بانکى نێودەوڵەتی: بووژاندنەوەى ئابووریى عێراق لە مەترسیدایە

ليست هناك تعليقات


لقى عێراقی رێکخراوى بانکى نێودەوڵەتى، هۆشداریدا لەوەى دواکەوتنى پێکھێنانى حکومەتى عێراق و پەسندنەکردنى پڕۆژەیاساى بودجەى گشتى، وادەکات بووژاندنەوەى ئابووری لەو وڵاتە مەترسی بۆ دروستبێت و نەتوانرێت وەک پێویست سوود لە زیادەى چاوەڕواننەکراوى داهاتى نەوت ببینێت.

16ـى حوزەیرانى 2022، لقى عێراقى رێکخراوى بانکى نێودەوڵەتى، راپۆرتێکى بڵاوکردەوە لەبارەى داهاتووی گەشەى ئابووريى عێراق و تێیدا ئاماژەى بەوە داوە، هەرچەندە پێشتر پێشبینی دەکرا ئابووريى عێراق لەنێوان ساڵانى 2022 و 2024، بەڕێژەى 5.4% گەشە بکات، بەڵام ئەو بووژاندنەوەیە مەترسى لەسەرە، بەهۆى پشتبەستنى تەواو بە داهاتى نەوت و پەککەوتنى بودجە و دواکەوتنى پێکهێنانى حکومەت.

تاوەکو ئێستا پڕۆژەیاساى بودجەى گشتیى 2022 لە عێراق پەسندنەکراوە، وەک جێگرەوەیەکى کاتى، پەرلەمانى عێراق یاسای پاڵپشتیی خێراى ئاسایى خۆراکى پەسندکرد کە بودجەکەى 25 ترلیۆن دینارە.

لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە بەهۆى پشتبەستنى تەواوى عێراق بە داهاتى نەوت ئاڵنگاریی پەیکەریى ئابووریی عێراق زیاد دەکات.

بانکى نێودەوڵەتى ئاشکرایکردووە کە ساڵى 2020، رێژەى داکشانى ئابووریى عێراق 11% بووە، بەڵام لە ساڵى 2021 و لەگەڵ کەمکردنەوەى کۆت و بەندەکانى پەیوەست بە بڵاوبوونەوەى پەتاى کۆرۆنا، ئابووریى عێراق بەڕێژەى 2.8% گەشەی کرد، ئەو گەشەسەندنە زیاتر پشتى بە فراوانکردنى بەرهەمهێنانە نانەوتییەکان بەستبوو، بەتایبەت لە کەرتى خزمەتگوزاری.

ئەو بانکە پێشبینى ئەوەى کردووە کە دواکەوتنى زیاترى پێکهێنانى حکومەتى عێراق و پەسەندنەکردنى پڕۆژەیاسای بودجەى 2022، کێشە بۆ بەکارهێنانى داهاتە چاوەڕواننەکراوەکانى نەوتى عێراق دروست بکات.

سارۆج کۆمارجیها، بەڕێوەبەرى هەرێمى فەرمانگەى سەرپەرشتیاری لە بانکى نێودەوڵەتى دەڵێت: "عێراق دەرفەتێکى باشی بۆ دروستبووە بۆ ئەوەى چاکسازیى پەیکەری و مەودا فروان بکات، لەڕێگەى سودبینین لە زیادبوونى داهاتى نەوت، بۆ ئەوەى خەرجى حکومەت بە ئاراستەیەکدا بێت کە گەشەسەندنى ئابووریی باشتر بکات، بۆئەوەى هەمەچەشنى ئابوورى بهێنێتە ئاراوە و دەرفەتی ئابووری بڕەخسێنێت".

راپۆرتەکەى بانکى نێودەوڵەتى هۆشداری ئەوەی داوە کە ئاڵنگاریى ئێستاى ئاسایشى خۆراک لە عێراق زیاتر بووە، بەهۆى بەرزبوونەوەى نرخى کەرەستە بنەڕەتییەکان، لەکاتێکدا کە بەرهەمى خۆراکى نێوخۆیی کەمیکردووە، هاوتەریب لەگەڵ زیادبوونى ژمارەى دانیشتووان، وشکەساڵى و گۆڕانکاریى کەشوهەوا، کارێکى وایکردووە کە ئەو دۆخە ئاڵۆزتر بێت.




ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif