د. عادل باخه‌وان، بەڕێوەبەری ناوەندی فڕەنسی بۆ توێژینەوە لەسەر عێراق رایگه‌یاند، هەمو بژاردەکان بۆ پێکهێنانی حکومەت تاقیکراونەتەوە و سەرجەم لایەنەکان شکستیانهێناوە، عێراق له قه‌یرانی زۆر تونددا ده‌ژی و كۆمه‌ڵێك نه‌خۆشی و شێرپەنجەی زۆر گه‌وره‌ی پێوه‌یه، ئه‌گه‌ر بێت و عێراقییه‌كان به‌خێرایی فۆڕمێكی نوێ بۆ ده‌سه‌ڵات نه‌دۆزنه‌وه ئه‌وا وڵاتەکە له چاوه‌ڕوانی كاره‌ساتێکی گه‌وره‌دایه، دەشڵێت، "سه‌ركردایه‌تی سیاسی هه‌رێمی كوردستان و عێراق ده‌بێت له‌گه‌ڵ په‌كه‌كه دابنیشن بۆ ئه‌وه‌ی له رێگه‌ی دیالۆگه‌وه چاره‌سه‌رێك بۆ گرفتی پەکەکە بدۆزنه‌وه، ئه‌گه‌ر چاره‌سه‌ر نه‌دۆزرایه‌وه بێگومان هه‌رێم و عێراق هێنده به‌هێز نین كه به توركیای سه‌ربازی بڵێن نه‌خێر نابێت پێشڕه‌وی بكەیت".
د. عادل باخه‌وان له‌میانی به‌رنامه‌ی دیدارێكیدا كه به‌رنامه‌یه‌كی هه‌فتانه‌یه و رۆژنامه‌نوس هه‌ڤاڵ محه‌مه‌د ئاماده‌و پێشكه‌شی ده‌كات، لەبارەی مەترسییەکانی سەر هەرێمی کوردستان، رایگه‌یاند، "هەرێم چەند مەترسییەکی لەسەرە، مه‌ترسی ئێران له باشور و توركیا له باكورمان، كه مه‌ترسی ستراتیژین له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان، مه‌ترسییه‌كی دیكه برتییه له دو ده‌موچاوی یه‌ك دراو، كه بریتین له حه‌شدی شه‌عبی و داعش، ئه‌مانه هه‌ریه‌كه‌یان له ئاستی خۆیاندا مه‌ترسی ستراتیژین له‌سه‌ر كوردستان، هه‌روه‌ها پرسی سیستمی ئابوری كوردستان كه ده‌كرێت له ئێستادا ببێت به هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی ستراتیژی له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان، به‌تایبه‌تی پرسی غاز و چۆنێتی مامه‌ڵه‌كردنی هه‌رێم له‌گه‌ڵ ئەو پرسەدا، به‌ڵام ئایا مه‌ترسی وجودی له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان هه‌یه؟ نه‌خێر".
هەمو لایەنەکان گەیشتونەت ئەو بڕوایەی کە سه‌رۆك كۆمار و سه‌رۆكی حكومه‌ت به هه‌مان كابینه‌ی ئێستاوه به‌رده‌وامبن
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، ئێستا هەمو لایەنەکان گەیشتونەت ئەو بڕوایەی کە سه‌رۆك كۆمار و سه‌رۆكی حكومه‌ت به هه‌مان كابینه‌ی ئێستاوه به‌رده‌وامبن تاوه‌كو دو ساڵی دیكه، ئه‌وكات ورده ورده هه‌وڵبده‌ن به‌ئومێدی ئه‌وه‌ی دۆخه‌كه ئاسایی بكه‌نه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رله‌نوێ هه‌ڵبژاردنێكی دیكه بكه‌نه‌وه، ئه‌م بژارده‌یه له‌ناو هه‌مو خراپه‌كاندا كه‌متر خراپه، له‌به‌رئه‌وه‌ی هیچ یه‌كێك له ئه‌كته‌ره عێراقییه‌كان ناتوانن رێژه‌یی یاسایی ته‌واوبكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی حكومه‌ت دروست بكه‌ن.
مه‌ترسییه‌كانی به‌رده‌م هه‌رێمی كوردستان و ئاماژه‌كانی پشت هۆشداریەکانی نوێنه‌ری نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان و باڵیۆزی ئه‌مریكا چیین؟
د. عادل باخه‌وان: له‌راستیدا دو جۆر مه‌ترسیی هه‌ن، هه‌ندێك مه‌ترسی هه‌ن كه وجودین و هه‌ندێك مه‌ترسی هه‌ن ستراتیژین، ده‌بێت ئه‌م دو تایپه له مه‌ترسی لێكجیابكه‌ینه‌وه، له كوردستاندا كۆمه‌ڵێك مه‌ترسی ستراتیژی له‌ئارادان كه نابێت به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌به‌رچاو نه‌گیرێن بۆ نمونه دابه‌شبونی كوردستان به‌سه‌ر زۆنی سه‌وز و زه‌ردا، كه له ساڵانی نه‌وه‌ده‌كانه‌وه هه‌یه و كارێكی زۆر زۆر كرا بۆ ئه‌وه‌ی به‌جۆرێك له جۆره‌كان یه‌كبخرێنه‌وه، واتا پێشینهیهكمان هه‌یه له دابه‌شبونی هه‌رێمی كوردستان بۆ دو زۆن، بۆیه ناوم ناوه ستراتیژی چونكه ده‌رئه‌نجامی زۆر خراپی ده‌بێت له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان.
خاڵی دوه‌م ئێمه مه‌ترسی ئێران له باشور و توركیا له باكورمان له‌سه‌ره، كه ئه‌مانه‌ش مه‌ترسی ستراتیژین له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان، مه‌ترسییه‌كی دیكه برتییه له دو ده‌موچاوی یه‌ك دراو، كه بریتین له حه‌شدی شه‌عبی و داعش، ئه‌مانه هه‌ریه‌كه‌یان له ئاستی خۆیاندا مه‌ترسی ستراتیژین له‌سه‌ر كوردستان، هه‌روه‌ها پرسی سیستمی ئابوری كوردستان كه ده‌كرێت له ئێستادا ببێت به هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی ستراتیژی له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان، به‌تایبه‌تی پرسی غاز و چۆنێتی مامه‌ڵه‌كردنی هه‌رێم له‌گه‌ڵ پرسی غازدا، به‌ڵام ئایا مه‌ترسی وجودی له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان هه‌یه؟ نه‌خێر، له‌م چركه‌ساته‌دا نه باڵیۆزی ئه‌مریكا و نه نوێنه‌ری نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان هیچكامیان باسی مه‌ترسی وجودیان نه‌كردوه، به‌ڵام گرفته‌كه له‌وه‌دایه كه میدیای كوردی و به‌شێكیش له سیاسییه‌كان ناتوانن ئه‌م دو ئاسته له‌مه‌ترسی له یه‌كتر جیابكه‌نه‌وه.
له‌ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان د‌رك به‌م مه‌ترسییانه كراوه، به‌تایبه‌ت كه جه‌نابت گه‌ڕاویته‌وه كوردستان و زۆرینه‌ی سه‌ركرده باڵاكانی كوردستانت بینیوه، ئاخۆ كار ده‌كرێت بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و مه‌ترسییانه له‌سه‌ر هه‌رێم دوربخرێنه‌وه؟
د. عادل باخه‌وان: ئایا كاراكته‌ره باڵاكانی هه‌رێمی كوردستان هۆشیارن له‌باره‌ی ئه‌و دو جۆره له مه‌ترسی؟ به‌ڵی هۆشیارن، ئایا ئاگایان لێیه هه‌مو ئه‌و مه‌ترسییانه‌ی كه باسمكرد و وه‌كو مۆته‌كه ئه‌ژنۆیان له‌سه‌ر سنگی هه‌رێمی كوردستان داناوه؟ به‌ڵێ ئاگایان لێیه‌تی، ئایا رێگایان هه‌یه بۆ چاره‌سه‌ركردن؟ ئایا سیستمی ئاماده‌باشییان له‌سه‌ر پێیه بۆ ئه‌وه‌ی مامه‌ڵه بكه‌ن له‌گه‌ڵ ئه‌م مه‌ترسییانه؟ ئه‌وه پرسیارێكی دیكه‌یه.
زۆر باسی ئه‌وه ده‌كرێت كه هه‌رێمی كوردستان نه‌یتوانیوه له 30 ساڵی رابردودا حوكمڕانییه‌كی ره‌شید بهێنێته كایه‌وه، به‌راستی جه‌نابت پێتوایه حوكمڕانی له هه‌رێمی كوردستاندا شكستیهێناوه؟
د. عادل باخه‌وان: بابه‌تی شكست و سه‌ركه‌وتن رێژه‌ییه، تۆ ده‌بێت به‌راورد بكه‌یت بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ست به سه‌ركه‌وتن یان شكست بكه‌یت، ئه‌گه‌ر بێت و هه‌رێمی كوردستان به‌راورد بكه‌یت به سوید، فیلاند و نه‌رویج، ئه‌مریكا و فڕه‌نسا بێگومان هه‌ستێكت بۆ دروستده‌بێت كه ئه‌وه‌ی له هه‌رێمی كوردستان رویداوه شكستێكی زۆر گه‌وره‌یه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بێت و هه‌رێمی كوردستان وه‌ك ئه‌وه‌ی كه هه‌یه ببینین ئه‌وا بێگومان ته‌قیم و هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ پرسی شكستی ده‌گۆڕێت، هه‌ندێكجار ئێمه وه‌كو عێراقی و كورد یاریه‌كه‌مان لێتێكدهچێت و پێمانوایه هه‌رێمی كوردستان هه‌رێمی چواره‌می به‌لجیكایه كه له‌و وڵاته زیاتر له هه‌رێمێك هه‌یه، یان پێمانوایه هه‌رێمێكه له ئه‌ڵمانیا یان فڕه‌نسا، به‌ڵام حه‌ز ده‌كه‌م حهقیقهتێكت پێ‌بڵێم كه به‌دڵنیاییه‌وه ده‌یزانیت ئه‌ویش ئه‌وه‌یه هه‌رێمی كوردستان له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدایه، له رۆژهه‌ڵاتی كوردستانیش له عێراقدایه، عێراق له‌سه‌ره‌وه‌ی ئه‌و لیسته‌دایه كه رێكخراوه جیهانییه‌كان ئاماده‌یان كردوه و پێیان ده‌وترێت 33 ده‌وڵه‌ته هه‌ره له‌رزۆكه‌كه‌ی دونیا، عێراق و لوبنان ئه‌و دو ده‌وڵه‌ته‌ن كه پێش یه‌مه‌نیش موعه‌ره‌زن بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا.
له موسڵ كه روبه‌رێكی كه‌م له كوردستانه‌وه دوره، به‌ربه‌ریترین خیلافه‌تی زه‌وی له‌سه‌ده‌ی 21دا دروستبو، له بیرت نه‌چێت هه‌رێمی كوردستان له عێراقێكداین كه 80 رێكخراوی میلیشیایی تیایه، بودجه‌ی ئه‌م میلیشیایانه كه ده‌وڵه‌ت بۆی دابینكردون دو ملیار دۆلار تێده‌په‌ڕێنێت، بیرت نه‌چێت توركیا هه‌یه به‌هێزی سه‌ربازی هاتوه‌ته پێشه‌وه، ئێرانت هه‌یه كه ئه‌و حكومه‌ت له عێراقدا دروستده‌كات، ئه‌مه‌وێت بڵێم، هه‌رێمی كوردستان له‌ناو عێراقێكدایه كه ئێمه له زانسته سیاسییه‌كاندا پێی ده‌ڵێین "الارض موباحه" واتا خاكێكی رێگه‌پێدراوه و هه‌مو كه‌سێك ده‌توانێت بێته ناوه‌وه و بڕواته ده‌ره‌وه، هه‌مو كه‌سێك خۆی به خاوه‌نی ده‌زانێت و هیچ كه‌سێكیش خۆی به خاوه‌نی نازانێت، ده‌مه‌وێت بڵێم ئه‌گه‌ر پرسی سه‌ركه‌وتن و شكستی هه‌رێمی كوردستان له‌ڕوی سیستمی سیاسی، سیستمی ئابوری ئابوری، سیستمی كلتوریی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه به‌راورد بكه‌یت له‌ناو عێراقدا ئه‌وكاته به‌جۆرێك له جۆره‌كان ههڵسهنگاندنهكهت ده‌گۆڕێت، ئه‌مه‌ش مانای نیه كه پێت بڵێم سه‌ركه‌وتوبوه یان سه‌ركه‌وتو نه‌بوه، به‌ڵكو مانای ئه‌وه‌یە كه ئاگامان له‌و میتۆده بێت كه به‌كاریده‌هێنین بۆ هه‌ڵسه‌نگاندن.
ئه‌م كێشه قوڵانه‌ی كه جه‌نابت باستكرد، ئه‌مانه وایانكردوه له دوای حه‌وت مانگ لایه‌نه‌كان نه‌توانن حكومه‌ت پێبهێنن، یان هۆكاره‌كه چییه، ئه‌م ئاڕاستانه بۆ ناگه‌نه یه‌ك، دژایه‌تیان هێنده قوڵه؟
د. عادل باخه‌وان: دۆخی عێراق زۆر زۆر ئاڵۆزه، ئه‌و وڵاتانه‌ی كه دۆخیان له عێراق ده‌كات له‌سه‌ر گۆی زه‌وی زۆركه‌من و به په‌نجه‌ی ده‌ست ده‌ژمێردرێن، له عێراقدا ده‌بێت هه‌میشه له‌و گریمانه‌یه‌وه ده‌ستپێبكه‌یت كه ده‌وڵه‌تت نیه، با ده‌ستور هه‌بێت به‌ڵام مادام ده‌وڵه‌تت نه‌بو خه‌ڵك رێز له ده‌قی پیرۆز و كیتابی پیرۆزیش ناگرێت نەک دەستور، ده‌وڵه‌ت به‌مانای نه‌بونی دامه‌زراوه‌ی ده‌وڵه‌ت، با نمونه‌یه‌كت بده‌مێ، له هه‌ر وڵاتێكی دونیادا كه قه‌یرانێك دروستده‌بێت هه‌ڵبژاردن ده‌كرێت بۆ ئه‌وه‌ی له قه‌یرانه‌كه ده‌ربچن، به‌ڵام له عێراقدا هه‌ڵبژاردن ده‌كرێت بۆ ئه‌وه‌ی بڕۆینه ناو قه‌یران، یه‌ك هه‌ڵبژاردنی عێراقم پێبڵێ كه عێراقییه‌كانی له قه‌یران رزگاركردبێت به‌ڵكو خستونیه‌تیه چه‌ندین قه‌یران، خۆت باسی ئه‌وه‌ت كرد كه حه‌وت مانگه نه‌توانراوه حكومه‌ت پێكبهێنرێت، ئه‌سڵه‌ن من پێموایه گریمانه‌ی دروستبونی حكومه‌ت له عێراقدا 5%، واتا ئێمه به‌ره‌و ئه‌وه ناڕۆین حكومه‌ت دروستبكه‌ین.
موقته‌دا سه‌در و هاوپه‌یمانی سێقۆڵی سێ‌جار شكستیانهێنا له پێكهێنانی حكومه‌ت، چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی دوجار شكستیهێنا و سه‌ربه‌خۆكان جارێك شكستیانهێنا، واتا هه‌مو ئه‌كته‌ره‌كان تاقیكراونه‌ته‌وه، تاقیكراوه‌كان، تاقیكراونه‌ته‌وه و نه‌یانتوانیوه حكومه‌ت دروستبكه‌ن، ئه‌وه‌ی ئێستا ماوه‌ته‌وه ته‌نها یه‌ك گریمانه‌یه ئه‌ویش بریتیه له‌وه‌ی كه هه‌موان قه‌ناعه‌ت به‌خۆیان بكه‌ن بڵێن تا دو ساڵی دیكه ئه‌م حكومه‌ته به‌رده‌وام بێت وه‌كو ئه‌وه‌ی كه هه‌یه.
واتا حكومه‌تی ئێستا به سه‌رۆكایه‌تی مسته‌فا كازمی تا دو ساڵی ئاینده به‌رده‌وام بێت؟
د. عادل باخه‌وان: سه‌رۆك كۆمار و سه‌رۆكی حكومه‌ت به هه‌مان كابینه‌ی ئێستاوه به‌رده‌وامبن تاوه‌كو دو ساڵی دیكه، ئه‌وكات ورده ورده هه‌وڵبده‌ن به‌ئومێدی ئه‌وه‌ی دۆخه‌كه ئاسایی بكه‌نه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رله‌نوێ هه‌ڵبژاردنێكی دیكه بكه‌نه‌وه، ئه‌م بژارده‌یه له‌ناو هه‌مو خراپه‌كاندا كه‌متر خراپه، له‌به‌رئه‌وه‌ی هیچ یه‌كێك له ئه‌كته‌ره عێراقییه‌كان ناتوانن رێژه‌یی یاسایی ته‌واوبكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی حكومه‌ت دروست بكه‌ن، ئه‌گه‌ر بێت و حكومه‌تیش دروستبكه‌ن بۆ نمونه چوارچێوه‌ی هه‌مانگی حكومه‌ت دروستده‌كات و 220 په‌رله‌مانتار كۆده‌كاته‌وه به‌بێ ره‌وتی سه‌در، ئایا پێتوایه هیچ حكومه‌تێك له عێراقدا بتوانێت شه‌ش مانگ به‌بێ بەڕێز سه‌در به‌رده‌وام بێت؟ ره‌نگه بڵێیت به‌ڵێ، به‌ڵام من پێت ده‌ڵێم نه‌خێر، له بیرتانه چۆن ناوچه‌ی سه‌وز و په‌رله‌مانیان داگیركرد؟.
ئایا پێتوایه ئه‌گه‌ر ره‌وتی سه‌در و هاوپه‌یمانه‌كان كه حكومه‌ت دروستبكه‌ن ئه‌و 80 گروپە میلیشیایه‌ی كه ئێستا به‌شدارن له حكومه‌تدا ئه‌گه‌ربێت و به‌شدارنه‌بن له حكومه‌تدا، عێراقت بۆ ناكه‌ن به "الارض محلوقه".
پێتوانیه ئێستا ململانێكه له سیاسییه‌وه گۆڕاوه بۆ یاسایی، ئێستا دادگای فیدڕاڵی رۆڵ ده‌بینێت، له‌دوایین بڕیاریدا پڕۆژه یاسای ئاسایشی خۆراكی هه‌ڵوه‌شانده‌وه كه كازمی ره‌وانه‌ی په‌رله‌مانی كرد، ته‌نانه‌ت رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در به‌توندی دژی بڕیاره‌كه وه‌ستایه‌وه‌و ره‌نگه له داهاتوشدا قه‌یرانی نوێ سه‌رهه‌ڵبدات كه قه‌یرانی خاكه؟
د. عادل باخه‌وان: نه‌ك هه‌ر له نێوان هه‌رێمی كوردستان و عێراقدا به‌ڵكو له نێوان ئه‌و هه‌رێمه سونییهش كه له دروستبوندایه كێشه ده‌كه‌وێته نێوان هه‌رێمی سونه و هه‌رێمی شیعه و هه‌رێمی كورد، به‌غداش وه‌كو پایته‌خت كه هه‌مو هه‌رێمه‌كان نوێنه‌رایه‌تیان هه‌یه ده‌كرێت ناكۆكی دروستببێت، ئاگات لێبو كه سه‌در چۆن به‌توندی دژی بڕیاره‌كه‌ی دادگای فیدڕاڵی وه‌ستایه‌وه كه پڕۆژه یاسای ئاسایشی خۆراكی ره‌تكرده‌وه، له‌كاتێكدا چه‌ند رۆژێك پێش ئه‌وه زۆر به‌توندی پشتیوانی له بڕیارێكی دادگای فیدڕاڵی كرد، له‌ئێستادا ئه‌وه‌ی ماوه‌ته‌وه له هه‌ر ده‌وڵه‌تێكدا ئه‌گه‌ر بڕیاره ده‌وڵه‌تێكی مۆدێرن هه‌بێت پێی بریتییه له "دادگای باڵا".
ئێستا ئه‌كته‌ره باڵا عێراقییه‌كانی ناو كێڵگه‌ی سیاسی ته‌نانه‌ت نه‌ك هه‌ر گومانیان بۆ دروستبوه له‌سه‌ر رۆڵی دادگا به‌ڵكو خستویانه‌ته ژێر پرسیاره‌وه و ده‌ڵێن ئاڕاسته ده‌كرێت و بێلایه‌نی له‌ده‌ستداوه، كاتێك واتاوانبار ده‌كرێت كه بێلایه‌نی له‌ده‌ستداوه ئیتر هیچ شتێك نامێنێته‌وه له ده‌وڵه‌تدا ئێستا ئێمه به‌ره‌و ئه‌و چركه ساته ده‌ڕۆین كه هیچ شتێك نه‌مێنێت له ده‌وڵه‌تدا، بۆیه پێموایه له‌به‌رخاتری به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی خۆیان، چونكه له‌بیرت نه‌چێت هه‌مو ئه‌و ئه‌كته‌رانه‌ی له ده‌سه‌ڵاتدان له عێراقدا به‌رژه‌وه‌ندی زۆر زۆر گه‌وره‌یان هه‌یه، له‌به‌ر پارێزگاریكردن له به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی خۆیان، به سه‌ماحه‌تی سه‌ید موقته‌دا سه‌دریشه‌وه ده‌توانم بڵێم سه‌ماحه‌تی موقته‌دا سه‌در پێش هه‌مویان پێیباشه كازمی به‌رده‌وام بێت تاوه‌كو چه‌ند ساڵێكی دیكه و وه هیچ كه‌سێكی تری ده‌ستناكه‌وێت له‌كازمی باشتربێت بۆ ئه‌و.
رای ئه‌وروپا، به‌تایبه‌تی كه جه‌نابت له فڕهنسایت چیه، ئه‌وان چۆن له‌م دۆخه‌ی عێراق ده‌ڕوانن؟
د. عادل باخه‌وان: هه‌مویان بێزارن، كاتێك هه‌ڵبژاردن كرا حه‌ماسه‌تێكی گه‌وره‌ی ئه‌وروپی و ئه‌مریكی هه‌بو، 24 كاتژمێری به‌سه‌ردا نه‌چو پیرۆزباییان كرد و پشتیوانیان كرد، وایانزانیبو ئیتر ئه‌مه وه‌رزێكی نوێ و لاپه‌ڕه‌یه‌كی نوێیه له عێراقدا، به‌ڵام به‌خێرایی كه‌وتنه‌وه ناو زه‌لكاوه‌كه‌ی عێراق و تێگه‌یشتن له‌وه‌ی كه قه‌یرانه‌كانی عێراق زۆر قوڵتره له‌وه‌ی كه هه‌ڵبژاردنێك چاره‌سه‌ری بكات.
حكومه‌تی پاریس كه جه‌نابت له‌و فڕه‌نسا ده‌ژیت، پێیوایه كه عێراق ده‌توانێت ئه‌م دۆخه تێپه‌ڕێنێت؟
د. عادل باخه‌وان: نه‌خێر پێیوایه عێراق له كۆمه‌ڵێك قه‌یرانی زۆر تونددا ده‌ژی و كۆمه‌ڵێك نه‌خۆشی و سه‌ره‌تانی زۆر گه‌وره‌ی پێوه‌یه و ئه‌گه‌ر بێت و عێراقییه‌كان به‌خێرایی فۆڕمێكی نوێ بۆ ده‌سه‌ڵات نه‌دۆزنه‌وه ئه‌وا عێراق له چاوه‌ڕوانی كاره‌ساتی گه‌وره‌دایه.
ده‌رچه‌كانی به‌رده‌م عێراق بۆ رزگاربون له‌م دۆخه چیه؟
د. عادل باخه‌وان: ئه‌م پرسیاره قورسه و وڵاتانی سیستمی ئینتهرناسیۆنالیش ناتوانن وه‌كو پێویست وه‌ڵامی بده‌نه‌وه، ده‌رچه‌یه‌ك نیه كه ئاماده‌بێت و بڵێین با عێراقییه‌كان له‌م رێگایه‌وه بڕۆنه ده‌ره‌وه، دۆخه‌كه پێویستی به بیركردنه‌وه و ماندوبونه، پێش هه‌مو شتێك پێویسته عێراقییه‌كان فێری ئه‌وه بكرێن (ببوره كه ده‌ڵێم فێری ئه‌وه بكرێن) كه زمان بگرن و فێری ئه‌وه بكرێن كه پێكه‌وه قسه بكه‌ن، كه به‌یه‌كه‌وه قسه‌یانكرد ئه‌وكاته له شوێنێكی بێلایه‌ندا نه‌له هه‌ولێر نه له به‌غدا و نه له ئه‌نبار و نه له نه‌جه‌ف به‌ڵكو له شوێنێكی بێلایه‌ندا كۆبكرێنه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی به هاوكاری كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ده‌رچه‌یه‌ك بدۆزنه‌وه.
كه‌واتا عێراق له‌به‌رده‌م چ مه‌ترسییه‌كی دیكه‌دایه، ده‌بێت چاوه‌ڕوانی چی بین؟
د. عادل باخه‌وان: خراپترین شت كه ده‌كرێت روبدات و من پێموایه تا ئێستا روینه‌داوه، ئه‌وه‌یه كه وه‌كو ساڵانی نه‌وه‌ده‌كانی هه‌رێمی كوردستان، برا شیعهكانمان به 80 رێكخراوی میلیشیاوه به گۆشت و ئێسقانه‌وه بڕۆنه ناو جه‌نگی ناوخۆ، ئه‌گه‌ر ئه‌وه روبدات ئیتر شتێك نامێنێت به‌ناوی عێراق ئه‌مه سینارۆیۆی یه‌كه‌م، سیناریۆی دوه‌م ئه‌وه‌یه، عێراق وه‌كو لوبنان به فه‌رمی مایه‌پوچبونی خۆی رابگه‌یه‌نێت، ده‌زانیت بۆچی مایه‌پوچبونی خۆی راناگه‌یه‌نێت؟ له‌به‌رئه‌وه‌ی شانسی خۆی نرخی نه‌وت به‌رزبوه‌ته‌وه، با نرخی نه‌وت دابه‌زێت بزانه سه‌رچاوه‌ی داهاتی عێراق جگه له نه‌وت چیه، كشتوكاڵییه؟ بێگومان نه‌خێر، ژێرخانیی ئابوریه؟ نه‌خێر، عێراق هیچی نیه جگه له نه‌وت، سیناریۆی سێیه‌میش گه‌ڕانه‌وه‌ی داعشه كه زۆر مه‌ترسیداره.
حكومه‌تی عێراق ئه‌گه‌ر نه‌توانێت به خێرایی چاره‌سه‌رێك بۆ گرفتی په‌كه‌كه بدۆزێته‌وه، ئه‌وا توركیا ده‌یه‌وێت تا موسڵ بڕوات، له هه‌موشی خراپتر بۆ عێراق ئه‌وه‌یه كه ئه‌مریكا و ئێران نه‌گه‌نه ده‌رئه‌نجامێك.
كه‌واتا پێتوایه توركیا هه‌وڵبدات كه روبه‌ره‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی له عێراق فراوانتر بكات؟
د. عادل باخه‌وان: من له جانبێكی كوردییه‌وه قسه‌ت بۆ ناكه‌م، ده‌بێت له جانبی به‌رامبه‌ره‌كه‌ته‌وه دونیا ببینیت، توركیا پێیوایه په‌كه‌كه هه‌ڕه‌شه‌یه‌كه له‌سه‌ر ئاسایشی نیشتیمانی خۆی، ئه‌م هه‌ڕه‌شه‌ی ئاسایشی نیشتیمانییه له كوێوه دێت؟ له هه‌رێمی كوردستان و له عێراقه‌وه دێت، له‌به‌رئه‌وه سه‌ركردایه‌تی سیاسی هه‌رێمی كوردستان و عێراق ده‌بێت له‌گه‌ڵ په‌كه‌كه دابنیشن بۆ ئه‌وه‌ی له رێگه‌ی دیالۆگه‌وه چاره‌سه‌رێك بۆ ئه‌م گرفته بدۆزنه‌وه، ئه‌گه‌ر چاره‌سه‌ر نه‌دۆزرایه‌وه و ئه‌گه‌ر په‌كه‌كه له خاكی هه‌رێمی كوردستان و عێراق مایه‌وه بێگومان هه‌رێمی كوردستان و عێراق هێنده به‌هێز نین كه به توركیای سه‌ربازی بڵێن نه‌خێر نابێت پێشڕه‌وی بكەیت.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق