لە سەنعای پایتەختی یەمەن خەڵک بەدەست بەرزبوونەوەی نرخەکانەوە دەناڵێنن. نرخی 50 کیلۆ گەنم لە 28 دۆلارەوە بۆ 80 دۆلار بەرزبووەتەوە، لە هەندێک ناوچە دوورەدەستەکان تاوەکو 240 دۆلار بەرزبووەتەوە.
یەحیا دەبینی، هاووڵاتیی یەمەنی دەڵێت، "نرخی فەردەیەک گەنم ئێستا 80 دۆلارە و بەرزتریش دەبێتەوە. مووچە نییە، هیچ شتێک نییە، تەنیا داوای بەزەیی خودا دەکەین."
بەپێی خەمڵاندنی پرۆگرامی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان، 55%ی خەڵکی یەمەن لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین، بۆیە بەشێک لە خەڵکەکەی وەکو ناسر لە خێوەتگە کاتییەکان دەژین و بێبەشن لە سەرەتاییترین پێداویستییەکان. ناسر دەڵێت، نزیکەی دوو مانگە تامی مریشکیان نەکردووە.
ناسر تاهیر، هاووڵاتیی یەمەنی ئاماژە بەوە دەکات، "دوای کۆکردنەوەی قوتووی بەتاڵ و فرۆشتنیان خواردن دەکڕم. دوایین جار کە مریشکمان خواردبێت دوو مانگ بەر لە ئێستا بوو، یان نزیکەی مانگ و نیوێک دەبێت ئەوەندەی لەبیرم بێت."
بەپێی پرۆگرامی خۆراکی جیهانی، یەمەن 22%ی گەنمەکەی لە ئۆکرایناوە هاودە دەکات، بۆیە شەڕی ئۆکراینا کاریگەریی گەورەی لەسەر ئاسایشی خۆراکی وڵاتەکە دروستکردووە.
عەبدولقاسم سەلام، شرۆڤەکاری ئابووری ئاماژە بەوە دەکات، "لە یەمەن قەیرانی خۆراک هەیە، چونکە وەکو هەمووان دەزانن، یەمەن نزیکەی 20%ی گەنمەکەی لە ئۆکرایناوە هاوردە دەکات، جگە لە رۆن و پێداویستییە بنچینەییەکانی دیکەی خەڵک. بۆیە شەڕی ئۆکراینا کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر یەمەن داناوە، چونکە ئاسایشی خۆراک نییە."
پرۆگرامی خۆراکی جیهانی دەڵێت، ئێستا لە یەمەن ئاسایشی خۆراکی 17 ملیۆن و 400 هەزار کەس ناسەقامگیرە، پێشبینییش دەکات تاوەکو کۆتایی ساڵ ژمارەکە بگاتە 19 ملیۆن کەس.
رێژەی بەدخۆراکی لەو وڵاتە لە بەرزترین ئاستدایە لە جیهاندا و یەک ملیۆن 300 هەزار ئافرەتی دووگیان یان شیردەر و، دوو ملیۆن و 200 هەزار منداڵی خوار پێنج ساڵ لەو وڵاتە بەدەست بەدخۆراکییەوە دەناڵێنن
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق