موقتەدا بۆچی یاری بە شکاوەکان دەکات؟

ليست هناك تعليقات


 ئاسۆ عەبدوللەتیف

ڕێبەری ڕۆژهەڵاتیی، ڕێبەرێک نییە وەک دروستکەرو خوڵقێنەر، بەڵکو ڕێبەری شکاندن و تەفرەدانی کەسایەتیەکانە، وردو خاشیان دەکات و شتێکی لێ دروست دەکات لە بیرو زیهنیەتی خۆی وەک کۆیلەی سیاسی مۆدێرن.

کەسایەتیەکان دەبێت شکاوبن تاوەکو ئیمام خۆی دەربکەوێت، وەک براوەی جەنگ و گلادیاتۆرەکان، وەک سوارچاک و ئەسپسواری کۆنی دەشتەکی. یانی ئەگەر، ڕێبەر دروستکەر بێت بە کردار و بەبێ فێڵ، وەک ئوستادی داهێنەر دەبێت لەخۆی زاناترو ئوستادمەندتر، دروست بکات، پێغەمبەران ڕەزای خوایان لەسەر وایان کردو هاوەڵ و سەحابەو خەلیفەتوڵای جەربەزەو دادگەرو بەهەیبەتیان خوڵقاند، وەلێ دوای ئەوان تابیعین و شوێنکەوتوان، نەیانتوانی پیاوی بەجەرگ و بەهێزتر دروست بکەن و قەرنی تەفرەقەو فیتنەو بیدعەو خوێنڕێژیی و خیلافات دروست بوو کە تا ئێستاش بەردەوامە ، تابعین کێن، قال الحافظ ابن حجر، رحمه الله، التَّاَّبِعِيِّ : هُوَ مَنْ لَقِيَ الصَّحَابِيَّ، دوای ئەوان ئیتر کۆتایی بە ئیمام و ئەمیرو ڕابەری ڕاست هات. 

موقتەدا دەیەوێت هەمووی بشکێنێت و سەدەی موقتەدایی دروست بکات، لۆژیکی تێدا نییە پیاوێک نەبێت لە عێراق بگونجێت بۆ ڕابەرایەتی میللەتێکی هۆزنشین. سایکۆلۆژیای موقتەدایی، بەو جۆرەیە، وەنەبێ نوری مالیکی خراپترین پیاوی عێراق بێت و گەندەڵییەکانی کورت بێتەوە لە یەک دو نامەی دەنگییدا بۆیە موقتەدا تەزکیەی ناکات، هەزاران هەن لەو عێراقەو لەدەوری موقتەدا و تا دوائاست گەندەڵن، گرفتەکە ئەوەیە مالیکی هێشتا نەشکاوە بەدەستی موقتەدا، ڕازیش نییە بشکێ و بەرەکەی بەهێزەو ئەوەتا چوارچێوەکەی کاندیدی ڕاگەیاند بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران، محمد شیاع، موقتەدا دەیویست مالیکی بشکێت ئینجا سەرۆک وەزیران بێت، دوای مالیکیش سەرۆک وەزیرانێکی شکاوی دەوێت کە توانستی لێپێچینەوەی نەبێت و بڕیاردەر نەبێت، لەخواری خۆیەوە بێت، ملکەچ بێت بۆ عەباکەی و بۆ ویلایەتی فەقیە، ئەوە دۆخی سەرۆک وەزیرانی عێراق بێت ئەی بەحاڵی وەزیرەکان دەبێ چۆن بن؟ 

دەی ئەوە عێراق و سیستمی بیری مەزهەبگەراو هۆزەو وانەبێت ئیشی حەوزەو مەرجەعیەت دەوەستێت، بەکورتی موقتەدا پیاوی ساغ و خاوەن شکۆی ناوێت کە ئایندەکەی لێ تیک بدەن، دەیەوێت کەرامەتی هەموان شکاو بێت لەبەردەمیدا، هەموان بخاتە بەردەرگاکەی خۆی لەحەنانە، خۆی بتشکێن و دروستکەر بێت، خۆی سیناریست و پاڵەوان بێت، خۆی جەنگاوەرو هەر خۆشی ئاشتیخوازەکەبێت.

ئەمە میتۆدی ڕەهبەریزمی نوێیە یان ڕاستر بڵێین مۆدێلی رەهبەریزمی موقتەدایی، ململانێی توندیی مەزهەبیی لێرەوە یەکلایی دەبێتەوە، دەیەوێت ئەو میتۆدە بچەسپێنێت وەک رەهبەری دینیی و میللی ئیسڵاحتەڵەب، کۆپی ئێران و حیزبوڵای نەسڕوڵایی، یەک ئیمام و رابەر چارەسەرو خوڵقێنەر بێت، بەبێ ئەو هیچ نەکرێ و حوکمدارو موفتی و ئیمامی زەمان خۆی بێت، ئەوەش دیارە بەکاریزماو مێژووی خێزانیی و کاراکتەرەکەی خۆیەوە بەرەو ڕێگاخۆشکردن بۆ گرتنەدەستی تەواوەتی مەرجەعیەتی دوای سەیید سیستانی،

بۆیە سەرۆک وەزیرو گشت پۆستە سیادیەکان لە عێراق مافی بە ناواخنی پرۆسەی دەنگدان و ڕای خەڵکەوە نییەو لەکۆتاییدا تەزکیەی مەرجەعیەتی زاڵ دەیخوڵقێنێت و تەبەننی دەکات، هەموو ئەوانەش روپۆشە بۆ یاری گەورەتر.



ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif