وێرانكردنی‌ په‌روه‌رده‌

ليست هناك تعليقات



ڕه‌ووف محه‌مه‌د ئالانی‌
-
هه‌موومان ئه‌و ڕاستیه‌ ده‌زانین، كه‌ سێكته‌ری‌ په‌روه‌رده‌، وه‌ك تۆڕێكی‌ فراوانی‌ كۆمه‌لاَیه‌تی‌ گه‌وره‌، هه‌موو كۆمه‌ڵگه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌، مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌م تۆڕه‌، پێویستی‌ به‌ پلانی‌ هه‌مه‌ جۆری‌ زانستی‌ و هونه‌ری‌ هه‌یه‌، هه‌ر كات به‌باشی‌ و دڵسۆزی‌ بیر له‌م سێكته‌ره‌ كرایه‌وه‌، ئه‌وه‌ نیشانه‌ی‌ خواستی‌ گه‌شه‌كردنی‌ هۆشیاری‌ و زانستی‌ ئه‌سه‌لمێنێ‌، به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌، پشتگوێخستن و ئاوڕنه‌دانه‌وه‌ لێی‌، هه‌نگاوه‌ بۆ دواخستن و پاشكه‌وتویی وهێشتنه‌وه‌ی‌ كۆمه‌ڵگه‌، له‌و ئاسته‌ خراپه‌ جێگیره‌ دواكه‌وتووه‌یدا.

زۆرنمونه‌ی‌ گه‌ش و زیندوو، له‌مێژووی‌ هاوچه‌رخدا به‌رچاوون، ده‌رخه‌ری‌ ئه‌و ڕاستیه‌ن، كه‌ په‌روه‌رده‌ كۆڵه‌كه‌ و به‌ردی‌ بناغه‌ی‌ ئاینده‌یه‌كی‌ گه‌ش و ڕوونی‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌، له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، ئه‌م سێكته‌ر و كایه‌ گرنگه‌ی‌ ژیان، نه‌ك به‌هه‌ند وه‌رنه‌گیراوه‌، بگره‌ كراوه‌ته‌ تاقیگه‌یه‌ك بۆ به‌ئایدۆلۆژی‌ و له‌قاڵبدانی‌ تاكه‌كان، ئه‌ویش به‌هۆی‌ بێ پلانی‌ و كاركردنی‌ خراپ به‌ئاراسته‌ی‌ وێرانكردن .

هه‌ژموونی‌ هه‌ردوو ئایدۆلۆژی‌ ئیسلامی‌ سیاسی‌ و حیزبه‌ ده‌سه‌لاَتداره‌كانی‌ كوردستان، له‌ماوه‌ی‌ سێ ده‌یه‌ی‌ ڕابردوودا، به‌رچاوه‌، له‌م ململانێ‌ و كێبەر‌كێی‌ سه‌پاندنی‌ ئایدۆلۆژیا له‌ناو په‌روه‌رده‌دا، زه‌ره‌رمه‌ندی‌ یه‌كه‌م ، كۆمه‌ڵگه‌ی‌ كوردی‌ بووه‌، له‌بوونی‌ وه‌زاره‌تی‌ په‌روه‌رده‌ و هه‌موو به‌ش و یه‌كه‌كانیدا، جێی‌ داخو هه‌ڵكێشانی‌ هه‌ناسه‌ی‌ ساردی‌ بێ‌ ئومێدییه‌، به‌سه‌ر ئه‌م هه‌موو كه‌سه‌ شاره‌زاو نوسه‌رو توێژه‌رو لێكۆڵه‌ره‌ی‌ وه‌زاره‌تدا، بیرۆكه‌و پلان و ئامانجه‌ بالاَكانی‌ په‌روه‌رده‌، بخرێنه‌ لاوه‌و كاریان پێنه‌كرێت، له‌جێی‌ ئه‌مانه‌، حیزبه‌كان به‌ناوی‌ بۆردو ڕێكخراوو كۆمیته‌و ناوچه‌و هه‌موو ئۆرگانه‌كانی‌ تری‌ حیزبه‌كان به‌گشتی‌، ڕۆڵبگێڕن و چۆنیان بوێ‌ وابكه‌ن، ئه‌مه‌ وێرانكردن نه‌بێ چییه‌؟

حیزب هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ هه‌ڵمه‌تێكی‌ ڕاگه‌یاندن بكات، به‌ناوی‌ به‌رگریكردن له‌وانه‌یه‌ك، چه‌ند مانگێك به‌ هه‌موو كادرو به‌شه‌كان تا ده‌گاته‌ كه‌سی‌ یه‌كه‌می‌ حیزب، دێن ئه‌یانه‌وێ‌، ئه‌جێندای‌ ته‌سكی‌ خۆیان له‌ناو پرۆسه‌ی‌ په‌روه‌رده‌، جێگیربكه‌ن، كه‌ ئه‌مه‌ بۆ هه‌موو ئایدۆلۆژیه‌كان هه‌ڵه‌یه‌كی‌ گه‌وره‌و زه‌قه‌، چونكه‌ ناكرێ‌ منالاَن به‌ بابه‌تگه‌لێك سه‌رقاڵبكرێن، كه‌ له‌ڕووی‌ په‌روه‌رده‌ییه‌وه‌، نه‌شیاوو نه‌گونجاون، به‌پێی‌ ئه‌زموون له‌هه‌ردوو جۆری‌ بیری‌ ته‌سك و ده‌ستخستنه‌ ناو پرۆسه‌ی‌ په‌روه‌رده‌م بینیوه‌، هه‌م له‌لایه‌ن حیزبه‌ به‌ناو قه‌ومی‌ و عیلمانیه‌كان، كه‌ ده‌سلاَتدارن و زۆر كاری‌ خراپیان كردوه‌، هه‌م حیزبه‌ به‌ناو ئیسلامیه‌كان، به‌ئێستاشه‌وه‌ هه‌ردوولا له‌م كاره‌یاندا به‌رده‌وامن، من له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌م كۆمه‌ڵگه‌ی‌ كوردی‌ خاوه‌ن كه‌لتورو ڕۆشنبیری‌ ئایینی‌ و كۆمه‌لاَیه‌تی‌ خۆیه‌تی‌، پێویسته‌ به‌ شێوازێكی‌ زانستی‌ و په‌روه‌رده‌یی ئه‌م نه‌ریت و ڕۆشنبیریه‌ كۆمه‌لاَیه‌تیانه‌، ئاوێته‌ و ئاوێزان بن له‌گه‌ڵ پڕۆگرامه‌كانی‌ خوێندن و ڕه‌چاوی‌ ته‌مه‌ن و ئاستی‌ گه‌شه‌كردنی‌ هزرو توانای‌ وه‌رگرتنی‌ ئه‌و بابه‌تانه‌و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی‌ له‌سه‌ر ڕه‌وشت و كرداری‌ تاك، به‌لاَم ئه‌وه‌ی‌ بۆته‌ مایه‌ی‌ نیگه‌رانی‌ ئه‌م هه‌موو ئاڵو گۆڕو داهێنانه‌ گه‌ورانه‌ له‌جیهاندا به‌ هۆی‌ سۆشیالمیدیا و تۆڕه‌كانی‌ په‌یوه‌ندی‌ زوو به‌ ئێمه‌و جیهان ده‌گات، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هیچ كارمان لێناكات و ده‌رس و په‌ند وه‌رناگرین، وته‌یه‌ك هه‌بوو، ده‌یووت: (ئه‌گه‌ر حیزب له‌ده‌رگاوه‌ چووه‌ ژوور، زانست له‌ په‌نجه‌ره‌وه‌، ده‌ڕواته‌ده‌ر).

جاران مامۆستا و فێركاره‌كانی‌ كورد به‌گیانێكی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ و ئایینی‌ و خۆشه‌ویستییه‌وه‌، كاریان له‌سه‌ر په‌ره‌وه‌رده‌ ده‌كرد، چه‌ندین سرودی‌ جوانیان، ده‌خسته‌ ناو هزرو بیری‌ منالاَنی‌ كورده‌وه‌، كێ‌ ده‌توانێ‌ له‌ یاده‌وه‌ری‌ خۆیدا، ئه‌و سرودانه‌ بسڕێته‌وه‌؟

خوایه‌ وه‌ته‌ن ئاواكه‌ی‌ ، چه‌ند دڵگیروشیرینه‌

ئاوی‌ كه‌وسه‌ره‌، خاكی‌ گه‌وهه‌ره‌، پڕ له‌ گوڵ و نه‌سرینه‌.

ئه‌گه‌ر به‌ووردی‌ له‌م سروده‌ جوانه‌ وورد بینه‌وه‌، كه‌ (فایه‌ق بێكه‌س) نوسیوێتی‌، زۆربه‌ی‌ ئه‌وانه‌ی‌ له‌ڕابردوو قوتابی بوون، ئه‌م سروده‌یان ئه‌زبه‌ره‌، ئه‌م سرووده‌، له‌پڕۆگرامی‌ وانه‌كانی‌ خوێندنیشدا نه‌بووه‌، ته‌نها مامۆستاكان به‌هه‌وڵ و دڵسۆزی‌ خۆیان كاریان بۆكردوه‌، له‌م نمونه‌یه‌وه‌ ڕۆڵی‌ پرۆسه‌ی‌ په‌روه‌رده‌ ده‌كرێ‌، باشتر ببینرێت، مامۆستایانی‌ ئه‌وكاته‌، چونكه‌ له‌قاڵب نه‌درابوون به‌ ئایدۆلۆژیای‌ ته‌سك، كاریان له‌سه‌ر په‌روه‌رده‌و فیًركردن ده‌كرد، ئێستا حیزبه‌كان به‌مه‌رام و نیازی‌ خراپیان، په‌روه‌رده‌یان به‌رو ئاقاری‌ كێوی‌ هه‌زار به‌هه‌زار، به‌ره‌و لێواری‌، خستنه‌چاڵی‌ نه‌مان بردووه‌، كێڵگه‌ی‌ پرۆسه‌ی‌ په‌روه‌رده‌یان، وێرانكردوه‌ .



ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif