فرەبازنەیی و یەکبازنەیی گرفتی بەردەم هەڵبژاردن

ليست هناك تعليقات


ناکۆکی نێوان لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بەردەوامە؛ میکانیزمی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان یەکێکە لە خاڵە سەرەکییەکانی ناکۆکییان. دوو هێزە سەرەکییەکی هەرێمی کوردستان بۆ رێککەوتن لەسەر ناکۆکییەکانیان دەڵێن، کۆدەبنەوە.

ئەحمەد کانی، بەرپرسی لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، "دوای جەژن پارتی و یەکێتی کۆدەبنەوە؛.. پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق، پێکهێنانی حکومەتی عێراق و سەبارەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بابەتە هەر لەپێشینەکانن بۆ ئەوەی قسەی لەسەر بکەین."

سەعدی پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان باسی لەوە کرد، "یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان لە حکومەتێکداین، لە هەرێمێکی یەکگرتوودا نە پارتی و نە یەکێتی بەتەنیا حکومڕانییان پێناکرێت، لە بابەتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا لە ئاستێکی پێشکەوتووداین و لەسەر زۆربەی شتەکان رێککەوتووین."

هۆکارێکی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان شێوازی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکەیە؛ پارتی دەیەوێت یەک بازنەیی بێت و بەشێکی زۆری لایەنەکانی دیکە فرەبازنەییان دەوێت.

سەلاحەددین بەهادین، ئەمینداری یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، "هەموو شتێک لەکاتی خۆیدا بێت دروستترە، بەڵام ئومێد وایە زۆر دوانەوکەوێت. بێگومان فرەبازنەیی باشترە."

کاردۆ محەممەد، رێکخەری ژووری پەرلەمانی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت، "لە عێراق بە فرەبازنەیی کراوە؛ پارتیش بەشداریی کردووە و تێیدا دەنگی هێناوە، واتا بیانووگرتن لەوەی کە من دەمەوێت ئەنجامەکە مسۆگەر بکەم یان نایەمە نێو هەڵبژاردن هەق نییە هیچ لایەنێک رازی ببن."

بڕیاربوو ئۆکتۆبەری ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت، بەڵام گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ناتوانن لە ئۆکتۆبەردا هەڵبژاردن بەڕێوەببەن و چاوەڕوانی مەرسوومێکی نوێی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکەن بۆ دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردن. 



ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif