پێگەی عیراق بۆچی لاوازە؟

ليست هناك تعليقات



بورهان شێخ رەئوف
-
لە دوای ساڵی 2003 ەوە عیراق چووەتە دەرەوەی كارلێكی هاوكێشەی ململانێ و هاوكارییە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەكان، چووەتە ناو گۆڕەپانی جوگرافیای ئیقلیمی و نێودەوڵەتی بەو پێیەی مەیدانی ململانێیە نەك لایەنێكی ململانێ‌،عیراق ئەو وڵاتەیە كە دەكەوێتە ناوەڕاستی شەش وڵاتی تری وەك (ئێران، توركیا، سوریا، ئوردن، سعودیە، كوەیت)، ئەمەش حاڵەتێكی كەم وێنەیە كە وڵاتێك لە نێوان شەش وڵاتی تردا بێت .

ئەگەر فاكتەری سەرەكی لاوازبوونی پێگەی عیراق سەرەڕای نووسینی دەستوور و سیستمی فیدراڵی، رێنەكەوتنی پێكهاتەكانی بێت لە سەر جێبەجێكردنی دەستوور و سەیركردنی بە بە شێوەی (ئینتیقائی)، واتە ئەوەی لە بەرژەوەندیتە جێبەجێی بكە و ئەوەی تری وەلا بنێ، واتە هۆكاری سەرەكی لاوازی و ناكاریگەری پێگەی دەوڵەتی عیراق لەسەر ئاستی جیهان و ئیقلیمی بەو هەموو سامانە سروشتی و توانا مرۆیی و قوڵاییە مێژووییەوە فاكتەری ناوخۆییە نەك دەرەكی، ئێمەین عیراقییەكان بە هەموو پێكهاتەكانەوە، نەك فاكتەری دەرەكی ئیقلیمی و جیهانیی .

جێگەی داخە لایەنە سیاسییە عیراقییەكان بە هەموو پێكهاتەكان و دامەزراوەكانەوە، پەنا بۆ یەكتری نابەن لە كاتی پێویستدا بۆ چارەسەركردنی كێشەو قەیران و ململانێكانیان، بەڵكو پەنا بۆ لایەنی دەرەكی چ هەرێمی یان نێودەوڵەتی دەبەن فریایان كەون و كێشەكانیان بۆ یەكلایی بكەنەوە، ئەوەش دەردێكی گرانە عیراقییەكان خۆیان درز و بۆشایی كەلێنیان خستۆتە ناوماڵی خۆیان و دەرگا و پەنجەرەیان كردۆتەوە بۆ دەستوەردان لە كاروباری وڵاتەكەیان، بێگانەش ئامادەیە ئەو بۆشایی و درزانە پڕ بكاتەوە بۆ بەرژەوەندی خۆی نەك عیراق و عیراقییەكان .

هەرچەندە وەزارەتی دەرەوەی عیراق هەوڵی یەكخستنی وتاری سیاسی دەرەوە بدات و دایبڕێژێت و و جێبەجێی بكات، وەكو وتارێكی نیشتمانی عیراقی یەكگرتوو بۆی ناكرێت و زۆر قورس و ئەستەمە، چونكە زۆر ناوەندی بڕیار و هێز لە دەرەوەی حكومەت هەن كە خاوەنی پەیوەندی راستەوخۆی خۆیانن بەدەر لە دەامودەزگاكانی دەوڵەت .

ئەگەر پەیوەندییەكانی توركیا و عیراق بە نموونە بهێنینەوە، چۆن بتوانین عیراق لە وڵاتێكەوە كە كارێگەری نەبێت لە گۆڕەپانی ململانێكاندا بگۆڕین بۆ وڵاتێكی كاریگەر و لایەنێك لە ململانێ نێودەوڵەتی و ئیقلیمییەكاندا، سەرەتا دەبێت بپرسین ئایا عیراق خۆی خواست و توانا و ئارەزووی هەیە بۆ ئەوەی ئەو رۆڵە پۆزەتیفە بگێڕێت ؟

ئەوەندەی پەیوەندی بە عیراق و توركیاوە هەیە دەبێت بزانین عیراق كارتی زۆری بە دەستەوەیە بۆ یاری كردن لەگەڵ توركیادا ئەگەر توركیا تەنها كارتی ئاوی بە دەستەوە بێت، بۆ فشار، ئەوا عیراق شەش كارتی بەهێزی هەیە دژ بە توركیا ئەگەر بەباشی بەكاری بهێنێت، كە ئەوانیش (نەوت ، ئاڵوگۆڕی بازرگانی، وەبەرهێنان، بنیانتان، كورد و توركمان)نن، كە حكومەتی عیراق ئەم كارتانەی باش بەكارنەهێناوە بۆ بەرژەوەندی خۆی و بگرە هەندێك جار بە پێچەوانەشەوە بوونە بۆ هەڕەشە بۆ عیراق .




ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif