بورهان شێخ رەئوف
مەولود چاویش ئۆغلو وەزیری دەرەوەی توركیا 11/ئاب 2022 لە كۆنگرەی (13) باڵوێزەكانی وڵاتەكەی لە ئەنقەرە ئاشكرای كرد، كە گفتوگۆیەكی كورتی لەگەڵ فەیسەڵ میقدادی وەزیری دەرەوەی سوریا كردووە، لە پەراوێزی كۆبوونەوەی بزوتنەوەی وڵاتانی بێلایەن لە بەلگرادی پایتەختی سربیا .
ئۆغلو پێداگیری لە سەر ئەوە كردبوو لە كۆبوونەوەكەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سوریا، كە زۆر گرنگ و پێویستە ئاشتەوایی و رێكەوتن بێتە ئاراوە لە نێوان حكومەتی سوریا و لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا، كە مەبەستی زساتر ئەو لایەنانەیە كە لە ئەنقەرەوە نزیكن، ئەوەشی راگەیاندبوو بەبێ هەنگاوی ئاوا، زۆر قورس و زەحمەتە ئاشتی تەواو لە سوریادا بێتە كایەوە، پێداگیری لەسەر ئەوەش كردبوو كە خواستێكی چەسپاو هەیە بۆ بەرگرتن لە دابەشبوونی سوریا و یەكخستنەوەی هەموو خاكەكەی .
داخوازییەكەی توركیا بەجێیە، بەڵام بە مەرجێك هەموو پێكهاتە و لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكانی تری سوریاش بگرێتەوە بە كوردەوە، نەك هاوپەیمانەكانی ئەنقەرە بەتەنها .
سوریا هەرچەندە لە ساڵی 2011 لە كۆمكاری وڵاتانی عەرەبی دەركرا، بە هۆی رووداوەكانی بەهاری عەرەبی، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا هەندێك لە وڵاتانی عەرەبی وەكو ئیمارات و بەحرێن پەیوەندییەكانیان ئاسایی كردەوە لە گەڵ شام.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكاش لە زاری وتەبێژەكەیەوە، هۆشداری دا لە ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان لەگەڵ حكومەتی بەشار ئەسەد، بەتوندیش رەخنەی لە كۆبوونەوەی وەزیری دەرەوەی ئیمارات لە گەڵ سەرۆكی سوریا گرت و رووداوە خوێناوییەكانی سوریای چەند ساڵی رابردووی بیری وڵاتانی ناوچەكەی هێنایەوە . بەڵام وڵاتانی ناوچەكە زۆر گوێیان بە ئامۆژگاری و هۆشدارییەكانی ئەمریكا نەداوەو شا عەبدوڵای ئوردنیش پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ بەشار ئەسەد ئەنجامدا لە تشرینی یەكەمی 2021، هەروەها فشاریشی لە ئەمریكا كرد تاوەكو سزاو ئابڵووقەكانی سەر سوریا سووك بكات، تاوەكو بەرژەوەندی و ئابووری فشۆڵی وڵاتەكەی و بازرگانی لەگەڵ شامدا دەست پێ بكەنەوە، ئیماراتیش هەر لەم هاوینەدا گەشتە ئاسمانیەكانی لەگەڵ شامدا دەست پێ كردۆتەوە، هەروەها سوریا لە پێشانگای (دوبەی ئیكسبو 2020) پێگەیەكی دیاری بۆ تەرخان كرابوو، لە بەرامبەریشدا بازرگان و بزنسمانەكانی ئیمارات سەردانی شامیان كرد بۆ ئامادەبوون لە پێشانگا بازرگانییەكاندا .
ئەم لێدوانانەی چاویش ئۆغلو سەبارەت بە كۆمەك كردنی حكومەتی سوریا دژ بە ( هەسەدە) بێزاری و نیگەرانی زۆری ئۆپۆزسیۆنی سوریای سەر بە ئەنقەرەی لێكەوتەوە، چونكە ئەوان لایان وایە رژێمی ئەسەد و هەسەدەش هەردووكیان زیانیان بە توركیا و سوریا گەیاندووە .
لە كۆتاییدا دەبێت ئۆپۆزسیۆنی سوریا بەوانەی سەر بە توركیان و ئەوانەی لە ئەمریكاشەوە نزیكن، وەكو هەسەدە، باش بزانن لە پەیوەندی نێودەوڵەتی و سیاسەتدا، هیچ شتێكی جێگیر نییە و ئەوە گۆڕانكارییەكانی سەر زەوی و بەرژەوەندییەكانی وڵاتانی پەیوەندیدارن بە كێشەو قەیرانی سوریاوە ئایندە و دوارۆژی ئەوان یەكلایی دەكەنەوە .
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق