فارس نەورۆڵی
-
نەتەوەکان خاوەنی بۆنە و جەژنی جیاجیایان، هەر بۆنەو جەژنێکیش چیرۆک و مانای تایبەت بە خۆی هەیە، کوردستان وەک هەر نەتەوەیەکی خاوەن مێژووی دیکە جەژن و بۆنەی خۆی هەیە.
چوار بۆنە یان جەژن لە کوردستان لەسەر ئاستی گشتی گرنگی پێ دەدرێت، ئەگەر چی لە ڕووی داراییەوە فشارە بۆ خەڵک بە تایبەتی هەژاران، بەڵام هێزێکی ڕوحی وای تێدایە شادی دەبەخشێ بە مرۆڤەکان، ئەوانیش جەژنەکانی (ڕەمەزان، قوربان، نەورۆز و جەژنی سەری ساڵ) کە پێکهاتە و جەژنی نەتەوەیی و ئاینین.
جەژن دەرفەتە بۆ ئەوەی ئەگەر ئێمە لە دۆخی شەڕەنگێزیداین ئەوا بەخۆماندا بچینەوە و داوای گەردەن ئازادی بکەین.
ئێمە ئێستا لە جەژنی قوربانداین، خەڵکی بۆ چاکەکردن قوربانی دەکەن.،لەپاڵ ئەم قوربانیەشدا ئەگەر هەڵەیەك یان تاوانێکیان بەرامبەر کەسانی دیکە کردبێت، داوای گەردن ئازادی لێدەکەن.
لەڕاستیدا ئێمە ئێستا لە دۆخێکی شەڕەنگێزیداین بەرامبەر یەکتر، ئەوەندەی لە بۆسەداین بۆ یەکتر نیو هێندە لە خەمی چاکەی گشتی و چاکەی هاوڕێ و هاوکارەکانماندا نین تا ئەو ڕادەیەی هەندێ کەس هەست دەکەن بەهرەکانی ئەوانی دیکە یا هاوڕێکانیان هەڕەشەن بۆ سەر ئەو!
بۆیە لەبری ئەوەی پێزانینی هەبێ یاخود یارمەتیدەر بێت بۆ پێشکەوتنی زیاتری هاوڕێکەی، ڕقیان لێی دەبێتەوە! هەمیشە لە بیری ئەوەدان چۆن گرفتی بۆ دروست بکەن. ئیتر لێرەوە دوو ڕویی و هونەری ساختەچییەتی دەبێتە کاری ڕۆژانە.
بۆیە جەژن و بۆنە ئاینی و نیشتیمانییەکان دەرفەتن بۆ ئەوەی ئەگەر ئێمە لەو دۆخی شەڕەنگێزی و ساختەچێتیەداین داوای لێبوردن بکەین و بەخۆماندا بچینەوە، ئەمە قوربانیدانی گەورەیە. بەمەرجێ کە جەژن یان بۆنەکان تەواو بون دوبارە نەگەڕێینەوە سەر ئەو ڕێگا هەڵەیە.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق