کۆمپانیای دیلۆیت، کە تایبەتە بە وردبینی لە کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستان، راپۆرتی خۆی لەبارەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا بڵاوکردەوە. بەپێی راپۆرتەکە، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان لە ماوەی ئەو سێ مانگەدا 39 ملیۆن و 88 هەزار و 710 بەرمیل نەوتی هەناردە کردووە و بەکاربردووە، تێكڕای نرخی هەر بەرمیلێکیش زیاتر لە 86 دۆلار بووە.
لە راگەیێندراوێکدا کە رۆژی دووشەممە 18-07-2022 بڵاویکردووەتەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، "لە چوارچێوەی پرۆسەی وردبینیی سەربەخۆیی کەرتی نەوت و غاز، وەکو بەشێک لە دەستپێشخەریی تایبەت بە شەفافیەت لە بەرنامەی کاری ئەنجوومەنی وەزیراندا، حکومەتی هەرێمی کوردستان راپۆرتی چارەکی یەکەمی ساڵی 2022ی تایبەت بە داتا و زانیاریی نوێ لەبارەی هەناردەکردن، بەکاربردن، خەرجی و داهاتەکانی نەوت لە (1ی کانوونی دووەمی 2022 تاوەکو 30ی ئاداری 2022) بڵاوکردەوە و کۆمپانیای دیلۆیتیش دوای وردبینی پشتڕاستی کردووەتەوە."
بەپێی راپۆرتەکەی دیلۆیت، لە سێ مانگی یەکەمی 2022ـدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان 39 ملیۆن و 88 هەزار و 710 بەرمیل نەوتی هەناردە کردووە و بەکاربردووە، کە بەم شێوەیە بووە:
- 36 ملیۆن و 453 هەزار و 590 بەرمیل نەوت لەڕێی بۆرییەوە هەناردە کراوە.
- دوو ملیۆن و 226 هەزار و 83 بەرمیل نەوتی خاوی رادەستکراو بۆ پاڵاوتن بۆ سامانە سرووشتییەکان.
- 284 هەزار و 601 بەرمیل بە پاڵاوگەکان فرۆشراوە.
- 124 هەزار و 436 بەرمیل لە نێوخۆدا فرۆشراوە.
راپۆرتەکەی کۆمپانیای دیلۆیت ئاماژە بەوەش دەکات، کۆی بەهای نەوتی هەناردەکراوی هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە سێ ملیار و 28 ملیۆن و 903 هەزار و 497 دۆلار. تێكڕای نرخی هەر بەرمیلێکیش لەو سێ مانگەدا 86 دۆلار و 730 سەنت بووە.
لەبارەی شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکانەوە دیلۆیت دەڵێت، لە کۆی داهاتی نەوتی فرۆشراو، بڕی ملیارێک و 22 ملیۆن و 935 هەزار و 75 دۆلار دراوەتە کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنەری نەوت لە هەرێمی کوردستان؛ هاوکات بڕی 122 ملیۆن و 165 هەزار و 292 دۆلاریش دراوەتە کۆمپانیای بۆریی نەوتی کوردستان بەگوێرەی رێككەوتنی ئیمتیازی هێڵی بۆرییەكان.
بەپێی راپۆرتەکەی دیلۆیت، دوای خەرجییەکان، لە فرۆشتنی نەوتی ئەو سێ مانگەدا، ملیارێک و 343 ملیۆن و 841 هەزار و 232 دۆلار بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان ماوەتەوە.
بڕی هەناردە و تێکڕای نرخی نەوتی هەناردەکراوی هەرێمی کوردستان لە سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، بەپێی راپۆرتەکە، بەم شێوەیە بووە:
- لە مانگی کانوونی دووەمدا، 12 ملیۆن و 431 هەزار و 994 بەرمیل نەوت بە تێكڕای نرخی 73 دۆلار و 89 سەنت فرۆشراوە. رۆژانە بە تێكڕا 401 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە کراوە.
- لە مانگی شوباتدا، 11 ملیۆن و 302 هەزار و 306 بەرمیل نەوت بە تێكڕای نرخی 88 دۆلار و 28 سەنت فرۆشراوە. رۆژانە 403 هەزار و 653 بەرمیل نەوت هەناردە کراوە.
- لە مانگی ئاداریشدا، 11 ملیۆن و 188 هەزار و 868 بەرمیل نەوت بە تێكڕای نرخی 99 دۆلار و 42 سەنت فرۆشراوە. رۆژانە 360 هەزار و 931 بەرمیل نەوت هەناردە کراوە.
لە ساڵی 2021ـدا هەرێمی کوردستان زیاتر لە 152 ملیۆن بەرمیل نەوتی لەڕێگەی بەندەری جەیهانەوە هەناردە کردووە و بەرمیلێک نەوت بە تێکڕا لە ساڵی رابردوودا بە 59.4 دۆلار فرۆشراوە.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق