی وجودی نییە بەسەر هەرێمی کوردستانەوە، بەڵکو خۆی لە کارەساتێکی وجودیی گەورەدا دەژی و جەنگی مان و نەمان لەپێناوی مانەوەی خۆیدا دەکات.
تەنانەت بەبێ هیچ دوو دڵییەک دەتوانم بڵێم لە 16ی ئۆکتۆبەری 2017دا، ئەگەر ئەمریکا و ئەوروپا گڵۆپی سەوزیان بۆ سوپای عێراق و حەشدی شەعبی هەڵنەکردایە و یارمەتیی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆیان نەدانایە، بە هیچ شێوەیەک نەک هەر نەیاندەتوانی گوندێکی ناوچە جێناکۆکەکان بگرن، بەڵکو هەر لە بناخەوە بیریان لە پەلاماردان نەدەکردەوە. ئێستا ئەو گڵۆپە سەوزە نەک هەر هەڵنەکراوە، بەڵکو ئەمریکا و ئەوروپا زۆر بە تووندی مامەڵە لەگەڵ حەشدی شەعبی و تەنانەت چەند لایەنێکی سوپای عێراقیش دا دەکەن.
دەتوانم لەوەش زیاتر نهێنییەک لەم بابەتەدا بدرکێنم. یەکێک لە سەرکردە هەرە بەهێزەکانی شیعە، بە وردی و بە بەڵگە و زانیارییەوە باسی ئەوەی بۆ دەکردم کە زۆر گرنگە عێراق لەگەڵ هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی یەکجارەکی رێکبکەوێت، ئەگەرنا هەرێمی کوردستان دەتوانێت ببێتە مەترسی بەسەر ئاسایش و سەقامگیری و گەشەی ئابووریی تەواوی عێراقەوە. رەنگە ئەم روانینە کەمێک زیادەڕۆیی تێدابێت، بەڵام بەشێکی گرنگ لە راستیشی تێدایە.
چ جۆرە هەڕەشەیەک لەسەر کوردستانە؟
بەڵام ئایا ئەمە مانای ئەوەیە کە کوردستان هیچ جۆرە هەڕەشەیەکی لەسەر نییە؟ بێگومان نەخێر. کوردستان لەبەردەم چەندین هەڕەشەی ستراتیژیدایە، لەوانە، جەنگی نێوان پەکەکە و تورکیا لەسەر خاکی باشووری کوردستان، دابەشبوونی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەسەر دوو حیزب دا، لاوازیی ژێرخانی ئابووریی کوردستان، نەبوونی سیاسەتێکی نیشتمانی بۆ بەڕێوەبردنی ململانێی کورد وەکو نەتەوەیەک لەگەڵ پێکهاتەکانی دیکەی عێراق دا، زیندووبوونەوەی داعش، نەبوونی رێککەوتنێکی گشتی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران دا، ئامادەنەبوونی جەستەکی دیپلۆماسیی کوردیی کارا کە بتوانێت لەگەڵ دنیادا مامەڵە بکات و لە گۆڕانکارییەکان تێبگات، نەبوونی دیالۆگێکی راشکاوانە لەگەڵ گرووپە جیاوازەکانی حەشدی شەعبی و دەرەوەی حەشد دا، نەبوونی چوارچێوەیەک بۆ بەرژەوەندییەکانی ئاسایشی نیشتمانیی هەرێمی کوردستان. هەر یەکێک لەمانە هەڕەشەیەکی ستراتیژییە بەسەر هەرێمی کوردستانەوە و پێویستە بە هەند وەربگیرێن و مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت.
کۆتایی
نەخێر قەوارەی هەرێمی کوردستان لەبەردەم هەڕەشەی وجودیدا نییە، بەڵێ هەرێمی کوردستان لەبەردەم چەندین هەڕەشەی ستراتیژیدایە. قەوارەی هەرێمی کوردستان، پێش هەموو شتێک بڕیاری زلهێزەکانی سیستمی جیهانییە و لە ئێستا و ئێرەدا وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و وڵاتە بەهێزەکانی یەکێتیی ئەوروپا، نەک هەر خواستێکیان نییە بۆ لەنێوبردنی هەرێمی کوردستان، بەڵکو دەیانەوێت هەرێمێکی کوردستانی بەهێز لەنێو عێراقێکی یەکگرتوودا هەبێت.
جگە لە ئەوروپا و ئەمریکاش، لە ئێستا و ئێرەدا وڵاتانی کەنداو بەگشتی و ئیمارات، سعودیە و قەتەر بەتایبەتی، خواستێکی بەهێزیان هەیە بۆئەوەی هەرێمی کوردستان بە کارایی لەنێو عێراقدا بمێنێتەوە و وەکو هاوبەشێکی گرنگ مامەڵەی لەگەڵ دەکەن.
بەڵام هەموو ئەمانە ئەو راستییە ناشارنەوە کە هەر یەکێک لەو سێ ئەکتەرە سەرەکیەی سیستمی جیهانی، ئەمریکا و ئەوروپا و کەنداو، هەست بە ماندووبوونێکی زۆر دەکەن سەبارەت بە جۆرێک لە بێباکیی دەستەبژێری کورد لە بەرامبەر ئەو ئاڵنگارییە گەورانەی کە رووبەڕوویان دەبێتەوە و تێناگەن لەوەی کە چۆن دەبێت و دەکرێت بەم شێوەیە کورد نابەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ داهاتووی خۆیان دا بکەن!
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق