موقتەدا سەدر رایدەگەیێنێت، عێراق قوربانی دیلی گەندەڵی و شوێنکەوتەیی و دەستوەردانی دەرەکییە.
موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر لە تویتێکدا لە ئەژمارەی تویتەری خۆیدا نووسیویەتی، "لە جەژنی قورباندا، عێراق قوربانی و دیلی گەندەڵی و شوێنکەوتەیی و دەستوەردانی دەرەکییە".
رێبەری رەوتی سەدر داوا لە خودا دەکات، چاکسازیی بۆ عێراق و عێراقییەکان و هێزی دەوڵەت بەرقەرار بکات و لەسەر حەق خۆڕاگرییان بکات. هەروەها عێراق و گەلەکەی لەژێر ئاڵای ئایین و بیروباوەڕ و نیشتمان دڵخۆشبن و یەکگرتوو و ئازاد و سەربەخۆ و لەنێو گەلانیش باڵای بکات.
بڕیارە 15ـی تەممووزى 2022، لایەنگرانى موقتەدا سەدر لە بەغداى پایتەخت لەسەر داوای رێبەرەکەیان نوێژی بە کۆمەڵ بکەن، وەک زیندووکردنەوەى سرووتێکى باوکى کە لەلایەن رژێمى پێشووى حیزبى بەعسەوە کوژرا.
وادەى ئەو نوێژە، هاوکاتە لەگەڵ وادەیەک کە بەرپرسانى چوارچێوەى هاوئاهەنگى ئاماژەیان پێداوە بۆ راگەیاندنى پێکهێنانى حکومەتێکى نوێ بەبێ رەوتى سەدر. پێشبینییەکان بۆ ئەوەن سەدر لە رۆژى هەینی داهاتوودا شەقام بجوڵێنێت، بەڵام ئەندامانى رەوتەکەى دەڵێن، چاوەڕێ دەکەن بزانن چى دەگوزەرێت.
حەیدەر عامرى، ئەندامى دەستلەکارکێشاوەى پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنى سەدر بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت، "لەبارەى ئەوەى لە 15ـی تەممووز روودەدات بۆ ئەو کاتەى بەجێدەهێڵین، ئەو رۆژە هەموو شتەکان روون دەبنەوە."
عامرى ئاماژەى بەوەدا هەر هەنگاوێک بنێن وەک رەوتى سەدر، زیانى نابێت بۆ عێراق و گەلەکەى، "گرنگترین پرس بەلامانەوە پاراستنى عێراقە،" گوتیشى، "ئێمە پێشتر لەگەڵ شەقام بووین، بەجێمان نەهێشتووە تاوەکو بۆى بگەڕێنەوە لەنێو پەرلەمان بین یان لە دەرەوە."
دۆخى ئەمجارەى ئامادەکارییەکان بۆ نوێژى هەینى 15ـی تەممووز نزیکە لەوەى لە ساڵى 2016 روویدا، کاتێک لە 30ـی نیسانى ئەوساڵەدا لایەنگرانى سەدر هەڵیانکوتایە سەر باڵەخانەى پەرلەمانى عێراق لە ناوچەى سەوز کە پارێزراوترین پێگەى بەغداى پایتەختە و چوونە نێو هۆڵەکەی.
ئەو هەنگاوە لە دواى ئەوە بوو کە هەمان رۆژ موقتەدا سەدر لە نەجەف گوتارێکی پێشکێشکرد و تێیدا هێرشی کردە سەر ئەوانەى بە "پاڵپشتیکارى پشکپکشێنە" ناوى بردن و گوتی: "ئەگەر بەرپرسانى گەندەڵکار و سیستمى پشکپشکێنە بەردەوام بێت، حکومەت بەتێکڕا دەڕوخێت."
چوارچێوەى هاوئاهەنگى کە لە زۆرینەى لایەنە شیعەکان پێکدێت، رکابەرى ژمارە یەکى سەدرە، کە بەهۆى ململانێیانەوە ئەو رەوتە نەیتوانى حکومەت پێکبهێنێت، هەرچەندە بە 73 کورسییەوە گەورەترین فراکسیۆن بوو، بەر لەوەى لە 12ـی حوزەیران لە پەرلەمان بکشێتەوە.
ترسى ئەو هاوپەیمانێتییە لەوەدایە، کە لە سەرووبەندى هەنگاوەکانى بۆ پێکهێنانى حکومەت، سەدر دژە هێرشێک لە شەقامەوە بکات و ریسەکەیان لێ بکاتەوە بە خورى بۆ پێکهێنانى حکومەت.
ئینتیسار جەزائیرى، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنى فەتح بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، قۆناخەکە هەستیارە، بەتایبەت لە پاش کشانەوەى 73 پەرلەمانتارەکەى رەوتى سەدر کە درزێکى گەورەى خستە نێو پەرلەمان و ئەوە ئاڵنگارییە بۆ شەقام، بۆیە دەبێت کەسێتیی سەرۆکوەزیرانى داهاتوو بەهێزبێت و بەرپرسیارێتییەکى گەورە هەڵبگرێت بۆ سەلماندنى خۆى، دەبێت هەموو لایەک بەشداربن و رۆڵیان هەبێت لە پێکهێنانى حکومەت، بەوانەشەوە کە کشاونەتەوە."
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق