حکومەت: 56.2٪ـی داهاتە نەوتییەکان لە سێ مانگدا بۆ کۆمپانیاکان بووە

ليست هناك تعليقات



بەپێی داتاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە نەوتی فرۆشراوی سێ مانگی ئەمساڵدا رێژەی 43.8٪ـی کۆی داهاتە نەوتییەکان بۆ حکومەت بووە و رێژەی 56.2٪ـەکەی دیکەی بۆ خەرجییەکانی دەرهێنانی نەوت بووە. ئەندامێکی لیژنەی سامانە سرووشتییەکانی پەرلەمانی کوردستانیش دەڵێت: "ئەو پارە زۆرە بۆ خەرجییەکان بەهۆی خراپی گرێبەستەکانی نەوتەوەیە."

حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە سێ مانگی یەکەمی ساڵی 2022دا 35 ملیۆن و 332 هەزار و 205 بەرمیل نەوتی فرۆشتووە کە بایی سێ ملیار و 63 ملیۆن و 356 هەزار و 891 دۆلار بووە؛ لەو بڕە تەنیا یەک ملیار و 434 ملیۆن و 841 هەزار 232 دۆلاری بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە کە بۆ مووچە تەرخانکراوە و ئەوەش دەکاتە رێژەی 43.8٪. بەو پێیە لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا بڕی ملیارێک و 628 ملیۆن و 515 هەزار و 659 دۆلاری بۆ خەرجییەکانی دەرهێنانی نەوت بووە.

رۆژی هەینی 8-7-2022، د. شێرکۆ جەودەت، ئەندامی لیژنەی وزە و سامانە سرووشتییەکان و پیشەسازی و بازرگانیی پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئێمە لە لیژنەی سامانە سرووشتییەکان هیچ زانیارییەکمان لەبارەی بڕی نەوتی هەناردەکراو و نرخەکەی و کڕیارەکە لە لایەن حکومەتەوە پێناگات؛ ئەوەی هەیە ئەوەیە راپۆرتەکانی کۆمپانیای دیلۆیت بڵاودەکرێنەوە. ئێمە پێمان باشە چاودێریی دارایی بەدواداچوون بۆ داهاتی نەوت بکات."

لەبارەی کەمی داهاتی بەدەستهاتووی نەوت بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان، شێرکۆ جەودەت گوتی: "بەهۆی خراپیی جۆری گرێبەستە نەوتییەکانەوە کە زیاتر لەبەرژەوەندیی کۆمپانیاکاندایە؛ بۆیە بە پێویستی دەزانین پرسی نەوت لە هەرێمی کوردستان شەفاف بکرێت."

بەپێی راگەیێندراوەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەماوەی سێ مانگدا لە کۆی ئەو 35 ملیۆن و 332 هەزار و 205 بەرمیل نەوتەی حکومەت فرۆشتوویەتی، بڕی 34 ملیۆن و 923 هەزار و 168 بەرمیلی لەڕێگەی بۆرییەوە فرۆشتووە و بڕی 409 هەزار و 37 بەرمیلی بە ناوخۆی هەرێمی کوردستان فرۆشراوە.

رۆژی چوارشەممە 6-7-2022، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان راپۆرتی دارایی پێنج مانگی سەرەتای ساڵی 2022 بەپێی تەرازووی پێداچوونەوەی وەزارەت و فەرمانگەكان بڵاوکردەوە کە کۆی داهاتەکانی زیاتر لە پێنج ترلیۆن و 640 ملیار دۆلار بوو؛ کۆی خەرجییەکانیش زیاتر لە پێنج تریلیۆن و 777 ملیار دینار بووە و کورتهێنانیش لەو پێنج مانگەدا زیاترە لە 137 ملیار دینار بووە.



ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif